غیرەتتان بێت ئاڵای عیراق داگرن

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

ئەگەر خۆتان، وەك پەرلەمان و حكومەت و حزبە سیاسییەكان ، ئاڵای كوردستان-تان لا پیرۆزە ، بە ئاڵای خوێنی شەهیدان و بەری ڕەنجی خەبات و تێكۆشانی دەیان ساڵی كوردی ئەزانن ، ئەگەر ڕاست ئەكەن و كەوتنە ژێر پێی ئاڵاكەمان بە تاوان ئەزانن، فەرموون ئاڵای عیراق داگرن لەسەرتاسەری هەرێمدا .. ومەرجی هەڵكردنەوەی ئەو ئاڵایە بە مەرجی هەڵكردنەوەی ئاڵاكەمان بە دەستی خۆیان ، گرێبدەنەوە.

 

ئەگەر ناشتوانن ئەو كارە بكەن ، فەرموون ئاڵای كوردستان لەسەر دام و دەزگاكانی هەرێم داگرن با بە تەنها  ئاڵای سامناكی عیراق شەكاوەی سەر دام دەزگاكانتان بێت.

 

ئاڵای كوردستان، هێمای مێژووی مییلەتێك ، لە ژێر پێ‌ ئەنرێت بەبەرچاوی هەموانەوە، بە بەرچاوی سەرۆك كۆمار و وەزیر وپەرلەمانتارە كوردەكانی بەغدا ، بە بەرچاوی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكی حزبەكانەوە.

 

شەرم نییە تەنها بە لێدوانی كورت و كوردی .. تەرجومەنەكراو بۆ عەرەبی ، ئەستۆی خۆتان ئازاد ئەكەن ؟!

 

ئەمڕۆ و ئێستا، لەهەر كوردێكی ناوچە كوردستانییەكان و دانیشتوانی بەغدا بپرسن ، هەست بە چی ئەكەن؟  (ناكوردەكان) بە چ چاوێك سەیرتان ئەكەن ؟ ئەوكات ئەزانن شكست هێنانی حوكمڕانیتان لە ناوخۆی هەرێم ، پەلی كێشا بۆ نەهێشتنی شكۆی كەسایەتی هەر كوردێكی دەرەوەی هەرێم.

 

داگرتنی ئاڵای عیراق پێویستی بە بودجە نییە ، پێویستی بە غیرەتە ، بە تۆزێك ڕێزلەخۆگرتنە، بە تۆزێك هەستكردن بە كوردبوونە، ئەگەر ناتوانن ، وەك هەمیشە ، لەسەر یەك هەڵوێست ڕێكبكەون ، ئاڵای كوردستان لە هەرێمدا داگرن ، لەبەر ئەوەی چیتر بە بەڕێزتان ناپارێزرێت. 


17/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر