لەبارەی ڕووداوەكەی قەزای سۆران

هیوا عومەر
یەك، ئەم ڕووداوانە ڕووداوی سروشتی نین، ئەوەی روويداوە دروستكراوە، قەیران و ئیشكاڵیەتی عقڵیەتی بەرێوەبردنی حكومەت و بوونی قەیرانی گشتگیر پیشان دەدات، بەبەستنەوەی بە قەیران و ڕووداوە رۆژانییەكانی تر . 

دوو، تشریعكردن و تێپەڕاندنی یاسای وەبەرهێنان لە ساڵی 2007 ەوە،لە بری گشەپێدانی راستەقینە بڵقی گشەپێدانی دروستكرد، وەك پشتێنەیەكی یاسایی بۆ هەڵمژینی هەرچی خێرو بێری ئەم وڵاتە بەكارهێنرا، سەرەنجام كەمێنەیەكی دەوڵەمەندو زۆرینەیەكی هەژار لە چوارچێوەی سیاسیەتی حوكمرانی . 
 
سێ‌، كاتێك ڕووداوێكی وەك ئەوەی ئیدارەی سۆران  دێتە پێشەوە دەڵێن: ئەوە پەیوەندی بە كەرتی تایبەتەوە هەیە. لە ناوەرۆكدا ئێمە شتێكمان نییە بە ناوی كەرتی تایبەت، ئەوەی هەمانە زۆرینەی كەرتی كەسی و سەر بە حزبەكانە  یان نزیك لە حزبە دەسەڵاتدارەكانن، بۆیە هیچ سنورێك و یاسایەك ناتوانێت ببێتە رێگر بۆ كۆنەكردنەوەی زۆرترین سامان لەسەر حیسابی سەڵامەتی  و سامانی گشتی .

چوار، ئێمە نەك تەنها قەیرانمان لە سەلامەتی لە یەكەی نیشتەجێبووندا هەیە، ئەی ئامارەكانی سەڵامەتی شوێنی كاری كرێكاران چیمان پێ‌ دەڵێن؟ ساڵانە زیاتر لە سەد كرێكار بەهۆی نەبوونی مەرجەكانی سەڵامەتی لە شوێنی كاردا زمداریان گیان لەدەستدەدەن،ئەی سەلامەتی بەكارهێنانی غاز ڕووداوەكانی تری ئاگركەوتنەوە شاری دهۆك وئەوەی  لە هوتێل سۆمای سلێمانی ڕوویدا كە دەیان كەس گیانیان لە دەستدا.  

پێنج، بۆچی سەرۆكی حكومەت لێژنە پێك دەهێنێت؟ لەكاتێكا خودی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەر پرسە لەم ڕووداوانە، دەكرێت هەرخۆیان حاكم و مەحكوم بن، ئەی ئەركی دەسەڵاتی قەزایی و داواكاری گشتی چییە،یان لە بری خستنە ژێر پرسیاری ناوەندی دەسەڵات ئەوان دەیانەوێت وەك فیگەری رزگاركەر لەم ڕووداوانە پیشان بدرێن، پرسیارێكی تر هەر لێرە دروست دەبێت بۆچی داواكاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری بەم دۆخەی ئێستا گەینراوە؟ 

شەش،  ئەمرۆ ئەوەی دەكرێتە بەر پرس لەسەر بنەمای ئەوەیە تاچەند دەتوانێت موومارەسەی دەسەڵاتەكانی بكات لە خزمەتی بەرژەوەندی گشیدا یان تاچەند ئامادەی سازشە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حزبە حكومرانەكان و كوتلەكانی ناوندی دەسەڵات. 

ئەم ڕووداوانە لە بری بە كەسایەتیكردن و بچوككردنەوەی  لەچەند كەسێك دەبێت رامانبكێشێت بۆ بیركردنەوە لە وێنە گەورەكە، ئەویش سیستەمی سیاسی و ئابورییە، كە بەداخەوە میدیای ئەمرۆ ناتوانێت ئەوە بكات .

09/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر