لە پێناو بنیاتنانی ژیانێکی تر..

هیوا عومەر

پرۆژەیەک بۆ (بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان و هێزە چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازان)

شوناسی دەسەڵات و قەیرانی ئەمڕۆ
#هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی زۆر خراپ گوزەر دەکات، دۆخەکە لە قەیران زیاتر و واوەتر رۆیشتووە. ئەم بارودۆخە جیاناکرێتەوە لەو قەیرانانەی کە سیستەمی سەرمایەداری بە شێوازە تازەکەی - نیولیبرالیزم لەسەر ئاستی جیهان دروستیکردووە، هاوکات دابڕاویش نییە لە ئیشکالیەتی سیستەم و تایبەتمەندی قەیرانەکانی خۆرهەڵات و وڵاتانی دەوروبەر و جیهانی سێیەم .                                                 
تایبەتمەندی و سروشتی ئابووری بەرخۆری و چالاکی ئابووری و کەڵەکەکردنی سامان و چڕبوونەوەی لە دەستی کەمینەیەک، بنەمای #قەیرانی سیستەمی سەرمایەداری هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە شێوەی دەسەڵاتێکی سەرمایەداری ئۆلیگاریشی تاڵانکەر و بەرهەمهێنانی کۆمەڵگایەکی بەرخۆری و بێکاریگەر لە بەشداری سیاسی و بەڕێوەبردن، لە غیابی ڕۆڵی هێزی کار و کرێکاران لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ژیانی ئابووریدا، بەهۆی پشتبەستن بە ئابووری بەرخۆری نەوت و غیابی ڕۆڵی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و هتد. 

ماڵ بۆ خۆی نەبوو کەچی میوانیش رووی تێکرد 

 لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و تەشەنەکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و قوڵ بوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، پڕووشکی قەیرانی سیستەمەکە راستەوخۆ بەر# بودجەی گشتی کەوت، هەردوو حکوومەت رووبەڕووی قەیرانی کورتهێنان بوونەوە، ئەمڕۆ کورتهێنانی بودجەی گشتی بۆتە دیاردەیەکی جیهانی سەرمایەداری لەدوای قەیرانی داڕوخانی دامەزراوە بانکییەکان.
کرێکارانی کەرتی گشتی (فەرمانبەران) لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و سێ سەد هەزار کەس پێک دەهێنێت، سەدان هەزار لە کرێکارانی کەرتی تایبەت لەگەڵ گەنجانی بێکار و هەزاران دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان و جووتیاران بوونەتە سوتەمەنی یەکەمی لێکەوتەکانی قەیرانی سیستەمی ئابووری و سیاسی. ئەوەش بوارێکی باشی رەخساند بۆ هەڵکشانی #بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لە ئاستی چەندایەتی، ئەم بزاڤ و  بزووتنەوەیە جگە لە چین و توێژە جۆراوجۆرەکان تەنانەت ئەندامانی ناو هێزە دەسەڵاتدارەکانیشی تێدایە، بەهۆی نەمانی بەرژەوەندییان لەگەڵ دەسەڵات و نەپاراستنی شکۆی مرۆییان .  
 خۆپیشاندان و نارەزایەتی جۆراوجۆر، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شوێنی کار و ژیان، میکانزمەکانی دەربڕین و خۆمانیفێستکردنی ئەم بزووتنەوەیە پێکدەهێنێت دژ بە سیستەمەکە. 
لە کاتێکدا رۆژ لە دوای رۆژ #سەرمایەداران هێز و دەسەڵات و سەرمایەی زیاتر لە چنگیان کۆدەکەنەوە لە رێگای کۆنترۆڵکردنی زۆربەی کایەکانی حکومرانی و ئابوورییەوە و وەرگەڕانی رۆڵی حکوومەت وەک کۆمپانیایەکی تایبەتی چەند بنەماڵەیەک، #بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان لە دۆخی (خۆرسکی و هەڕەمەکی، نەبوونی هەماهەنگی، موسومی، رەتکردنەوی هەموو شتێک بەبێ خستنەرووی بەدیل، ئیستغلالکردنیان لەلایەن هێزەکانی ئیسلامی و لیبرال و پۆپۆلیستەکان)دان،  دەتوانین ئەمانە وەک بەربەست و تەحەدی و خاڵی لاوازی ئەم بزووتنەوەیە دیاری بکەین. بێگومان ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە. 
"غیابی روئیایەکی جیاوازی سیاسی ئابووری و فەرهەنگی کە خۆی وەک #بەدیل پێشکەش بکات هۆکارێکی سەرەکییە بۆ خۆبەرهەمهێنانەوەی سیاسی و ئابووری کەلتووری" و دروستبوونی نائومێدی لە ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و جۆرێک لە چەقبەستن. ئەوەی لە کوردستان روودەدات لە قەیران تێپەڕیوە، "ناکرێت هەر خەریکی دەسەڵات بین و داوای چاکسازی لێ بکەین" لە کاتێکدا دەسەڵات ئەمرۆ لە ئەنجامی بەردەوامی قەیران و نەبوونی چارەسەری لای ئەو، دۆخەکە لە قەیران پەڕیوەتەوە و بۆتە هۆی نەمانی #ڕەوایەتی (شەرعیەت)ی جەماوەری"، ئەوەی واشیکردووە دۆخەکە بەردەوامبێت غیابی بەدیل و هێزێکی پێشڕەوە نەک پێویستی دەسەڵاتەکە، بۆیە ئیشی سەرەکی دەسەڵات لەم چەند ساڵەدا بریتیی بووە لە لێدان لە هەر ئەگەرێکی لە دایکبوونی بەدیل. 
ئەوە هاوکاتە لەگەڵ چەقبەستنی هێزە #چەپ و کۆمۆنیستەکان، هەندێکیان لە چوارچێوەی سیاسەتی پراگماتیکی تا ئەو ئاستە رۆیشتوون نەک کاریگەرییان لەسەر گۆرینی واقیع نییە، بەڵکو واقیع خەریکە بەتەواوەتی دەیانگۆڕێت، هەندێکی تریش ئەوەندە ناواقیعین، تووشی نەخۆشی ئینعزالی بووینە، هەردوو مۆدێلەکە، سەرقاڵە لەگەڵ دەسەڵات، یەکێکیان بە رێگای هاوپەیمانیەتی دوێنی و بینینی رۆڵی راوێژکاری و گلەیکردنی ئەمرۆ لە بەرگی ئۆپۆزسیۆنێکی ناکارا و پاسیڤ، مۆدێلەکەی تریش پێی وایە بەرێگای هوتاف و دروشمی شۆڕشگێرانە دەتوانێت شۆرش بکات، هەردوو مۆدێل دواجار پشتیان لە جەماوەر و بنیاتنانی کۆمەڵگایە و روویان لە دەسەڵاتە.  

لە بارەی پرۆژەی بەدیل:

"بەهێزکردنی #هێزی چەپی کوردستان بابەتێکی گرێدراوە بە بەهێزکردنی #بزاڤە کۆمەڵایەتییە تازە و کۆنەکان"، ئەوەش لە رێگای دەستبردن بۆ بابەتە زیندووەکان دەچێتەپێشەوە بە بەرنامەیەکی هاوبەش و پوخت و هەماهەنگی لە کار و چالاکی جەماوەری لە پێناو  داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان .
 لەم روانگەیەوە ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینەروو کە وەک ئەرکی لە پێشینەیی چەپ لەواقعی ئەمرۆ خۆی فەرز دەکات.

لە رووی #ئابوورییەوە : 

-  بۆ ئەم قۆناغە تەرکیز لەسەر گۆڕانکاریکردن لە سیستەمی ئابووری سەرمایەداری بەرخۆرییەوە بۆ سیستەمێکی بەرهەمهێنەری هەمەلایەن و پیشەسازی گواستنەوە (سناعە تەحویلییە)، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و ئازادکردنی لە چەنگی لاینە مۆنۆپۆڵەکان و فرەکردنی سەرچاوەکانی ئابوری لە کشتوکاڵ و پیشەسازی و پەرەپێدان و پشتگیریکردن لە پرۆژە ئابوورییە هەرەوەزییەکان. 
- گەڕانەوەی کەرتە سەرەکییەکان بۆ حکوومەت و بەکارهێنانی لە پێناو خزمەتی گشتی وەک بەشێک لە موڵکی گشتی، وەک هێڵی گواستنەوەی ستراتیژی، کارەبا، ئاو، چاودێری تەندروستی و خوێندن و کەرتە خزمەتگوزارییە گشتییەکان ... هتد.
- دروستکردنی ژینگەیەک لە چەندین لایەنەوە بۆ بە بەدیهێنان و بنیاتنانی دیموکراسی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری و دابەشکردنەوەی دووبارەی سامان و پەیرەوکردنی سیستەمی باجی داهات و باجی موڵکدارێتی بەشێوەیەکی هەڵکشاو (تەساعدی)، بەمەش حکوومەت دەتوانێت و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ تەواوی خەڵک دابین بکات. 
- پەیڕەوەکردنی پرەنسیپی کاری هەرەوەزی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و خۆبەرێوەبردنی جڤاکی . 
- لە بواری سیاسەتی نەوتیدا، بەهێزکردنی چاودێری خەڵک و پیادەکردنی پرەنسیپی شەفافیەت و پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نەوت و دەرکردنی لەژوورە تاریکەکان و  خستنیە ژێر کۆنترۆڵی چاودێری خەڵک و  پەرلەمان و بەشداریکردنی خاوەن ئیختساسەکان. داهاتەکانی کەرتی نەوت دەبێ بەکاربهێنرێت وەک سەرمایە بۆ پشتگیرکردن و تەمویلکردنی کەرتەکانی تری بەرهەمهێنان و بەرژەوەندی خەڵک بە گشتی بۆ ئەوەی گەشەی ئابووری و دادپەروەری دروست بکات. 
- رێکخستن و پێداچوونەوە بە داهاتی ناوەخۆ و خاڵەکانی گومرگی نەهێشتنی گەندەڵی دەستی حزب.
-  پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو رسومات و باجانەی لە چوارچێوەی سیاسەتی نیولیبرالیزم بەسەر خەڵکیدا فەرز کراوە. 

لە رووی #سیاسیدا: 

- کارکردن بۆ بەشداری سیاسی تازە و بەدیهێنانی دیموکراسیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، بە رێگای میکانزمی گونجاو. 
- پاراستن و بەهێزکردنی فرەیی سیاسی و کەلتووری و بەیەوەکەوەژیان و مافی پێکهاتەکان و ئازادی ڕادەربرین و مافی ژنان، ئەوەش کارنامە و روئیای روونی دەوێت. 
- نەهێشتنی هەیمەنەی کەس و حزب بەسەر دامودەزگاکانی وڵات و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ و بەدامەزاروەیکردنیان. 
- بەدیهێنانی مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی مرۆیی و پاراستنی شکۆی مرۆڤ، وەک پێویستی هەنوکەیی ئەمڕۆ. 
-  بەدامەزراوەییکردن و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دەرهێنانی لە ژێر هەیمەنەی دەسەڵات. 
- نەهێشتنی دەستوەردانی دەرەکی و رێکخستنی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە چوارچێوەی بوونی بەڵگەنامەیەکی نیشتمانی بۆ مامەڵەکردن لە سیاسەتی دەرەکیدا. 
- لە ئاستی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریدا پێشکەشکردنی بەدیلێکی جیاوازتر بەمانا سۆسیالیستییەکەی بۆ بەمەدەنیکردنی پرۆگرامەکانی ژیان و سیستەمی پەروەردە و  مۆراڵی  جڤاکی و جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت و بەدیهێنانی یەکسانی ڕەگەزی . 

لەرووی #نیشتمانییەوە :

داکۆکیکردن لە مەسەلەی #نیشتمانی کوردستانی و پاراستنی قەوارەی هەرێم وەک ئەرکێکی سەرەکی هێزی چەپی کوردستانی و ئازادیخوازان بە گرێدانی بە ئەرکە چینایەتییەکان. کە خۆی دەبینێتەوە لە ئەرکی تەواوکردنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی و جێبەجێ کردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس و رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی تەعریب و عەقلیەتی شۆڤینی و دەستوەردانی دەرەکی، دەرکردنی لەدەست ئەو هێزانەی لە دوێنێ و ئەمڕۆدا تەنیا بازرگانیان پێوەکردووە و وەک زەمینەی خۆفەرزکردنی خۆیان وەبەرهێنانیان تیاکردووە  .
 
#لایەنەکانی بەشدار لەم پرۆژەیە : 

دروستکردنی جۆرێک لە تێکۆشانی بەرەیی بۆ ئەو کەس و لایەنانەی باوەڕ و بەرژەوەندییان لە تێکۆشانێکی وەها  هەیە،  بە رێگای: 
- بەهێزکردنی کاری هاوبەشی چەپ و کەسانی ئازادیخواز بە کۆکردنەوە و پەیوەندیکردن بە هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە دەتوانن لەگەڵمان ناوەڕۆکی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکەن، وەک لایەنی چەپ و کەسایەتی و رێکخراو و هەڵسوڕاوان و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان... هتد.  ئەو ناوەندە پەراوێزانەی کە رۆژ لە دوای رۆژ لە هەڵکشاندایە. لە مامۆستایانەوە بۆ خانەنشینان و مووچەخۆران و مامۆستایانی زانکۆ و قوتابیان و لاوان و بێکاران و پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی... هتد.  

- راکێشانی پێکهاتەکان بۆ بەشداریکردن لە ئاستی حزب و کەسایەتی و جەماوەری.

- خۆڕێکخستنی کرێکارانی کەرتی گشتی (فەرمانبەران) مووچەخۆران کرێکارانی کەرتی تایبەت لە چوارچێوەی سەندیکا و رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر بنەمای پرەنسیپی (ئەندامگیری) دوور لە بوونە پاشکۆی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هێزە دەسەڵاتدارەکان و کورتکردنەوەییان لە وەزیفەی فەرمانبەری و بیرۆقراتیەت. 

- هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵە و یەکێتییەکان و سەندیکا و تۆڕەکان، ئەوانەی سەربەخۆی خۆییان پاراستووە.

- کارکردن بۆ رێکخستنی کرێکاران و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاراستەی خۆڕێکخستنیان لە شوێنی کار و نیشتەجێبوون. 
- تێکۆشانی جەماوەری و جادە و ڕاگەیاندن و کۆڕ و سیمنار و کەمپینی نیشتمانی، بەشێک بێت لە ئالیەتی بەجەماوەریکردنی و جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکی ئەم پرۆژەیە. 
- دروستکردنی مینبەرێکی راگەیاندنی هاوبەش و هەمەجۆر: ماڵپەڕ، ئێزگە، سۆشیالمیدیا.
- دروستکردنی ناوەندێکی دیراسات کە بەشێوەی وەرزی ژورناڵێک دەربکات بایەخ بە بابەتی سیاسی و هزری چەپگەرایی بدات بەهەماهەنگی لەگەڵ رۆشنبیران و تێکۆشەرانی هزری هیومانی. 
-  پێکهێنانی لیستێکی فراوانی جەماوەری بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان، لەنێوان بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان و لایەن و حزب و کەس و رێکخراوەکانی بەشدار لەم پرۆژەیەدا. ئەوەش بەمانای کورتکردنەوەی تێکۆشانی چەپ و کۆمۆنیستی نایەت بۆ خەباتی پەرلەمانی بە مانا بۆرژوازیی و لیبراڵەکەی، بە پێچەوانەوە، پەرلەمان شوێن و پێگەیەکی بچوکی هەیە لە وێنەگەورەکەی ئەم پرۆژەیە، کە هێنانەکایەی بەشداری سیاسی تازەیە لە رێگای بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی فەزای گشتی و تێکۆشانی جەماوەری و رێکخستنی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان و کرێکاران لە شوێنی کار و ژیاندا.  
- بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتمانی لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە، وەک پارت، رێکخراو، کەسایەتی و چین و توێژە پەراوێزخراوەکان، ئەوانەی پرۆژەکە قبوڵ دەکەن، بۆ رێککەوتن لەسەر ناوەرۆکی ئەم پرۆژەیە و ناولێنانی و لۆگۆ و وردەکارییەکانی و دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ سەرخستنی.  

#ئامانجی سەرەکی ئەم پرۆژەیە، هەوڵێکە بۆ: 

- "دەستکاریکردن و دەستبردن و هەنگاونانە بۆ گۆڕانکاری بە شێوەی هەنگاو بەهەنگاو و کەڵەکەبوون  تا ئاستی گۆڕینی سیستەم"، لە رێگای بردنەپێشەوەی تێکۆشانی جەماوەری و رێکخستنی بزاڤی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی هەژموون لە ئاستی چەندایەتی و چۆنایەتیدا. 
- بەشداریکردن و دۆزینەوە و رێکخستنی هێزەکانی بەشدارە لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، بە ئاراستەی جێبەجێ کردنی ئایدیایەکی چەپانە لە واقیعدا وەک هەوڵێک بۆ گرێدانی فکر لە واقیعدا .  
- "هەوڵێکە بۆ بەجەماوەریکردنی پرۆژەی چەپ و دەربازکردنیەتی لە ئاستی و بیرۆقراتیەتی حزبی و ئیحتیکار کردنی نوخبەوی". 
- کۆکردنەوە و بەهێز کردنی پارتە چەپ و ئازادیخوازەکانە، کە ئەمڕۆ سەرەڕای بوونی چەندان پارت و رێکخراوی چەپ و کۆمۆنیست بەقەد ئەوەش هەزاران هەڵسوڕاوی چەپ لە دەرەوەی ئەو پارتانەدان و لە پەراوێزی رووداوەکاندان. 
- کردنەوەی پەنجەرەیەکە بۆ دروستبوونی هیوایەک بۆ گۆڕانکاری، لە دۆخێکدا کە نائومێدی و رەشبینی، باڵادەستە.
-  بە جەماریکردنی حزبە چەپ و کۆمۆنیستەکانە و دەربازکردنیانە لە دۆخی پارچە پارچەیی و گۆشەگیری و نائومێدی لە ناو رێکخستنەکان و هەڵسوڕاوان، یەکێکیشە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستکردنەوەی متمانە بە هێزی چەپ لە ئاستی رێکخستەکان و جەماوەر بە گشتی. 
بەگشتی،" ئەمە تەنیا مسوەدەیەکی سەرەتاییە بۆ گفتوگۆ لە نێوان بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان، رۆشنبیران و کەس و هێزە چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازان". بەلەبەر چاوگرتنی واقعی ئەمڕۆ نووسراوە، واقعێک کە ژینگە و بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێری لە ئارادا نییە بۆ فەرزکردنی تێکست یا بەرنامەیەکی لەوە رادیکاڵتر لە ئێستادا، ئەوەش بەمانای دەستبەرداربوونمان نییە لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی لە داهاتوودا. بە پێچەوانەوە، "بۆ بەهێزکردنی روحیەتی کاری بە یەکەوەیی و هەرەوەزی و رێکخستنی ریزەکانی جەماوەر و بزاڤی کۆمەڵایەتی کۆن و تازە و   هێز و لایەن و هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیستییە". " هەنگاوێکی لە پێشینەییە بۆ کارکردنمان بە ئاراستەی خۆئامادەکردن بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگا و بنیاتنانی بنەماکانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی لە داهاتوودا"، کە لەسەر بنەمای تێکۆشانی کۆمەڵایەتی هاوبەش و هەرەوەزی و بنیاتنانی هاوبەشی گەشەپێدان و گۆڕینی سیستەمی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی دامەزراوە، بەپێی گەشەکردنی هێزەکانی بەهەمهێنان و باری بابەتی و خودی، واتە گرێدراو بە  ژیانی ماتریالزمی کۆمەڵگا و ئاستی گەشەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فکری، بە مانا میتۆدییە مارکسییەکەی، دوور لە تەماشاکردنی وەک رەچەتەیەکی نەگۆڕ و کۆتایی.  
هیوام وایە، هاورێیانی #چەپ و کۆمۆنیست و رۆشنبیران، بەشداری ئەم پرۆژە سەرەتاییە بکەن بە رەخنە و سەرەنجەکانیان، وەک تەوەرێک بۆ گفتوگۆ و راگۆڕینەوە وەربگیرێت.  ئەمە رەتکردنەوە و سفرکردنەوەی تێکۆشانی نزیکەی سەدەیەکی چەپ و کۆمۆنیستی نییە لە عێراق و کوردستان، کە لە هەر دەورانێک چەپ بەهێزبووبێت ئەنجامەکەی لەخزمەتی گەلان و هاووڵاتیانی چەوساوە و پەراوێزخراوەکاندا بووە، مێژووی عێراق و کوردستانیش تەژییە لە چەندین نموونە و وەرچەرخانی گرنگ بەهۆی تێکۆشانی هاوبەشی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هاتۆتەدی. بەڵام ئەمڕۆ هەموومان دەبینین بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان رۆژ لە دوای رۆژ لە هەڵکشانی زیاتردان، بەڵام چەپ و کۆمۆنیستەکان بە پێچەوانەوە رووبەڕووی متبوونی زیاتر و بێ کاریگەر تر دەبن. لە وەها دۆخێکدا، ئەمە پێشکەشە بە هەموو هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان و ئەوانەی باوەڕیان بە گۆڕانکاری و هێنانەدی دنیایەکی دیکە هەیە. دنیای ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی.

10/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر