داخستنی "هەدەپە" هەڵكشانی فاشیزمی نەتەویی مەزهەبی و رۆڵی چەپ لەوێدا

هیوا عومەر
هیوا عومەر 

لە سكاڵانامەیەكدا داواكاری گشتیی #توركیا داوای داخستنی هەدەپە دەكات، ئەو داوایە ئەلقەیەكی نەپچراوە لە زنجیرەیەك هێرش بۆ ناوچە كوردستانییەكان لە باكورو لە عێراق و سوریا و دەستگیركردنی هەزاران كەس لە ئەندام و سەركردەكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) .

ئەمرۆ پرسی ئازادییەكان بەگشتی لە توركیا و پرسی كورد بەتایبەتی رووبەرووی دۆخێكی ئێجگار سەخت دەبێتەوە، ئەو دۆخە هاوكاتە لەگەڵ رووبەروو بونەوەی توركیا بە قەیرانێكی گەورەی ئابوری و سیاسی، لەوناو ئەو قەیرانە گشتگیرییەی دیموكراسی دا لە توركیا  لە رێگای فیگەرێكی وەك ئەردۆغان رۆژ لەدوای رۆژ فاشیزمی دەوڵەتی توركی  لە ئاستە دینی و نەتەوەییەكەیدا زیاتر هەڵدەكشێت، هەڵكشانی #فاشیزمی توركی دابراونیە لە فاشیزمی خۆرهەڵاتی وقەیران و ژینگەی ئابوری و سیاسی  بەمانا ماركسیستەكەی، هاوكات بەشێكیشە لە  فاشیزمی ناسیۆنالیستی نەتەوەی سەردەست، لەزۆر لایەنیشەوە خاڵی هاوبەش و جیاوازیش دەبینین  لەگەڵ فاشیزمی ئەوروپی ساڵانی 1920-1930 .

 هەرچەندە پرسی داگیركردنی كوردستان و ناعەدالەتی و قەدەغەكردنی زمان و كلتور و ناسنامەی كورد پرسێكە ریشەیەكی دوورو درێژی لە #توركیاو ئێران و عێراق و سوریا هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا رووبەرووی كورد دەبێتەوە بەشێكە لە باڵادەستی دەسەڵاتی دەوڵەتی فاشی "نەتەوەیی و ئاینی ". 

كاردانەوەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی ئاماژەی ئەوەن مەترسی سەرماف و ئازادییەكان لە توركیا چیتر پرسێكی ناوەخۆیی نییە، ئێستا تەواوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە درەنگەوە خەریكە لەوە تێبگات،بەڵام هیچ هەڵوێستێكی كاریگەرییان نییە كە ببێتە فشاری جدی لەسەر دەسەڵاتدارانی توركیا . 

لە ئاستی ناوەخۆی توركیاش بەرەنگارییەكان لە هەڵكشاندایە سەرەرای حملەیەكی فروان و توندی داپلۆسین و دەستگیركردنی ئازادیخوازان كە خەریكە زیندانییەكان پردەبێت لە زیندانی سیاسی و لەسەر ناسنامەی كوردبوون . 

 لە كاتێكا #كورد "نەورۆز"، وەك جەژنێكی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی پەیرەو دەكات دەرفەتێكی باشە بۆ رووبەروو بونەوەی ناعەدالەتی و هێرشی فاشیزمی ناسۆنالیستی دەسەڵاتی نەتەوە سەردەستەكان .

 قەدەغەكردنی هەدەپە وەك سێیەمین گەورەترین حزب لە توركیا كە نوێنەرایەتی ملیۆنان هاوڵاتی دەكات، كاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر ماف و ئازادییەكان و دۆزی كورد لە توركیا و شوێنەكانی تریش، هەرچەندە بە داخستنی هەدەپە تێكۆشانی چینایەتی ونیشتمانی كۆتایی نایەت،وەك دەمێكە تاقی كراوەتەوە. 

ئەو هێرشەی ئەمرۆ لەسەر "هەدەپە"یە بەشێكە لە هێرشێكی گەورەتر لەسەر پرسی ئازادی   و مافەكانی كورد لە توركیا، هەوڵی قەدەغەكردنی هەدەپە، هەوڵی قەدەغەكردنی ئەو پەراوێزە لە ئازادییە بەدەستهاتووەیە، هەوڵی تەراجوعپێكردنی پرس و شوناسی كوردە كە ئەمرۆ بۆتە بابەتی سەرەكی ناوچەكە، هەوڵی فراوانكردنی دەسەڵاتی فاشیزمی نەتەوەیی و تائیفی و گەرانەوەی سەردەمی عوسمانیە، هەوڵێكە بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی هەمووكایەكانی ژیان و وەرگرتنەوەی ئەوەشی كە بە تێكۆشانی ئازادیخوازان بەدەست هاتووە، داخستنی "هەدەپە" لەو كاتەیە  فاشیزم پێی وایە سەركەوتووە یان بەرەو سەركەوتن هەنگاو دەنێت . 

 لەكاتێكا چەوساندنەوەی #كورد بەهۆی كوردبوون وناسنامەكەیەوە هیچ قوژبنێكی دوونیا نەماوە نەیبیستێت بەڵام بەشێكی زۆری چەپ لەناو توركیا مەبەستم (چەپی توركی)یە، گوێبیستی نابێت و لەژێر كاریگەریی شۆڤینیەتی نەتەوەی سەردەست هیچ روانینێكی نییە بۆ  چارەسەركردنی دۆزی كورد لەوێدا .

 لە دوایین كۆنگرەی #پارتە كرێكاری و كۆمۆنیستەكانی جیهان كە لە ئەزمیر بەرێوەچوو، زۆر بەروونی هەستم بەو كاریگەریییە كرد لەسەر حزبی شیوعی توركی لە میانەی بەشداری و خیتابی سیاسی و فكریمان لە كۆنگرەكە  كە لە ساڵی 2019 بەرێوەچوو،لەسەرئەوەش رووبەرووی گفتوگۆیەكی توندبوینەوە لەگەڵیان. 

 تێكۆشان لەوەها واقعێكدا بۆ هێزە #چەپەكانی سەرتاسەری بەشەكانی تری كوردستان، لەپاڵ خەباتی چینایەتی وكۆمەڵایەتی لەسەرمان فەرز دەكات بەشدارییەكی راستەوخۆ و پێشڕەوی لە خەباتی چارەسەری رزگاریخوازانەی گەلەكەماندا بكەین، چەپ بوون لەمرۆدا بەتەنگەوەهاتنی پرسە سەرەكییەكانی ئەو كۆمەڵگایە كەتیایدا دەژین، ئەو پرسانەی بە ئارەزوی ئێمە دروست نەبوو، ناكرێت لە ترسی ئەوەی وەك ناسیۆنالیست تۆمەتبار بكرێن وەك هەندێك لە چەپەكانی نەتەوەی سەردەست لەژێر كاریگەری  شۆڤینستەكانی نەتەوە سەردەستەكان، دژایەتی دۆزی گەلی كورد دەكەن یان ناتوانن وەك خۆی بیبینن،  لەوەها دۆخێكدا  تێكۆشانی نیشتمانی و چینایەتی بەنسبەت چەپەكان لە پەیوەندییەكی دیالەكتیكیدان و جیاناكرێنەوە .

24/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر