(عوسمان عەبدولکەریم) فێرکارێک بۆ سیاسەتی بونیادنان

سۆران محەمەد غەریب
پەرەوەردە و فێرکردن دوو بنەمای بنچینەیین بۆ گەیاندنی خزمەت و پێشکەوتنی کۆمەڵگا هەر لەم ڕێگایەشەوە دەتوانرێت دەسەڵاتی سیاسی و سستمی فەرمانڕەوایەتی خۆگر و بەهێزتر بێت و ببێتە زامنکەری بەردەوامی و مانەوە. هەر کاتێک ئەم کایە گرنگە ڕوبەڕووی مەترسی بویەوە ...! ئینجا بە هەر هۆیەک بێت وەکو لە ئاراستە لادان لەسەر ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی و بایەخ پێنەدان و فەرامۆشکردن یاخود بەکارهێنانی بۆ مەبەست و مەرامی جیاواز ، ئەوا بێ هیچ دوودڵی و گومانێک سەراپا کۆمەڵگا بە دەسەڵاتە فەرمانڕەوایەتیەکەیشیەوە دەخاتە بەر کارەساتی هەرەس و داتەپین.

ئەمە دیوێکی کەم و بابەتیانەی ئەم پرۆژە گرنگەیە کە باسی دەکەم ڕەنگە هەزارەها لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و نوسین و پەرتوکی هەمەچەشنەی زانستیانەی لەسەرکرابێت و لە بارەیانەوە نوسرابێتەوە لەلایەن گەورە نوسەر و لێکۆڵەرەوە و تایبەتمەندی پەرەوەردە و فێرکردن.

کورد نە لەو نەتەوە و گەلانە بوە تا سود لە خەڵکانی چالاک و بەتوانا و وزەی خۆماڵی وەربگرێت ، نە  ئەوەش بوە بتوانیێت کار لەسەر سەرچاوە و شارەزایی و تاقیکردنەوەکانی گەلانی دەوروبەر و نەتەوە جیاکانی جیهان بکات و وەگەڕیان بخات. هەر ئەمەش بوە وای کردوە ئێمەی کورد لە زۆرینەی هاوکێشە و نەخشەی سیاسیماندا هەمیشە دۆڕاوبین و بردنەوەمان بەخۆمانەوە نەبینین ، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی:

لەوەی هەمانبوە وێڵمان کردوە ... ئەوەی بەدەستمان هێناوە دواتر لە دەستمان داوە ... ئا لەو شتانەی زۆر بە گرانی پێی گەیشتوین بە سانایی لێی دوورکەوتوینەتەوە ...

ئا لەم قۆناغەی کوردستانی باشوری پیادا دەگوزەرێت نەک لە پاشەکشەداین ، بەڵکو هەرەس و ماڵوێرانی ڕوبەڕوی کۆمەڵگاکەمان بوەتەوە و ئاراستەی وەرگرتوە بەرەو وێرانکاری و لەبەریەک هەڵوەشاندنی هەموو کایەکان بەبێ جیاوازی. لەم ڕێگایەشەوە چارەنوسێکی ڕەش چاوەڕوانمانە بە جۆرێک چەندین سەدە هەڵماندەداتە ناو ئامێزی قۆناغە تاریکەکانی ڕابردو.

دروست بوونی ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکان بە ئاسانی و خۆڕسکانە بەبێ تەقەلا و ماندوبون نایەتە دی...ئەم ئەرکەش لە ئەستۆ و سەرشانی ئەو توێژەدایە کە هەمومان بەرامبەریان قەرزاربارین و لە ئاستیاندا سەرنەوین. مێژو پێمان دەڵێت هەر کاتێک کایەکانی خزمەت لەسەروو هەموشیانەوە کایەی پەروەردە و فێرکردن بایەخی پێ نەدرا ، ئەوا بێ سێ و دوو کۆمەڵگا توشی سەرگەردانی و هەرەسی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسی و ... هتد دەبێت.

هۆکاری پشت ناونیشانی ئەم گوتارەم کە ناوی کەسێتیەکە دەشێت لای هەندێک لە خۆێنەر ناسراو بێت ، وەلێ لای هەندێکی دی نەناسراوە لەبەر ئەوەی یان ئەوەتا لە نزیکەوە نەیانناسیوە یان کەسایەتیەکی بەرچاو نەبوبێت و شاراوە بێت ... ئەو کەسایەتیەش مامۆستا(عوسمان عەبولکەریم)ە.

پێش هەموو باسێک دەمەوێت ئەوە بڵێم مامۆستا ناوبراو نەک وا دەخوازێت گوتاری لەسەر بنوسرێت ، بەڵکو شایستەی ئەوەیە ڕۆمان و پەرتوکی لەسەر بنوسرێت سەبارەت بە ژیاننامە و یاداشتەکانی ، لەبەر ئەوەی لەوەی ئێستا باسی دەکەم تنۆکی ناو دەریایەکە.  

دەمەوێت ئەوەش بە خوێنەر بگەیەنم دوو پاڵنەر وایلێکردم ناونیشانی ئەم گوتارەم تەرخان بکەم بە (مامۆستا عوسمان):

یەکەم/ کەسایەتیە بەهێز و کاریگەریەکەی ناوبراو بوو لەسەر فێرخواز.

دوەم/هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا بوو لەبەرواری ٨/٢/٢٠٢٢ ئا لەو کاتەی من لە دەربەدەری و دوورە وڵاتیم هیچم پێ نەکرا ، تەنانەت هەواڵەکەی هێندەی لە دەستدانی کەسە نزیکەکانم ئازاری دام و دڵگرانی کردم.

ئەم کەسێتیە بەر لەوەی فێرکارێکی زانستیانەی زمانی عەرەبی بێت لە ئامادەیی ڕۆشنبیر... پەرەوەردەکارێکی زۆر کاریگەر بوە بۆ فێرخوازەکانی ...!!!  دەتوانم بڵێم بەهای توانا و زانستیانەی لە لای بەندە و چەندین فێرخوازی تر لە ئاستێکدا بوە... هەر وەک چۆن مامۆستا مەلا عەبدولکەرمی مودەریس نوسین و شیکاریەکانی و لێکۆڵینەوەکانی جێگای بایەخن لەلای خوێنەرانی و هەوادارانی ..! بە هەمان شێوە مامۆستای کۆچکردوو بەشێوەیەکی زارەکی و بیردۆزیانە کاری لە گوێگرانی دەکرد بەتایبەتی لەو کاتەی دەکەوتە وانەبێژی و گفتار و وتووێژکردن. یاخود هیچی کەمتر نەبوە لە نەجمەدین مەلا لەبەر ئەوەی هەزارەها فێرخوازی پێگەیاندوە بەبێ ئەوەی هیچ کۆمەکێک کرابێت تەنها و تەنیا پشت پێ بەستەی خۆی بوە بە دەست و پەنجە و خوێندنەوە و هزری بێ سنور و دەم و دەنگی خۆی لەو زانستەی لای هەبوە دواتر برەوی پێ داوە و بە شێوازێکی زۆر ژیرانە پەیامی بە فێرخوازەکانی گەیاندوە.

لە هەندێ بابەتدا سەرسام دەبویت بە ڕەفتارەکانی کە ئێستا بۆ یەکەم جارە لەم گوتارەدا باسی دەکەم. بۆ هەندێ بابەت کە لێوەی فێربووم و هەمیشە کەڵکوەرگرم لە ئامۆژگاریەکانی بە ئێستاشەوە. لە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەو دیمەنی وانە وتنەوەیە بوو کە دەیگەیاندە فێرخوازەکانی هێندە هێور و لەسەرخۆ بوو تەنانەت لە ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودمان کە لێدان و ئازاردانی فێرخواز کردە و نەریتێکی باو بوو لەناو مامۆستایاندا ، بەڵام کۆچکردو نەک هەر ئەو شێوازەی بەکارنەدەهێنا ، بەڵکو لە کاتی دەنگەدەنگ و ژاوەژاوی زۆریشدا هەرگیز لە فێرخوازەکان توڕە نە دەبوو و زۆر بە ئارامیەوە پێی دەوتن : (ئاخر کاکە وا نابێت) بۆ تەنها جارێک وشە و قسەی نەشیاومان لێ نەدەبیست نە باوەڕی بە لێدان بوو نە بە توڕە بوون. بە درێژایی ئەو چەندین ساڵانەی مامۆستامان بوە و پێی دەوتین : (پەرەوەردە پێش فێربونە) ، چونکە کاتێک تابلۆ و نوسینەکان دەبینن نوسراوە (وەزارەت یان بەڕێوبەرایەتی پەرەوەردە و فێرکردن) ئەمەش بەو مانایە دێت ئەگەر مرۆڤەکان پەروەردەیەکی دروست نەکرێن ...؟ گومانی تیادا نیە سود لە فێربونەکانیان نابینرێن ... هتد.

خۆ ئەگەر بێیتە سەر بواری زانستیانەی خوالێخۆشبوو ، ئەوا گەنجینەیەکی یەجگار دەوڵەمەندبوو ناکرێت لە گوتارێکدا باس بکرێت ، بەڵام هێندەی کێشی خۆی بەهای زێڕ و گەوهەر دوڕ و مەرجان و یاقوت و لەعلی بەدەخشانی دەهێنا ... بیرمەندێک بوو لە مەودایەکی بێ سنور.

گەورەیی و بەتوانایی و وتەکانی ئەم مامۆستایە بەو ڕادەیە بوو شایانی ئەوە بوو وەزیری پەرەوەردە بوایە یاخود ڕاوێژکارێکی هەستیار ... نەک پەراوێزخراو ، ئەمە لە کاتێکدا لە هەموو ڕویەکەوە گەورە سیاسیەکانی کوردستان و بەرپرسەکانی باشور بە ئەژنۆی ئەم مامۆستا بەڕێز و خۆنەویست و زانستخوازە ناگەنەوە. باسی ئەوە ناکەم کە مامۆستای ناوبراو چۆن لە ساڵانی ناوەڕاستی هەشتاکاندا بۆ چەندین مانگ دەستگیردەکرێت و ماڵەکەی دەکەوێتە بەر شاڵاوی ڕوخاندن لە لایەن ڕژێمی پێشوو.

ئەوانەی لە مێژودا هەبون لە وێنەی مامۆستا (عوسمان عەبدولکەری) ناوازە و دەگمەنن ، چونکە هەموو خەسڵەتەکانی مرۆڤی خاوێن و دڵسۆز و خۆنەویست و خۆشەویست و بەخشندەی تیادا هەبوو... بۆیە لە شوێن پێی ئەو کەڵە پیاوەدا ڕێگا دەکەم و بەردەوام دەبم ... وەکو ئەستێرەیەکی پرشنگدار لە تاریکایی شەودا دەیبنینم ... بەڵێنم هەر بەڵێنەکانی ڕابردومە بۆ گیانی پڕ لە میهری مامۆستاکەم.

دەتوانم بڵێم دەسەڵات و فەرمانڕەوایی کوردی لە باشوردا بەردەوام لە وێرانکردنی ئەم کایە سەرەکیەن کە پەروەردە و فێرکردنە ، بەئامانج ئەم کارە دەکەن و مەبەستدارە ئەویش بۆ بڵاوکردنەوەی نەزانی و بێ ئاگاهیە لە ناو تاکەکانی کۆمەڵ تا بەردەوامی بدەن بە خەونەکانی خۆیان ، دەنا دەبوایە پێناسێکی ڕاستەقینە و تێڕوانینێکی جیاوازیان بۆ کەرتی پەرەوەردە و فێرکردن هەبوایە ، نەک خستنە ناو بازنەی هەڵمەت ی ستەملێکردن و موچەلێبڕین و پاشەکەوت.

17/02/2022



وتارەکانی تری نوسەر