لە یادی (١٧)ی شوبات: (ڕوخاندن و بونیادنانەوە)

سۆران محەمەد غەریب

   ئەوا (١٢) ساڵ پێدەپەڕێت بەسەر داواکارییەکانی بەرەی بەرهەڵستکاری دژ بە دەسەڵاتی ستەمکار و قۆرخکار ، مەخابن شێوازی فەرمانڕەوایەتی ناڕێکتر بوە ، دۆخی بژێوی و گوزەرانی هاوڵاتیان دەیەها جار خراپتر بوە ، خزمەتگوزاری ئاسایی بۆ خەڵکی نەماوە ، دامودەزگاکان و فەرمانگەکانی بەناو حکومەت وێرانتر بون ، سامانی گشتی زیاتر دەستی بەسەردا گیراوە و بە تاڵانتر براوە و ماف و ئازادیەکان سنوردارتر کراون.

   ئەوەی کراوە دوو شتە... دەوڵەمەندە چاوچنۆکەکانی نێو کایەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی بەناو کوردایەتی لە دەوڵەمەندیەوە دەوڵەمەندتر بون ئەمە لە لایەک ، لە لایەکی ترەوە هەندێ لایەنی سیاسی و کەسانی ناخ پیس و درۆزن کە بەناوی چاکسازیەوە خۆیان هەڵدایە ناو قوڵایی دەنگ و داواکاری و هاواری هاوڵاتیانەوە تا بتوانن دۆخی ژیانی خۆیان بگۆڕن... کەواتا ئەوەی هیچی بۆ نەکرا و دەستەوەستان و مایەپوچ مایەوە وە خەڵکی کوردستان بوو.

   لە (١٧)ی شوباتی ٢٠١١ هەتاوەکو هەنوکە پێمان دەڵێت چ لایەنێک و چ کەسانێک لەبەرەی خەڵکی ستەمدیدە ماونەتەوە و ئامادە نین بۆ تەنها تۆزقاڵێک لە داواکاری بە مافە ڕەواکانیان لابدەن ... زۆربوون لەوانە و ساڵانی ڕابردوو بە ناوی مافەکانی هاوڵاتیان و بە گژداچونەوەی گەندەڵی و گۆڕینی شێوازی فەرمانڕەوایەتی هاتوهاواریان دەکرد و دەیانشیڕاند ، بەڵام ئێستا ئەوانە لە کوێن و سەرگەرمی چین ..؟؟

   ئەگەرچی (١٧)شوبات لە ٢٠١١ دا هاوتەوژمی هەمان ئەو ئاراستەیە بوو کە لە وڵاتانی عەرەبی وەکو (لیبیا و میسر و سوریا) هەڵیکرد ، بەڵام ئەوە ناکاتە ئەوەی تەنها هۆکار و کاریگەرێتی ئەو جۆرە بزاوتانە بن...!!  بەڵکو ڕەنگدانەوە و دەرهاویشتەی ئەو بەشمەینەتی و دەردەسەری و ئازارکێشیە بوو کە تاکی کوردی بەدەست دەسەڵاتی کوردیەوە دەیناڵاند و پێیەوە گرفتار بوو.
   چەندین لایەن و سەدەها کەسانی بەناو سیاسی و ڕۆشنبیر و بەرچاو و دەرکەوتوی ناو گۆڕەپانی سەرای ئازادی هەبوون ، ئەوێ ڕۆژێ خۆیان دەکردە خاوەنی ئەو جوڵانەوەیە و خاوەندارییەتیان لەو ڕۆژە دەکرد ...!!! بەڵام ئێستاکە ئەوانە لە کوێن و چی دەکەن ...؟؟
   داخەکەم ... زۆرینەی ئەو لایەن و خەڵکانە ئەوانەن بوون دوو ئامانجیان هەبوو :

یەکەم/ ئامانجێکی شاراوە و درۆزنانە : کە هەموو تەقەلایەکیان باشتر و خۆشکردنی ژیانی خۆیان بوو واتا بۆ گەیشتن بە مەرامێکی تایبەت لە بە دەست هێنانی (پایە و پارە)دا ڕێگەی ساختە و فێڵکردنیان گرتەبەر هەرەوەکو ئێستا پێی گەیشتون.

دوەم/ ئامانجێکی دیار و ڕاستگۆیانە : ئەویش ئامانجی گشتی و داواکاری بە چاکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی و دەستکاری کردنی لە شێوازی فەرمانڕەوایەتیدا کە ئەم ئامانجانە لایان زارەکی بوون و تەنها بە ڕوکەش گوزارشتیان لێدەکرا ، بەڵام سەرئەنجام نەک هەر هیچ نەکرا بەڵکو خراپتر و وێرانتربوو.

   مەودای ئەم (١٢) ساڵەی ڕابردوو زۆر لایەن و تەنانەت کەسەکانیان بۆ دەرخستین کە کێ لەبەرەی داواکاری مافی هاوڵاتیان و خەڵکیدایە ؟ هەرەوەها کێ لەم داواکاریانەدا سەرکز و بێ چرپەیە لە پێناو بەرژەوەندی تاکەسی خۆیان و بەهەلپەرستین شێوە دۆخی ناجێگیر و قوربانی و خوێنی قوربانیەکان و چارەنوس و ئایندەی خەڵکی کوردستانیان لە باشوردا بە کارهێنا بۆ گەیشتن بە هیوای خۆیان.
   لێرە بەدوادوە دەخوازێت و لەم یادە پیرۆز و شکۆدارەدا دروشم ئامانجەکان بگۆڕدرێن بۆ (ڕاماڵینی حیزبەکان و سەرلەنوێ بونیادنانەوە) ئەمەش بەمانای ئەوە دێت تەواوی ئەو حیزب و هێزە سیاسیانەی لە ناو دەسەڵاتدان و یاخود بە فێڵ و درۆ هاتون خۆیان دەکەن خەمخۆر و هاوسۆزی هاوڵاتیان بڕوخێندرێن و دواجار سزادانی تاک بە تاکی ئەو کەس و کەسایەتیانەی بە سوود وەرگرتن لە دەنگ و داواکاری هاوڵاتیان ژیانی خۆیان گۆڕی بەرەو چاکتر دۆخی خەڵکیان خراپتر کرد ...

    دەتوانین کوردستانی باشوور پۆلێن بکەین بۆ دوو بەرەی دژەبەری یەکتر : یەکەمیان بەرەی هەموو حیزبەکان بە دەسەڵاتدار و بەرهەڵستکاری ساختەوە ، دوەمیان بەرەی هاوڵاتیان و خەڵکی ڕزگاریخواز و ئازادیخواز و خۆبەخشانی دڵسۆز و ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینە تا لەم ڕێگایەوە نەخشە و کارنامەیەک دابڕێژرێت بۆ داڕمانی دەسەڵاتی حیزبەکان لە باشووردا بەبێ جیاوازی دواتر سەرلەنوێ داڕشتنەوە و بونیادنانی کوردستان لە باشووردا...

لەم یادەدا گیانی شەهیدانی قوربانیەکانی (١٧) شوبات و ڕۆژانی دوایی ئارام بێت ...
گیانی شەهیدانی ئازادی و سەرفرازی شاد بێت ...
بە هیوای ئایندەیەکی گەش و بە ڕوخاندنی حیزبەکان و بونیادنانەوەی کوردستانی باشوور ..

18/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر