(بەرهەم ساڵەح) جارێ تر(٢٨) بۆ(٨٤) ئەبینێتەوە..؟

سۆران محەمەد غەریب

  کاری سیاسەت کردن هەم هەلەهەم بۆ هەڵکەوتنە چۆنت بوێت بیقۆزیتەوە و چالاکی خۆتی تیادا بەگەڕبخەیت بۆ گەیشتن بە ئامانج یان ئەنجام، بەڵام ئەمە بۆچی و لەبەرژەوەندی کێدا ..؟ هەمیشە کەسە ژیرەکانی ناو ئەم کایە گرنگەی ناو کۆمەڵگا ئامانجێکی ڕوون و دیاریکراویان هەیە بۆ پێکانی ئەو خاڵەی کە تیایدا بەرژەوەندی و چاکەی گشتی بۆ هاوڵاتیان دەهێنێتە دی. 
   لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئەو چەندین بەسەرهات و ڕوداومان بیستوە یان بینیوە کاتێک سیاسیەکان دەبنە سەرکردە و سەرۆک ئەوانەن کە بەزارەکی شتێک دەڵێت و بە کردەیی شتێکی تر دەکات و بەرەو ئاقارێکی تری دەبات و لە ئاراستەی وتەکانی خۆی لادەدات.
   مەرج نیە (ژیرترین و ئازاترین و پاکترین و دڵسۆزترین) خەڵکی وڵات لە ناو سنوری سیاسی خۆیاندا ببنە سەرۆک یان جڵەوی فەرمانڕەوایەتی بگرێتە دەست. ئەوانەی تەواوی ئەم خەسڵەتانەی تیادا بێت یاخود هەندێکی، ئەو کەسانەن کە ناتوانن بگەنە سەرترۆپکی فەرمانڕەوایەتی کردن یاخود ئەگەر بشگەنێ لە مەودایەکی کەم لێیان دەدرێت و دەسڕێنەوە.
   کۆمەڵگای مرۆڤایەتی زۆر کەسی کاریگەری خستۆتە بەردیدەمان کە بوونەتە مێژوویەکی پرشنگدار کە تاوەکو ئێستاکەش ناو و ئاکارەکانیان بۆ گەلەکانیان و سەراپای مرۆڤایەتی ماوەتەوە.. لەوانەش کەسێتیەکی کاریگەری هیندۆسێکی وەکو(گاندی) ئەو مافناسەی کە توانی بە بێدەنگی و هێوری و هۆشبەخشین بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی سەربەخۆی بۆ گەلەگەی دەستەبەر بکات، یاخود (ماندێلا)ی مەزن لە وڵاتێکی وەکو ئەفەریقادا بە باوەڕ بوونی بە یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکان وەک یاساناسێک ژیانی لاوێتی خۆی بەخشی و بەدرێژایی (٢٧) ساڵ چووە کوچی زیندانەوە تەنها لەبەر ئەوەی جیاکاری نەژادی لە نێوان مرۆڤەکاندا نەهێڵێت، یان پزیشکێکی شۆڕشگێڕی وەکو(گیڤارا) کە لە حکومەتەکەی کوبادا تەختی وەزارتی بەجێهێشت لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاران و دواجار دەستبەسەرکراو گیانی بەخشی.  
   مێژوو بەوەوە جوانە کە ئەم جۆرە کەسێتیانە تیایدا بونیان هەیە، دەنا قێزەونترین و بە ئازارترین و پڕ ئەندێشەترین مێژوو ئەوەیە کەسانێکی ناو کایەی سیاسی وەک ئەم جۆرە سەرکردانەی سەرەوەی باسم کردن  بیریان نەکردۆتەوە و بە پێچەوانەی ئاراستەی ئەم گەورە مرۆڤانە ڕێچکەیان گرتوە.
   دەمەوێت ئەوە بەخوێنەری بەڕێز بڵێم ئەم بابەتەی کە لەم گوتارەدا باسی لێوە دەکەم بە تەنها قسە نیە، بەڵکو وشە بەوشەی بە تەواوی بیرکردنەوەم باوەڕم پێی هەیە و کاری لەسەر دەکەم و بەر لەوەی بە خوێنەری بڵێم سەرەتا بەسەر خۆمدا پیادەی دەکەم ئەوجا دەکەومە هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتن.
   کاتێک سیاسەت دەکرێت دەبێت بپرسین : ئایا سیاسەتکردن لە پێناو خەڵکە یان خۆتە..؟ ئەگەر لە پێناو خەڵکە ..؟ کەواتا کامەیە بەرهەمەکەی بۆ خەڵکی و هاوڵاتیان ..؟ ئەگەر سەرنج بدەین لە زۆرینەی هەرە زۆری ئەوانەی بە ناو سیاسەت دەکەن هەر لە بەناو خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە و دەسەڵاتدار تا دەگاتە نەخوێندەوارێکی نەزان و نەشارەزا جگە لە خۆی و خانەوادەی و کۆمەڵێک بەرخۆری بێ بەرهەم بۆ کۆمەڵگاکەیان هیچ کەسێکی تر لە هاوڵاتیان سوودی لێ نابینن لەوەی لێی بەدەست دێت.
  سیاسەتکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەفەریقادا هێندەی کاری بازرگانی کردن و خۆدەوڵەمەندکردنە تۆزقاڵێکی ئەمە کاری کردەیی نیە لەپێناو گەیشتنی هاوڵاتیانیان بە بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی. لەناو ئەم ناوچانەشدا کوردستانێک هەیە ئەویش کوردستانی باشورە و پڕێتی لە ڕووی ساختە و تەڵەکەبازی و گەمژاندنی خەڵکی.
   لێرەدا و لەو بارەیەوە گوتارەکەم تەرخان دەکەم بە (دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح) کە لە ئێستادا لە لوتکەی دەسەڵاتی سەرۆک کۆماریەوە هاتۆتەوە خوارەوە بە هەمان شێوەی تەواوی سەرۆک و دەسەڵاتدارەکانی تر پێی دەگوترێت(سەرۆک کۆماری عێراقی پێشوو). هەڵبەت ئەوەی ڕوودەدات دەبێتە مێژوو.
   نامەوێت هیچ شتێک شاراوە بێت لەوەی لە پێشودا بەناوی ناوبراوەوە کراوە لە بەرامبەرم کاتێک جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقی بوو لە ساڵی ٢٠٠٦ دا هەڕەشەم لێکرا لە لایەن ئافرەتێکەوە بوو کە لە شاری (لەندەن) دەژیا لە کاتی خۆیدا لە ڕۆژنامەی (ئاوێنە) بڵاوم کردەوە و دواتر لە نوسینگەی ناوبراوەوە لە هەمان ڕۆژنامەدا وەڵام درامەوە .. ئێستاکەش منیش کەوتومەتە هەمان ئەو شارە و ژیانکردن تیایدا بە هۆی دەربەدەر بوونمەوە لەسەر بەگژداچوونەوەی گەندەڵی. چەند نهێنیەک هەیە کە تا ئێستا بڵاوم نەکردۆتەوە هەڵیان دەگرم بۆ ڕۆژی خۆی..
  دەرکەوتنی ناوبراو پێش بە سەرۆک کۆماری بوونی دەگەڕێتەوە بۆ پێشووتر و دوو پایەی تری دەسەڵاتداری هەبووە لەوانە جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی پێشوو دواتر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان. لە هەردوو ئەم دوو پایەیەدا قسەم لەسەر ئەوەنیە کەچی کردبێت یان نەیکردبێت.
   هەستیارترین ئەو قۆناغانەی ناوبراو کە هەرگیز لەبیر خەڵکی و هاوڵاتیان تەنانەت خودی بەرپرسە دەستڕۆیشتوەکانی یەکێتی ناچێت ئەمانەن :
١-دوای نەخۆش کەوتنی تاڵەبانی لە کانونی یەکەمی ٢٠١٢ کە لەگەڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی(کۆسرەت ڕەسول عەلی)دا (ناوەندی بڕیار)یان پێکهێنا بەرامبەر خێزان و کەسە نزیکەکانی تاڵەبانی.
٢- پێکهێنانی هێز و قەوارەیەکی سیاسی بە ناوی(هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) لە ساڵی ٢٠١٧.
   سەبارەت بە یەکەم بەرەی ناوەندی بڕیار بە هۆی بەرژەوەندی تاکەکەسیەوە لە کەمترین ماوەدا دامرکایەوە بە بێ هیچ دەستکەوت و ئەنجامێکی باش لە پێناو خەڵکیدا، هەرچی دوەمیشە لە هاوپەیمانیەکەدا وەکو سەرۆکی قەوارەکە هەموو بەڵێن و گفتەکان کە درابوو کرایە پۆڕی خوراو بۆ گەیشتن بە کورسی سەرۆک کۆمار. شتێکی نامۆ نیە بەبەردەوامی قسە و گفتەکانی ناوبراو لە لایەن خەڵکی دەوترێنەوە و لێ دەدرێنەوە.
   هۆشمەندترین کەس بە تایبەتی لە ئاستی پایە وەرگرتن و دەستڕۆیشتویدا ئەوانەن کە دەتوانن سۆز و هەستی ڕاستەقینەی خەڵکی و هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بە دەست بهێنێت و خۆی بەرامبەر پایە و پارە نەدۆڕێنێت. گەورەترین و بە نرخترین گەنجینە متمانەیە .. پێویستە لەدەست نەچێت، هەر کاتێک لە دەست چوو مەحاڵە جارێکی تر بەدەستی بهێنیتەوە. ئەم قسانەی دەکەم لەوانەیە هەندێک لە خوێنەر بەدڵیان نەبێت ئەمە لە کاتێکدا لە من باشتر دەزانن کە وایە، ئینجا یان لەبەر تێنەگەیشتن و نەخوێندنەوەی ڕاستیەکانە بەهۆی نەزانیان یاخود دەزانن تەنها لەبەر بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان و پاشکۆ بوونیان بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسیان دێنە هێڵی بەرگری کردن.
   دەسەڵاتدارانی یەکێتی زۆر ژیرانە یاریەکی گەرم و گرەوێکی گەورەیان لە دکتۆر بەرهەم بردەوە، ئەویش بەوەی لە کاتی خۆیدا بەرەی بەرەنگاربوونەیان کە(هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری)بوو پەرت و بڵاوکردەوە و هەندێک دەنگیان لە ڕێگای ناوبراوەوە گەڕاندەوە بۆ ناو حیزبەکە بەرامبەر مسۆگەرکردنی کورسی سەرۆک کۆمار بۆ ناوبراو ئەمە بە لایەک، بەلایەکی دی وایان لە دکتۆر بەرهەم کرد بۆ هەتا هەتایە کەس دوای نەکەوێت و باوەڕی پێ نەکات بۆ هەر جموجۆڵ و چالاکیەک بە ناوی چاکسازی لە فەرمانڕەوایەتی کردن.
   دکتۆر ئەوەی بە دەستی هێنا بۆ سەرۆک کۆماری لە سیاسەتدا وەکو یاری(مار و پەیژە) وایە سەرکەوتن بوو بەسەر ئەو پەیژەیەدا کە لە خانەی (٢٨) دەتباتە (٨٤)، بەڵام نەیزانی مارێک دێتە ڕێگای لە خانەی (٨٧) دەیهێنێتە خوارەوە بۆ(٢٤)...!!
  دوا وتەم ئەوەیە : ئەوەی دەمێنێتەوە خەڵکیە، ئەوەی دادەڕمێت و لە ناو دەچێت کورسیە ...

15/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر