نەوشیروان مستەفا لە بەردەم سەرەنێزەی هێرشدا .. بۆچی؟

سۆران محەمەد غەریب
   بەر لەوەی بچمە ناوەخنی ئەم بابەتەوە دەمەوێت شتێکی گرنگ بخەمە بەر دیدە و ناو هزری خوێنەران کە پێویستی بە تێڕامان هەیە، ئەویش بابەتێکە تا بڵێی هەستیارە و ناکرێت وەلا بنرێت. ئەو شتەش بریتیە لە (ڕابردو و ئێستا و ئایندە)ی کەسێتیەکانی نێو کۆمەڵگا هەتاوەکو ژیاندایە، بەڵام بە نەمانیان هەر هەموویان لە دەبنەوە بە ڕابردوو.
  دەبێت هەموان بزانین و باوەڕ بەوە بهێنین کە ڕابردووی هیچ مرۆڤێک چاک بێت یاخود خراپ بە تەنها بەس نیە بۆ ئەوەی بکرێتە پێوەر بۆ تەواوی قۆناغەکانی تری تەمەن و ژیانی، بەڵکو تەواوی ڕابردوو وابەستەکراوی قۆناغەکانی تری ژیانێتی تا دەگاتە ساتەوەختی دابڕانی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.
  ڕونتر و ڕاشکاوتر قسە بکەم : ئا لێرەدا بۆم هەیە پێش کەسانی دی قسە لەسەر کەسێتیەکی دیار و بەرچاو و بەناوبانگ و سیاسیەکی وەک (نەوشیروان مستەفا) بکەم، بۆیە ئەمە دەڵێم تا لەسەرەتاوە بیانوی هەندێ کەس ببڕم لەوانەی بیانەوێت بێنە گۆ و بوێری ئەوەیان تیادا بێت بڵێن دەبوایە ئەم قسانەی ئێستا دەیکەیت لە ژیانی خۆیدا ئەمەت بتگوتایە ئەم هەنگاوەت بنایە. تەنیا وەڵامم ئەمە کە دەیڵێم لەبەر دوو هۆ: یەکەم – لەکاتی خۆیدا ئەوەی خۆم باوەڕم پێ هەبوایە ئەوەم گوتوە لە بەرامبەر نەوشیروان مستەفا و تەواوی بەرپرسەکانی ناو گۆڕان لە چوارچێوەی گفتۆگۆی زانستیانە و ژیربێژیانە کە کەسانی تر بوێری ئەوەیان نەبوو بیکەن و دەریببڕن. دوەم – لە ژیانی ناوبراودا دەیەها گوتارم دەنوسی لەسەر خودی خۆی و بزوتنەوەکە و سەرکردایەتیەکەی و هەڵسوڕاوەکان و دەیەها ڕوداوم دەخستە بەر لێزمەی ڕەخنەباران، تەنانەت ئەو ئەگەرانەی کە لەو کاتانەدا پێشبینیم دەکردن بێ کەم و زیاد یەک لە دوای یەک هەر هەمویان  ڕویاندا تا ئەو دۆخە پڕ لە شکست و هەرەسەی کە دوچاری بزوتنەوەکە هات.
   ئا لەو کاتەی کە گوتارم دەنوسی و دەمگوت :(مەرگی نەوشیروان مستەفا مەرگی بزوتنەوەی گۆڕانە..؟) بە تەواوی باوەڕمەوە دەمزانی بە مردنی ناوبراو بزوتنەوەکە دەکەوێتە دەست کەسانی هەلپەرست و خۆپەرستەوە هەتا سنووری پوکانەوە و لەبەریەک هەڵوەشاندن دەیبەن.
   کاتێکیش نوسیم :(وازهێنان لە گۆڕان ئاساییە و ببن بە ...؟) باش دەمزانی کەسانی بێ باوەڕ لە ناو بزوتنەوەکە خۆیان مەڵاس داوە و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا ئاراستەی هێزەکە دەگۆڕن بەو جۆرەی خۆیان دەیانویست و لەبەرەیەکەوە بەرەو بەرەیەکی تر دەچن و دواجاریش دەبن بە پارتی و یەکێتی یان حیزبە پاشکۆکانیان.
   لەو ساتەوەختەی لە گوتارێکدا نوسیم :(ئەو گۆڕانانەی ... بەس گۆڕان نین) زۆر دروستانە و بە سەلیقانە هەڵسەنگاندم کردبوو لەسەر ئەوەی کە کەسانێک بەس بە ناو لە ناو بزوتنەوەکەدان کە ناوی بزوتنەوەی گۆڕانە، دەنا فڕیان بە گۆڕانکاریەوە نەبوو لەو دەرفەتە دەگەران تا ئامانجی تاکەکەسی خۆیان بهێننە دی. لەوە دەگەیشتم کە گۆڕان بوون ناخە نەک ڕوکار، بەڵام دواجار بینیمان نەک هەر ژیانی خەڵکیان نەگۆری، بەڵکو ژیانی خەڵکیان خراپتر کرد و ئەوەی گۆڕیان تەنهاشتێک بوو ئەویش ژیانی خۆیان بوو بەرەو باشتر.
   ئا لەو کاتەشدا کە نوسیم :(نەوشیروان مستەفا چی دەگۆڕێت و بە چی دەدۆڕێت..؟) هەموو لێکدانەوەیەکم کردبوو کە هەر هەنگاوێکی ناوبراو لێکەوتەی دەبێت بە ئەرێنی و نەرێنی و چارەنوسی خۆی و بزوتنەوەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
   هەر لە ژیانی ناوبروادا بوو کە نوسیم :(کێ دەبێتە میراتگری نەوشیروان مستەفا..؟) باش لەوە گەیشتبووم هەندێ میراتگر هەیە بۆ پارە و دەسەڵاتە، میراتگریش هەن بۆ بیروباوەڕ و ئامانجە... ئەوەم لەبەرچاوان بوو، مەرج نیە میراتگری لە ڕێگای خوێن ببێتە میراتگری بیروباوەڕ.
   دوا گوتاریشم لە پاش مردنی ئەو کەسێتیە :(نەوشیروان مستەفا بە دەستی کێ کوژرا ..؟) هەموو ئەو بکەرانەم خستنە ناو چوارچێوەی ئەندێشە و خەیاڵەوە کە بە ناڕاستەوخۆ دەستیان لە کوشتنی ناوبراودا هەبوو لە پۆلێنکاریەکدا هەر هەمویانم ئاشکرا کرد.
   گەڕانەوەم بۆ ڕابردوو بۆ درێژکردنەوەی گوتارەکەم نیە یان بیڕەنگێنم، بەڵکو بۆ ئەوەیە دەرگای گفتوگۆ لەسەر هەندێ کەسێک دابخەم و لەو ڕێگایەشەوە ڕابردوو نەکاتە خاڵی ڕەخنەگرتن. لەوانەی دەمناسن لە نزیک و دوور باش ئاگادارن هەمیشە خاوەن هەڵوێستە بووم و باوەڕم بە خۆم و بیروباوەڕم هەبوە نەک وەک سەدەها بە ناو نوسەر و خاوەن بڕوانامە و سیاسەتمەدار کە نرخیان لەسەر نوسینی گوتارەکانیان و تەنانەت کەسێتی خۆشیان داناوە. هەمیشە و لە ڕابردودا نەمتوانیوە ڕێگای نادروست بگرمەبەر بەو جۆرەی بیروباوەڕ و ئازار و دەنگی خەڵکی و خەم و چاکەی گشتی بەکاربهێنم لەپێناو بەرژەوەندی تاکەکەسیم.
   بە تەواوی باوەڕمەوە دەڵێم : هەر کاتێک بیروباوەڕ لە لایەن خەڵکانی ناو هێزێکی دژە گەندەڵدا کرا بە ئامراز بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندی تاکەکەسی و خۆدەوڵەمەندکردن و پایە وەرگرتن، ئەوا ئەو خەڵکانە جگە لە پەرەوەردەنەکراوێکی بێ ڕەوشت و بێ ئابرو و بێ نرخ دەنا هیچی دی نین. ئینجا ئەم بەدکاریە لە لایەن هەر کەسێک و لە هەرچی کاتێک و سەردەمێکدا بێت و لە هەر ئاستێکی بەرپرسیاریشدا بێت.
   ماوەیەکی زۆرە بیرم لە نوسینی ئەم گوتارە دەکردەوە لەبەر ئەوەی هێرشێکی چڕ و پڕ دەکرێتە سەر (نەوشیروان مستەفا) ئەگەرچی نزیکەی(٦) ساڵیشە لە ژیاندا نەماوە ...
دەبێت بپرسین ... کێن ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر (نەوشیروان)...؟؟
-ئایا ئەوانەن کە لە ژیانی ناوبراودا دژی خۆی و بیروباوەڕەکەی بوون یان لەوانە بوون کە دۆستان و هاوبیرانی ناوبراو بوون...؟
-ئایا ئەوانەن کە بە بەرژەوەندیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا بووە و ئامانجیان دەستکەوتی تاکەسی بووە یان ئەوان بەبێ هیچ بەرژەوەندیەک پشتگریان لە پرۆژەی چاکسازی و بەرژەوەندی گشتی کردوە ...؟
-ئایا ئەوانە کەسانێکن لە پێناو مەبەست و مەرامی خۆیاندا هێرش دەکەن یاخود لە بێ هیواکردنیان و ڕەشبینیان و هەستکردنیانە بەوەی فریودران و تەفرەیان خوارد لە پێناو پرۆژەیەکی ساختەکارانە...؟
-ئایا ئەوانە لە کەسە خراپ و ناپەسەندەکانی ناو کۆمەڵگان یاخود لە توێژە هەرە دیار و دڵسۆزەکان...؟
   پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە دەبێت باش لەوە بگەین کە هیچ کەسێکی ئاسایی تا دەگاتە سەرکردەکان بەدەر نین لە ڕەخنە لێگرتن، بە تایبەتی ئەگەر(گومان و پرسیار) لەسەر (کردن و نەکردنی) هەندێ شتدا هەبێت و ڕەخنەکان مکوڕ و لە جێگای خۆیاندا بن.
  بۆ وەڵامی پرسیارەکانیش سەرنجم داوە ئەوانەی زۆر بە توندی هێرش دەکەنە سەر(نەوشیروان مستەفا) لە هەرە خەڵکە دیار و بەرچاو و ئەو کەسە دڵسۆزانە بوون بە بێ هیچ بەرژەوەندیەک پشتگیریان لە خودی ناوبراو دەکرد و بەرگریان لەبزوتنەوەی گۆڕان دەکرد، بەڵام لە دوای نەمانی ناوبراو لەم چەند ساڵەی دوایی هێرشەکان چڕ و پڕتر بوون بەو پێیەی کە بزوتنەوەکە بوو بە کارگەیەک بۆ بەرهەم هێنانی کەسانی هەلپەرست و خاوەن بەژەوەندی بە تەواوی و بە ئاشکرا لە ناو گەندەڵیەکانی پەرلەمان و حکومەتدا و دام و دەزگاکانی تێگلا. 
  لێرەدا ئەم پرسیارانە بۆ خوێنەری ئەم گوتارە جێ دەهێڵم :
-ئایا نەوشیروان مستەفا بەو ئاست بەرزی و ژیری و تێگەیشتیەوە کاتێک کە نەخۆش بوو .. نەیدەزانی بەرەو مەرگ دەچێت...؟
-ئایا نەیدەتوانی بەر لە مردنی وەسێتنامەیەک بۆ خەڵکی کوردستان و هەزارەها هەڵسوڕاو و شوێنکەوتوە دڵسۆزەکانی بکات...؟
-ئایا پێش مردنی نەدەبوایە گوتارێکی بۆ خەڵکی وڵاتەکەی بدایە تا گومان لەسەر ڕاستگۆی و دڵسۆزی دروست نەکات...؟
   دوا وتەم ئەمەیە : لەو هەموو شتانەی کە ئێستا جێماوە بۆ نەوەکانی و ئەو بزوتنەوەی گۆڕانەی کە ئێستا هەیە، چی بۆ ئەوان جێ ماوە؟ چیش بە هاوڵاتیان و خەڵکانی دڵسۆز بڕاوە؟ 
   کەواتا کێ لەم نێوەندەدا گوناه بارە...؟
   ئەوانەی خۆیان بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕان و چاکسازیەوە بوونە خاوەنی سەرمایە و دەوڵەمەند بوون یاخود ئەوانەی و بە دروشمی بریقەداری چاکسازی تەفرەدران و سەرئەنجام  بە بێ هیچ هیوایەک جێهێڵران...؟؟

13/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر