گۆڕان: لە لانکەی چاکسازیەوە بۆ ئامێزی یەکێتی و پارتی

سۆران محەمەد غەریب
هەموو شتێک لە بچوکیەوە بەرەو گەورە بون دەچێت ، تەنها یەک شت هەیە کە گەورەیە و دەبێت بچوک بکرێتەوە ئەویش کارەساتە ، کارەسات ئەوە نیە هێزێک یان پارتێک یان بزوتنەوەیەکی سیاسی لە ترۆپکی سەرکەوتنەوە بەرەو دۆڵی دۆڕان ترۆل بخوات ...؟ لێ کارەسات ئەوەیە هێزێکی سیاسی ببێتە بکوژی هیوا و خەونی هەژاران ، بێ دەرەتانانان ، مافخوراوان ، ستەملێکراوان ، بێ پشت و پەنا و بێ کەسەکان .

هیچ هێزێک لە سەرەتای دروست بونیەوە هێندەی بزوتنەوەی گۆڕان جێگای ئومێدی خەڵک نەبوو لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و دەرخەری ئەو ڕاستیانەی کە لای خەڵکی کوردستان  پەنهان و شاراوە بوون . هەر ئەم هۆیەش بوو بزوتنەوەکە توانی لە یەکەمین هەڵبژاردندا نزیکەی (٥٠٠٠٠٠) دەنگ بە دەست بهێنێت . نابێت ئەوەش لە یادبکرێت زۆرینەی ئەو دەنگانە .. دەنگی خەڵکی هەژار و بێ هیواکان بوون لە دەسەڵاتدارانی ئێستای باشور . کەچی ئەم هێزە پێ بە پێ دەنگەکانی بەرەو کزبوون و کەم بوون چوو . ئەو ئەنجامەش لەم هەڵبژاردنەی ١٠/١٠ /٢٠٢١ بۆ پەرمانی عێراق بینیمان ، کاتێک نەیتوانی دەنگەکانی بگەیەنێتە (٢٥٠٠٠) دەنگ ، ئەمەش دەرئەنجامی ناپاکی بریاربەدەستان بوو لەگەڵ دەروێش ئاسا هەلپەرستەکان.

من دەمێک بوو ئەم ڕۆژگارەم دەبینی و هەڵوێستەشم وەرگرتبوو لە بارەیەوە ، هەر بۆیە دواجار (٤) ساڵ لەمەوبەر دەستم لە بەرپرسیارێتی لەم بزوتنەوەیەدا کێشایەوە .

 * هێزێک سەرکرداتیەکەی لە پێناو بەرژەوەندی چەند کەسانێکی پایە و پارە پەرست گوێ لە داواکاری و ویستەکانی دڵسۆزان و هاوڵاتیان نەگرێت...!! هەر دەبێت لە گەورەییەوە بەرەو بچوکبونەوە بڕوات ...

 * هێزێک دەنگی خەڵکی بکاتە ئامراز بۆ بازرگانی و خۆدەوڵەمەند کردن ...!! دەبێت بەرەو نابوتی بچێت ...

* هێزێک هێندەی تۆزقاڵێک ژیانی هەژارێک نەک تەواوی تاکەکانی  کۆمەڵگاکەی پێ نەگۆڕێت ، تەنها دەوڵەمەندەکانی دەوڵەمەندتر کردبێت یان گیرفانی هەندێ چەورە و لات و پوت و نابوتی ناو سیاسەتکردنی پێ پڕ کردبێت ...!! هەر دەبێت ئەمە بەشی بێت ...

* هێزێک نەتوانێت بندیوار و گەندەڵەکانی خۆی لە ناو بزوتنەوەکەدا دوربخاتەوە و موچەکانیان ببڕێت ،  ئەمە ئەنجامەکەیەتی ...

* هێزێک نەتوانێت گوێ لە خەڵکان و هەڵسوڕاوانی دڵسۆزی بگرێت و نەتوانێت بەرگری لە خوێنی ڕژاوی هاوڵاتیان بکات ...!! دەبێت خۆی لەم دۆخەدا ببینێت ...

* هێزێک لەگەڵ ڕکابەرە سەرسەختەکانیدا دەم بە قاقا و پێکەنین بێت و دڵسۆزانی لا بە دوژمن بێت ...!! دەبێت فەرامۆش بکرێت ...

* هێزێک بە ناوی چاکسازیەوە لەگەڵ حیزبە گەندەڵەکان کلک گرێدراو بێت و چاکسازی بەس لە دروشمەکانیدا بونی هەبێت و خەڵکی هیچ بەرهەمێکی لێ نەبینێبێت ...!! دەبێت چاوەڕێی ئەوەش بێت گەورەترین سزا بدرێت ...

   بەرئەنجام و دوا وێستگەی ئەم بزوتنەوەیە کۆتایی پێهات و خۆری بەتینی ئومێدیش بەرەو زەردەپەڕ ڕۆیشت ...

  ئینجا ببینن چۆن ئەم هێزە پەیتا پەیتا بەرەو دابەشکردن دەڕوات و تا قۆناغی پوکانەوەی یەکجارەکی ...

   ببینن چۆن  بەرپرسە کەڵتەکۆنە سیاسیەکان و هەرزە و چاوچنۆک و دەرفەت پەرستەکان لە ناو ئەم بزوتنەوەیەدا دەچنە ناو ئامێزی گەرمی یەکێتی و هەندێکیشیان خۆیان دەخزێننە ناو باوەشی پڕ لە سۆز و میهرەبانی پارتی ... !!!!!

ئەوەی دەربار و فریودراویشە وەدوی بەرپرسەکانیان دەکەون جا لە ناو ئەم بزوتنەوەیەدا بمێننەوە لەگەڵیان دەمێننەوە یان بگەڕێنەوە ناو هێزێکی سیاسی دی ، ئەوانەی تر لە داماو  و بەشمەینەتە بە واقوڕماوی دەمێننەوە بە خەونی هاتنەدی گۆڕانکاریەوە لەسایە و سێبەری بێ ئومێدبوندا دەتاسێن و خۆیان دەدۆزننەوە ...


13/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر