بنەماڵەی بارزانی دوای مەسعود بارزانی بەرەوكوێ‌؟

ساڵح ژاژڵەیی

مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی و پەیوەەندی نێوان وڵاتان و میللەتانی جیهانوهۆز و تیرەو بنەمالە سیاسی و دینیەكان و حیزبەكان  لێواو لێون لە كێشەو شەڕو ئاژاوەو ناكۆكی و  یەكتری لەناوبردن و لەت لەت بون و لێكترازان . هۆكاری هەموو ئەو ڕوداوانەش تەنهاو تەنها لەسەر درێژەدان بەمانەوە لە ژیان و بەرژەوەندی تایبەتیدا بوە  ، جا بەرژەوەندییەكان  مادی بووبێت  یان دەسەڵاتی  دینی یان سیاسی.
زوربەی هەرە زۆری ئەو لەتبون وپارچە پارچە بونەش بارودۆخەكەی بەرەوبارو دۆخێكی خرابتر بردوە نەك چاكتر و دواجار هەر مرۆڤەكان بونە قوربانی ئەو ناكۆكیانەی كە ڕویانداوە .
لێرەدا زۆر  بە خێرایی هەندی نمونەتان بۆ باس دەكەم : ئەوەتەی دەوڵەتی عێراقی دروست بوە كەمینەی سوننە زۆرینەی  شیعە دەچەوسێنێتەوە ،بەڵام ئیستا كە شیعەكان خۆیانباڵادەست و خاوەن دەسەڵاتن  شەڕیانە  لەسەرپارەودەسەڵات . بابانەكان لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆیان بونە دوو بەشەوە لایەكیان سەر بە دەوڵەتی عوسمانی و ئەوی تریان  سەر بە دەوڵەتی  سەفەوی ئێرانی  دواجار ئەمانە لەشكری دوژمنانیان دێنایە سەر یەكتری . كێشەی نێوان كاك ئەحمەدی شێخ و مەولاناخالێدی نەقشبەندی لە  سلێمانی  لەسەر دەسەڵاتی دینی و دواجار مەولاناخالید سلێمانی بەجێهێشت . 
كێشەی نێوان بنەماڵەی بارزانی  لەگەڵ هەموو عەشیرەتەكانی دەورو بەریان لەسەر دەسەڵات و فەرمان ڕەوایی . دوایی كەوتنە پاكتاو كردن و لەناو بردنی یەكتری لەناو خۆیاندا .لە ساڵی 1927  مەلا عەبدول ڕەحمان  كە یەكێك بوە لە كەسایەتیەكانی ناو بنەماڵەی بارزانی لەبەر ئەوەی مونافەسەی  شێخ ئەحمەدی كردوە ، كوشتویانە .
 لە كتێبی مام خان شیروانی بەناوی ڕەچەڵەكی بارزانیان  هاتوەو دەڵێت : مەلا مستەفا  (ملا جوجی ) كوشتوە كەخاڵی خۆی بوە چونكە ترساوە  ئەوجێگەی بگرێتەوە . كێشەی زۆریان لەگەڵ  خورشیدیەكان هەبوە كە بەشێكن لە بنەماڵەی بارزانی .
 شەهید كردنی فاخیر مێرگە سووری و باوك و براكانی  بە فەرمانی مەلا مستەفا  نمونەیەكی تری ناكۆكی نێوان هۆزو بنەماڵەو تیرەكانە . حیزبی شیوعی عێراقی  بوو بە دوو بەشەوە . پارتی دێموكراتی كوردستان لە ساڵی 1964 توشی كێشەی ناوخۆیی  بوو  بەشێك لە سەركردەكانی لە پارتی جیابونەوە . یەكێتی نیشتمانی  دوای دروستبونی  توشی كێشەی ناوخۆی هات .دواجار بەشێكیان  جیابونەوەو ناوی حیزبی سۆسیالیستی كوردستانیانلە خۆیان نا. دوای ئەوە بەشێكیش لە حیزبی سۆسالیست جیابونەوەو ناوی زەحمەت كێشانیان لە خۆیان نا . مەلا بەختیار  بەشێكی لە یەكێتی دابڕی بەناوی ئاڵای شۆڕشەوە .
 دوایی بزوتنەوەی گۆڕانیش  دروست بوو كە زوربەی سەركردەكانی بزوتنەوەكە ، ئەندامی پێشووی یەكێتی بون . هەتا مرۆڤایەتی هەبێت ، ئەم جۆرە دیاردانەش بەردەوام دەبێت چونكە لە ناخی هەموو مرڤێكدا بەبێ جیاوازی جۆرێك لە ئەنانیەت وخۆ ویستی تێدایە.
 هەموو كەسێك  پێی خۆشە لە هەموو كەس دەوڵەمەنتر ، جوانتر ، بەدەسەڵاتر ، بەتواناتر ،ناودارتر و عاقڵتر بێت .كەواتە زۆر مەترسیدارە  مرۆڤخاوەنی ئەم خەسڵەتانەبێت ، ئەگەر هەندی ڕێگری وەكو عەقیدەی دینی ، دیسپلینی حیزبایەتی ، عورفی كۆمەڵایەتی ، ویژدانی مرۆڤەكە و  ترسی سزادان و  لێپرسینەوەی  یاسایی  نەبێت  ، مرۆڤەكان بەزەحمەت دەتوانن لە گەڵ یەكتری  بژین .  ئەمەی سەرەوە تەنها دەرگایەك بوو  بۆ چونە ناو كرۆكی باسەكەمەوە :
 (بنەماڵەی بارزانی دوای مەسعود بارزانی بەرەوكوێ‌ ؟. 
لە دروستبونی شۆڕشی ئایلۆلەوە هەتا ئێستا كە قسەی تێدا دەكەین  هیچ حیزبێكی ساسی وەكو پارتی بە یەكگرتویی و  بە بەهێزی نەماوەتەوە . حیزبێكی خاوەن مەركەزیەت و دیسپلینی زۆر بە هێزە . تا ئێستا توشی لەتبون و كێشەی ناوخۆیی نەبوەو خاوەنی جەماوەرێكی زۆری خۆیەتی  كە تەواو پابەندن بە فەرمانی حیزبەوەو زۆر دڵسۆزن بۆی .
ئەوەی ساڵی 1964 ڕویدا لەتبون و پارچە پارچە بونی پارتی نەبوو ، بەڵك و جیابونەوەی هەندێك سەركردەی ناو پارتی بون لەو كاتەداو  پارتی هەر بە یەكگرتوی و بە هێزی وەكو خۆی مایەوە . 
بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە هەموان بیزانن ئەوەیە كە هەموو هێزی پارتی  لە بنەماڵەی بارزانیەوە  سەرچاوە وەر دەگرێت  نەك لە خودی پارتی خۆیەوە . ئەگەر بنەماڵەی  بارزانی لاواز ببێت یان  لەناو بچێت ، پارتیش  بە هەمان شێوەی  لێدێت  . كەواتە پارتی  هەم بنەماڵەیەو هەم حیزبیشە.
بارودۆخی ئێستای ناو بنەماڵەی بارزانی  لە چ بارودۆخێكدایە  ؟.
 شێخ ئەحمەدی برای مەلا مستەفا تا لە ژیاندا بوو ڕابەری ڕۆحی بنەماڵەكە بوو . مەلا مستەفا زۆر ڕێزی  لێدەگرت و كاتێك  شێخ ئەحمەد دادەنیشت ئەو بە پێوە دەوەستا .ئەم كەلتوری ڕێزگرتنە بوو بە بنەماو فاكتەری مانەوەو بە هێزی  بنەماڵەی بارزانی  تا ئێستاش بەردەوامی هەیە .
 مەلا مستەفاش لە شۆڕشی ئایلولەوە وەكو سەركردەیەكی میللی گەلی كورد ناسرا . كەواتە ئەمانە زۆر ژیرانە هەڵس  و كەوتیان كرد و یەكێكیان بوو بە ڕابەری ڕوحی بنەماڵەی بارزانی و ئەوی تریشیان  بوو بەڕابەرێكی نیشتمانی و لە سەر ئاستی هەموو كوردستان و دەرەوەش ناسراو حسابی بۆ دەكرا . 
كاتێك شێخ ئەحمەدی برای مەلا مستەفا ئەمری خوای كرد ، مەلا مستەفا  بە تەنها خۆی  بوو بە شۆڕەسواری مەیدانەكە لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان چونكە هیچ ڕكەبەرێكی لە خۆی بەهێتر نەبوو . ئیدریس ومەسعودی كوڕیشی  لە شۆڕشی ئایلولدا كە ئەو كات تەمەنیان زۆر نەبوو هێواش هێواش دەردەكەوتن و خەڵك دەیناسین .  تا مەلا مستەفا لەژیاندا بوو ئەمان خاوەن بڕیار نەبون .
بەڵام ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە هەرچەندە ئیدریس  بارزانی لە مەسعود بارزانی بە تەمەن گەورەتر بوو ، بەڵام مەلا مستەفا زیاتر گرنگی بە مەسعودی كوڕی دەداوئەوی زیاتر دەهێنایە پێشەوەو دەیویست ئامادەی بكات بۆ جێگرەوەی خۆی .وەكو باسی دەكەن مەلا مستەفا كاریگەری خێزانەكەی  لە سەری هەبوە . 
دایكی ئیدریس بارزانیش  سۆرانیەو خەڵكی شاری  سلێمانیە.  ئیدریس بارزانی  زوو  ئەمری خوای كردو كار نەگەیشتە ئەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی  برای  بەربەرەكانی یەكتری بكەن لەسەر دەسەڵات و مەسعود بارزانی بوو بە خاوەن دەسەڵاتی ڕەهاو بێ ڕكەبەر لەناو بنەماڵەو حیزبیشدا .
بەلام ئەوەی شیاوی  باسە ئەوەیە كۆج كردنەكەی ئیدریس بارزانی قسەو باس و گومانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا گوایە بە سروشتی نەمردوەو دەستێك لە پشت مردنەكەیەوە هەبوە . بەڵام تا ئێستا ئەوە هەر قسەو گومانەو نەسەلمێنراوە  ڕاستە یان درۆیە . بەڵام ڕابوردوی بنەماڵەی بارزانی لەو بوارانەدا ، گومانەكە بەهێزتر دەكات . 
كاتێك دەسەڵاتی بەعس نەماو هەرێمی  كوردستان بوو بە خاوەنی حكومەت و پەرلەمانی خۆی ، ماوەیەكی زۆر نیچیر ئیدریس بارزانی كە لە هەمان كاتیشدا زاوای مەسعود بارزانییە، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو . خاوەنی دەسەڵاتی زۆر بوو ، لە هەمان كاتیشدا خاوەنی  سامانێكی زۆریشە .خاوەنی ڕێكەوتنی 50 ساڵەی نەوت و غازە لەگەڵ  توركیا ، كە كارەساتێكی گەورەی بەسەر ئەم میللەتدا هێناوە . 
دوای پێكهێنانی  كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم چی ڕویدا؟.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور مەسعود بارزانی پێك هێنرا . هەر لە سەرەتای  دروستبونی كابینەكەوە واتە واتی ئەوە  دروست بوو كە ئەوە بۆكەمكردنەوەی ڕۆڵی نێچیر بارزانی و برەودانە بە ڕۆڵی مەسرور بارزانی  .
 نێچیر بارزانی بە ڕواڵەت كرا بە سەرۆكی هەرێم ، بەڵام  ئەو پۆستە لەئێستادا هەر ناوەو لە ڕاستیدا  مەسعود بارزانی هەر خۆی لە پشتی هەمووبڕیارەكانەوەیەو هەر خۆشی  ڕۆڵی سەرۆكی هەرێم دەبینێت .  كاتێكیش خەڵك قسەیان لەسەر نەبونی موچەو كەمی خزمەت گوزاری دەكرد ، مەسرور بارزانی دەیگوت ئەوە پەیوەندی بە كابینەی پێشوەوە هەیەو پەنجەی تۆمەتیان بۆ كابیینەكەی نیچیر بارزانی درێژ دەكرد .
دوای ئەوەی مەسرور بارزانی  دەست بەكار بوو وەكو سەرۆكی حكومەت  دەستی كرد بە پەڕاوێزخستن و دوور خستنەوەی ئەوانەی لە نیچیر بارزانیەوە نزیك بون چ لەناوحكومەت  چ لەناو حیزب. سەیركەن ڕۆژنامە نوس ڕێبوار كەریم وەڵی بەرپرسی كەناڵی  ڕوداو  كە نزیك بوە لە نیچیر بارزانی ، هەر لە كوردستان نەماوە . ئێستا نێوانی مەسرور بارزانی و نێچیر بارزانی باش نییەو لەگەڵ یەكتری ناكۆكن .  ئەوەتا بڕیارێك لایەن مەسعود بارزانیەوە دەرچوەو ئاراستەی هەموو دام و دەزگاكانی پارتی كراوە  كە بە هیچ شێوەیەك چاو پێكەوتن لەگەڵاَ كەناڵی ڕوداوی سەر بە نیچیر بارزانی نەكەن . لە لایەكی تریشەوە دەردەكەوێت كە مەسعود بارزانی زۆر بە جدی هەوڵی هینانە پێشەوەی مەلا مستەفا واتە بابۆی كوڕی دەداو  بە مەبەست  لە بۆنەكاندا دەهێنرێتە پێشەوە . 
مەسعود بارزانی تەمەنی بەرەو سەرو چوەو دەیەوێت پیش مردنی خۆی دەسەڵات و ڕابەرایەتی بنەماڵەی بارزانی ڕادەستی كوڕەكانی خۆی بكات بە تایبەتی مەسروری كوڕی .
 سەرەڕای بونی ناكۆكی زۆر لەناو بنەماڵەی  بارزانیدا ، بەڵام لە ئێستادا بەدوور دەزانرێت هیچ لێك ترازانێك  ڕوبدات تا مەسعود بارزانی خۆی لە ژیاندا مابێت . بەڵام  دوای كۆچی  مەسعود بارزانی  دروست بونی كێشەو ناكۆكی لەناو بنەماڵەی بارزانیدا  ئەگەرێكی زۆر چاوەڕوانكراوە. 
لە ئێستادا نێچیر بارزانی كارەكتەرێكی سەرەكی  ناو بنەماڵەی بارزانییە و  كەسێكی ناسراوە لە سەر ئاستی دەرەو ناوەوەش .بەڵام لە ئێستادا  هیچ ڕۆڵێكی بۆ نەماوەتەوە  بیبینێت و پۆستی سەرۆكی هەرێم  بۆتە پۆستێكی كارتونی بۆ ئەو .  گومانم نیە كە نێچیر بارزانی سەرەڕای هەموو نیگەرانیەكانی لە مامی ، بەڵام بە پێینەریتی ناو بنەماڵەكەیان لە فەرمانی مامی دەرناچێت و ڕێزی زۆریشی لێدەگرێت . 
بەڵام بە نەمانی مەسعود بارزانی ئەم نەریتی ڕێزگرتنەش كۆتایی دێـت چونكە ئێستا قۆناغی دەسەڵاتی حوكمڕانی و بەرژەوەندیەكانەو نێچیر بارزانیش خۆی لە مەسروری ئامۆزای بەكەمتر نازانێت و بێدەنگی دەشكێنێت و دەكەوێتە چوڵە.
لەولاشەوە ئەدهەم بارزانیش كە كوڕی شێخ عوسمانی شێخ  ئەحمەدی بارزانەو لە ئێستادا هیچ ڕۆڵێكی نییەو پەڕاوێزیش خراوەو خراوەتە ژێر چاودێرییەوە  بە هەمان شێوەی نیچیر بارزانی ئەویش بێدەنگ نابێت  . گومانی تێدا نییە كەسانی تریش خۆیان بۆ دوای كۆچی مەسعود بارزانی ئامادەكردوە و هەر یەكەیان  بەشی خۆی دەوێت لە كێكەكە  . 
ڕەنگە هەندی كەس بڵێن هەرگیز لێكترازان  ڕونادات و خۆیان دەزانن ئەگەر  لەناو خۆیاندا ڕێك نەبن ، خۆیان لەناو دەچن  و ئەوە هەر خەونی دوژمنانی بنەماڵەی بارزانی و پارتییە .ئەوانەشی دژی بنەماڵەی بارزانین ، دەڵێن لییان گەڕێن  با یەكتری بكوژن . بەڵام  من بەش بە حاڵی خۆم  خۆشحاڵ نابم  بەوەی شەڕو ئاژاوە  لەناو میللەتی كوردی بەگشتی بنەماڵەكانیش بە تایبەتی دروست ببێت ، چونكە دواجار  هەر كورد خۆی زەرەر دەكات و دۆزی كوردیش بە هیچ ئاكامێك ناگات . 
 بەڵام دەبێ ئەو ڕاستیەش باش بزانین  كە گۆڕانكاری  پڕۆسەیەكی  بەردەوامی ناو كۆمەڵگایەو ئەوە  نە بە حەزی من و تۆیەو نە بە حەزی بنەماڵەی بارزانییە چونكە مێژوی مرۆڤایەتی ئەوەی سەلماندوە  . دواجار هەر ناكۆكیەكانی ناو بنەماڵەی بارزانی دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ لێكترازانی ڕێزەكانی ناو بنەماڵەكەو كەم بونەوەی ڕۆڵی پارتیچونكە حیزبی بنەماڵەیە . 
دەمەوێت بۆچون و لێكدانەوەی خۆم  بۆ ڕوداوەكانی دوای كۆچی مەسعود بارزانی بنوسم  :
1-لە ساڵانی ڕابوردودا بەرژەوەندیە مادیەكان ئەوەندە زۆر نەبون  كە ببنە مایەی كێشەی گەورەو  ژیان وگوزەرانی  هەموان  لە یەكەوە نزیك بوو . پەیوەندیەكانی نێوان ئەندامانی بنەماڵەكەش بە هێزو یەكگرتوبون .  بەڵام  ئێستا حسابات  ملیارات دۆلاری تێپەڕاندوەو بەوهۆیەوە بەرژەوەندیەكان زۆر بون و مێژوش ئەوەی سەلماندوە زوربەی كێشەكان لەسەر پارەو دەسەڵاتە . كەواتە ئەم فاكتەرە كاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر مانەوەی  یەكڕێزی ناو بنەماڵەی بارزانی دادەنێت چونكە لێرەدا بەرژەوەندی  ڕۆڵی زۆر گرنگ دەبینێت . 
2-لە ڕابوردودا لەناو بنەماڵەی بارزانی هەر شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفاو مەسعود و ئیدریس هەبون و خاوەن بڕیار بون . بەڵام ئێستا هەر نەوەكانی مەلا مستەفا خۆی دەیانی تێ پەڕأندوە  .
 نەوەكانی  مەسعود بارزانی و نەوەی نەوەكانی . نەوەكانی ئیدریس بارزانی و نەوەی نەوەكانی . سابیرو لوقمان عبیداللە و هەموو ئەوانی تریش و نەوەكانیان . سامانی زۆر و بەرژەوەندی زۆر و نەوەی  زۆیش ، كێشەی زۆریش بەدوای خۆیدا دێنێت . 
3- دوای كۆچی موسعود بارزانی نیچیر بارزانی و مەسرورزانی دەبنە دوو كارەكتەری دیاری ناو بنەماڵكەو ڕۆڵی سەرەكی دەبینن لەو بارودۆخەی دێتە ئاراوە و هەر یەكەیان هەوڵ دەدات زۆرترین لایەنگر بۆلای خۆی پەیدا بكات . هەردوكیان لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە ناسراون , هەردوكیان خاوەن پارەو كۆمپانیای گەورەشن .
بە بۆچونی خۆم دوای نەمانی مەسعود بارزانی بنەماڵەی بارزانی دابەشی سەر دوو بەرەو لایەن دەبن ، بەرەی مەسرور بارزانی و  بەرەی نیچیر بارزانی . بە هەمان شێوەش  ئەندامان و لایەنگرانی حیزبیش بەسەر  ئەودوولایەنەدا بەش دەبن . مەرج نییە ئەمانە دەست بكەن بە شەڕی دەستەو یەخەو  یەكتری كوشتن ، بەڵام كۆكیش نابن. یان وەكو ئێستای ناو یەكێتیان لێدیدێت . 
هێواش هێواش دیوەخانانەو خەڵك كڕینی ناو حیزبەكان و هاوكاری دوكانە حیزبیەكان  نامێنێت . ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی دەنگدەرەی پارتی كەم دەبێتەوە ، زۆرینەی پەڕلەمانیان  نامێنێت وناچار دەبن داوای هاوكاری لە حیزب و لایەنەكانی تر بكەن . لێرەوە  گۆڕانكاری ڕیشەیی لە پڕۆسەی سیاسیدا دەست پی َدەكات . 
4- هاولاِتیانی زونی زەردیش بە تایبەتی دەڤەری بادینان كە ناوەندی بەهێزی بنەماڵەی بارزانییە ، دابەش دەبن بەسەر لایەنگرانی بنەماڵەی بارزانی  بە تایبەتی ئەوانەی كە لێیانەوە نزیك بون وزۆر سود مەند بون ، ئەوانەش كە  لە كۆندا دوژمنایەتیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی  هەبوەو ئەوانەشی لەلایەن ئەوانەوە سزای سیاسی دراون .
لە لایەكی تریشەوە  بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی  ناوچەكانی نزێك سنووری توركیاش بە حوكمی نزیكی و پەیوەندی نزیكیان بە پەكەكەوە ، دژی بنەماڵەی بارزانین . كەواتە ئەمانە هەمویان بە نەیارو لایەنگرانی بنەماڵەوە دەبنە لایەنگری ئەو لایەنەی بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بەدی دەكەن . كەواتە ئەمە سەرەتایەك دەبێت بۆ كەمبونەوەی ڕوڵێ‌ بنەماڵەی بارزانی و لاوازبونیان . 
بە بۆچونی خۆم دوای هەموو ئەمانە دوو گۆڕانكاری گەورە ڕودەدەن :
یەكەم : بنەماڵەی  بارزانی بەرەو بچوكبونەوە دەڕوات ، چۆن؟. ساڵانی ڕابردوو  كە باسی بارزانیەكان دەكرا ، كۆمەڵێك لە تیرەو خانەوادەو كەسایەتی زۆری لە خۆدەگرت . بەڵام دوایی ئەمە بچوك بۆوە تەنها بۆ شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا .
 كاتێكیش شێخ ئەحمەد ئەمری خوای كرد ، دەسەڵات  بە تەنها كەوتە دەستی مەلا مستە تا خۆشی خاوەنی دەسەڵات بوو لە زاخۆوە  تا خانەقین هەموان  گوێڕایەڵی فەرمانەكانی بارزانی بون . بەڵام لە ئێستادا تا دێگەڵە  مەسعود بارزانی دەسەڵاتی هەیە .
 ئێستاش مەسعود بارزانی بەرنامەی داناوە  كە دوای خۆی تەنها كوڕەكانی خۆی  ببنە جێگرەوەیی  و بە پلەی یەكەم مەسروری كوڕی . كەواتە ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین عەشیرەتی بارزانی بەو گەورەیی خۆیەوە  لە  هەنگاوی یەكەمدا  بچوك بۆوە بۆ تەنها یەك بنەماڵەی ناو عشیرەتەكە ئەویش بنەماڵەی مەلا مستەفایە بە براو كوڕەكانیەوە .
لەناو بنەماڵەكەش بۆ تەنها یەك خێزانی ناو عەشیرەتەكە ئەویش مەسعود بارزانییە .لەناو خێزانی مەسعود بارزانیش تەنها بۆ  بۆ كەسێكی دیاریكراو ئەویش مەسرور بارزانییە .  ئەی باشە نەوەكانی تری كوڕەكانی مەلا مستەفا چ كارەدەبن ، وەكو ئیدریس و لوقمان و سابیرو عبیداللە ئەوانیتر , ئەی ئەدهەم بارزانی كوڕی شیخ عوسمانی كوڕی شیخ ئەحمەدی برای مەلا مستەفا ، ئەی نەوەی ئەوانەش كە هەمویان لەشكرێك دەبن و هەموشیان خۆیان بە هاوبەش و خاوەن حەق دەزانن ؟. 
گومانی تێدا نییە دوای كۆچی مەسعود بارزانی هەمووئەمانە دەكەونە جوڵەو بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا وێڵ دەبن  . كەواتە ئەوەی كە باسم كرد ئەوە دەگەیەنێت  كە عەشیرەت و بنەماڵەی بارزانی بەردەوام بەرەو بچوك بونەوە ڕۆیشتون . 
دووەم : ئەوەی لە خاڵی یەكەمدا باسمكرد  دوو ئەنجامی زۆر گرینگی لێ بەرهەم دێـت. یەكەم  دەسپێكی سەرەتایەكی گرنگ دەبێـت بۆ كەمبونەوەو نەمانی یەكجارەكی  دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێلەكی دواكەوتو.
چونكە هێواش هێواش  ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی تێكەڵی ژیانی مەدەنی دەبن و لە ناوچەكانی  پێشویان دوور دەكەونەوەو دەست بەرداری كەلتوری  دەمارگیری خێلەكی و بنەماڵەیی و تۆلە كردنەوەو  ڕق لە یەكبون ونەریتە كۆنەكانیان دەبن .ئەمە بەدەست خۆیان نییەو ڕەوڕەوەی مێژو بەرەو پێشەوە دەڕوات  مێژوی هەموو میللەتانی دنیاش بەم قۆناغانەدا تێپەڕیون و گۆڕانكاری گەورەیان بەسەردا هاتوە .
 ئەی قوناغی دەرەبەگایەتیش لە سەرەتادا حوكمڕان نەبون و دوایی  بە یەكجاری نەمان  ئامانجی دووەم دەسپێكی سەردەمی گەشە كردنی پڕۆسەی سیاسی و دێموكراسی  لە بواری حوكمڕانی و بەڕیوەبردنی كۆمەڵگادا لەسەر شێوازی نۆێی وڵاتانی پێشكەوتو دەست پێدەكات وگەشە دەكات و كۆتایی مەرگی دەسەڵاتی خێلەكی نزیك دەبێتەوە . 
كۆتا سەرنج و پێشنیارم  لەسەر ئەم بابەتە :
یەكەم : زۆر بە داخەوەو سەد مەخابن مەسعود بارزانی نەیتوانی وەكو سەرۆكێكی  ڕاستە قینەی كورد هەڵس و كەوت بكات . نەیتوانی لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتەدا بیت كە دەبی َسەرۆكیك  بیكات .
 میژوی چەند ساڵەی خەباتی  مەسعود بارزانی دەری خست  كە ناتوانێت سەركردەبێت چونكە بنەماكانی سەركردایەتیكردنی تێدا بەدیی ناكرێت . مەودای بیركردنەوەی سیاسی زۆر كورتەو بەشی ئەوە ناكات كە پێی ببێتە سەركردەیەكی گەورەی نیشتمانی .
 ڕاستە بەناو سەرۆكە، بەڵام بە زۆر سەرۆكە . سەرۆكی ڕاستەقینەو خۆشەویستی جەماوەر نییە . ئەو وەكو دیكتاتۆرێك وایە . ئەی نابینن  لەسەر ئەوەی  خەڵك ڕەخنە دەگرن حوكمی 6 ساڵ زیندانیان بۆ دەردەكەن ؟.
بەڵام هەرگیز ئەوەی لێ چاوەڕوان ناكرێت و دیارە  هەر بە سروشت وایەو ناتوانێت خۆی بگوڕێت . خۆ ئەگەر ئەم عینادیەو ئەو جۆرە بیركردنەوەی نەبوایە ، هەر دوای نەمانی مامجەلال و كاك نەوشیروان ، یەكێتی بە تەواوی بەرەو پوكانەوەو لەناوچون دەچوو . كەواتە ئەوە مەسعود بارزانی خۆیەتی هۆكاری مانەوەی یەكێتی .
ئەگەر ساڵانی ڕابوردو پاساوی شەڕكردنی لەگەڵ  بەرەی جەلالی و لایەنەكانی تر هەبوبێت ، ئێستا هیچ پاساوێكی نییە  بۆ تێكدانی ناو ماڵی كورد،  چونكە هیچ ڕكەبەرێكی لەبەردەمدا نەماوەو خۆی شۆڕەسواری مەیدانە ئەگەر بیەوێت ، بەڵام دەركەوت خۆی حەزی بەم ئاشوبەی ئێستیایە . 
 لێی دەپرسم  ئێستا كێ ڕكەبەریەتی ؟. كێ بۆتە كۆسپ لەبەر دەمیدا ، بۆ ئەوەی سەرۆكی ڕاستەقینەی هەموان بێت ؟.  ئەگەر بڵێت  بافێڵ تاڵەبانی ، ئەوە هەر عەیبەیەكی گەورەیە بافێڵ تاڵەبانی بە ڕكەبەری خۆی بزانێت . بەڕاستی ئەمە دروستكردنی ڕكەبەری وەهمیە  بۆ درێژەپێدانی  تێكدانی ناوماڵی كورد .
 ئەگەر ئەو سەركردەیەك  بێت لەئاستی سەركردایەتی كردن ، نابێت  خۆی بخاتە ئەو ئاستەوە  ئەوانە ڕكە بەرایەتی  بكەن .  ئەگەر وەكو سەركردەیەكی كارێزماو نیشتمانی بیر بكاتەوە دەتوانێت لە ماوەی چەند مانگێكدا كارێكی وابكات ، هەموو خەڵكی دەڤەری سەوزیش بەسەركردەو ڕابەری خۆیانی بزانن  .
 مەسعود بارزانی  ڕكە بەرە سەرەكیەكانی لە ژیاندا نەماون ، ئێستا دژایەتی  نەوەكانیان دەكات و بەوهۆیەوە دانیشتوانی دەڤەری سەوز  سزادەدا . لە ئەنجامی ئەو كارەدا دانیشتوانی دەڤەری  سەوزیش   لە ناچاریدا پشتیوانی لە نەوەكانی تاڵەبانی دەكەن ، نەك لەبەر خۆشەویستی بۆیان .
 كەواتە مەسعود بارزانی  خۆی بۆتە كۆسپ بۆ ئەوەی نەبێتە سەرۆكی هەموان . باشە ئەگەر خۆی بەسەرۆكی هەموان دەزانێت  تا ئێستا چەند جار خۆیی و كوڕەكەی  سەردانی ئەم دەڤەرەیان كردوەو خەڵكی هەڵەبجەو گەرمیانی ئەنفال كراویان  بەسەر كردۆتەوە . غاندی تا مرد بایی 5 دینار جلی لەبەردا نەبوو ، بەڵام بو بە پێشڕەوی  گەلەكەی و ڕزگاری كردن .
 لە بەرامبەردا سەرۆكەكەی ئێمە كە، خاوەنی چەندین ملیار دۆلارەو و خەڵك لە سەرەی وەرگرتنی موچەدا گیان لەدەست دەدەن ؟ . دانیشتوانی چەمچەماڵ  ئاوی خواردنەوەیان نییە . نیلسۆن مەندیلا دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد كراو بو بەسەرۆكی وڵات ، ئەو پاسەوانەی  دەعوەتی خواردن كرد كە كاتی  خۆی لە زیندان  لە بری ئاو میزی خۆی داوەتێ‌ .
بۆیە بۆتە ڕەمزی لێبوردەیی و ئاشتەوایی  ، بەڵام مەسعود بارزانی ئەوەندە لێبوردە نییە بەشداری پرسەی سەركردەیەكی میللەتەكەی  بكات چونكە كاتی خۆی ناكۆكی لەگەڵیدا هەبوە . چۆن خەڵوز هەزار جار بە ئاو بیشۆی هەر ڕەشەو  سپی نابێتەوە ، ناخی ئەویش ئاوایە بەرامبەر بە بەرەی جەلالی و زونی سەوزیش .   كەواتە ئەوە چارەنوسی میللەتەكەی ئێمەیە سەرۆكێكی ئاوامان هەبێت .
مەسعود بارزانی خۆی نایەوێت ناوماڵی كورد یەك بێت  دەنا خەڵك و زوربەی كادیری حیزبەكان و سەركردەكان  لە حیزبایەتی شەكەت و ماندو بون و دەیانەوێت  ئەو كەمە تەمەنەی ماویانە، بە ئارامی لە ناو ماڵو مناڵیاندا  بەسەر بەرن و چیتر لە ململانێی حیزبی نەكەن ، بەڵام نەزانینی مەسعود بارزانی ئەوانەی وەكو نەیاری خۆی هێشتۆتەوە .
دووەم: دوای مردنی مامجەلال حیزبەكەی توشی كێشەی ناخۆیی و ئاژاوەو لێكترازان بوو . نەوشیروان مستەفاش بە هەمان شێوە دوای نەمانی خۆی حیزبەكەی بوو بە ئاردی ناو دڕك و هەر ناوی ماوە .دیارە مەسعود بارزانیش  لەسەر هەمان نەریتی ئەوان دەڕوات و دەیەوێت دوای نەمانی خۆی نەك هەر حیزبەكەی  توشی لێكترازان ببێت ، بەڵكو بنەماڵەكەشی توشی كێشەوگرفت ببێت .
 ئەو بڕیارەی ئێستا دەریكردوە كە هیچ دامو دەزگایەكی  حیزبی سەر بەپارتی چاوپێكەوتن لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕوداوی سەر بە نیچیر بارزانی  نەكەن ، ئاماژەیەكی ڕونەو گومانی تێدا نییە كە دوای نەمانی مەسعود بارزانی بنەماڵەی بارزانی وەكو ئێستا بە یەكگرتویی نامێننەوەو  ئەو هەموو سەرە زۆرە نەك لە یەك مەنجەڵدا ، بەڵكو لە چەندین مەنجەڵیشدا ناتوانن بە یەكەوە بكوڵن . 
بە بۆچونی خۆم دوای نەمانی مەسعود بارزانی  لەناو بنەماڵەی بارزانیدا  نێچیر بارزانی باشترین كارەكتەرە كە دەتوانێت ببێتە قاسمی موشتەرەك نەك تەنها  لە نێو بنەماڵەی بارزانیدا ، بەڵكو لە نێوان لایەنەكانی تری دەرەوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانیشدا .
 گەنجێكی سیاسی ناسراوە . هێمنایەتی و ڕوخۆشی بە ڕوخساریەوە دیارە  بە پێەوانەی مامی و مەسروری كوڕی  كە تا ئێستاش نازانن  پێ بكەنن و پێیان وایە پێكەنین بۆ پیاوی گەورەیە عەیبەیەكی گەورەیە . لە ڕوخساریدا زۆر دەمارگیری خێڵەكی و ڕق و كینەو حەزی تۆَلە سەندنەوەی تێدا بەدی ناكرێت  و زیاتر حەزی بە ژیانێكی سەردەمیانە هەیە. 
 كەسێكی زۆر بێزراوی ناوكۆمەڵگاش  نییە . یەكەمین كەسی ناو بنەماڵەی بارزانییە  بە ئاشكرا دژی ڕیفراندۆم بوو . ئەگەر خۆی خاوەن بڕیار بوایە  هەرگیز سەرۆكی پەڕلەمانی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان و وەزیرەكانی  لە كار دوور  نەدەخستنەوە . ئەگەر خۆی بڕیار بەدەستی یەكەم بوایە ، هەرگیز ناوماڵی كورد وەكو ئێستا وێران نەدەبوو .
گومانیشم نییە لەسەر ئەم بۆچونەم بەرامبەر بە نێچیر بارزانی هەزارو یەك  لێكدانەوە بۆ قسەكانم دەكەن . هەرچی پێم دەڵێن ئازادن ، بەڵام هەموو مەبەستی من تەنها بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردە.  هەموو مێژوی كورد بخوێننەوە تا ئەمرۆِژەی ئێستامان  هەمیشە سەركردەكان شەڕی یەكتریان كردوە ، لەناوخۆیاندا كۆك نەبون . 
كۆمەڵگای كوردیان بەش بەش و لەت لەت كردوەو بەوهۆیەوە بە هیچ ئاكامێك نەگەیشتوین . لە ساڵی 1964    تا ئێستا كە دەكاتە 58 ساڵ ئێمەی كورد لەم بەشەی كوردستاندا یەكتری دەكوژێن ، ڕقمان لە یەكترە ، نیشتمان دەفرۆشین لە ڕقی یەكتری ، دوژمن پەلكیش دەكەین بۆ سەر وڵاتمان ، دەبینە پیاوی دوژمنانمان و ماڵی خۆمان وێران دەكەین . 
ئەی كاتی ئەوە نەهاتوە بیرێك لە داهاتوی خۆمان و نەوەكانمان و نیشتمانمان بكەینتەوەو چیتر یەكتری نەكوژین و دوژمن پەلكێشی ناو نیشتمانمان نەكەین ؟. باشە شەرم نییە بۆ هەمومان لەم كاتە هەستیارەدا  ئاوا شیرو تیر لە یەكتری بسوین و ئاوا مییلەت سەرگەردان بكەین .
 ئەوەی ئێستا ڕێك سەردەمی بابانەكانە . دوو ئیدارەیی تەواوە . باشە من و تۆ  چ دەسكەوتێكمان دەبێت  پشتیوانی لەولایەنە بكەین  كە پارەی موچەكەمان  بە ئاشكرا بە تاڵان دەبات و برسیمان دەكات ؟. 
 ئاخر چیمان دەست دەكەوێت شەر بۆ لایەنێك بكەین و  من و تۆ  بخاتە سواڵ و خۆی دەوڵەمەند بكات ؟. لە بری ئەوەی ئاواتەخوازبین دوای مەسعودبارزانی بنەماڵەی بارزانی  یەكتری قەلاچۆ بكەن ، باشتر نییە ، دوای ئەو قۆناغی ئاشتەوایی گشتی دەست پێ بكەین ؟. 
بۆیە لە كۆتاییدا دەڵیم باشترین ڕێگا بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوماڵمان ئەوەیە بە هەموو توانامانەوە هەوڵ بدەین لەسەر یەك كەس ڕێك بكەوین و بیكەینە سەركردەی هەموان . هەتا بارودۆخ بەم شێوەیە بڕوات ، پەرتەووازەیی ناوماڵی كورد زیاد دەكات . دوكانە حیزبیەكان و بازرگانەكانی جەنگ زۆر دەبن . سامانی نیشتمان زیاتر بەتاڵان دەبرێـت . ئێستاش كۆمەڵگای ئێمە نەگەیشتۆتە ئاستێكی  وا پێشكەوتو كە بتوانێت  بەشێوازی  دێموكرانیانە  حوكمڕانی بكات . 
پۆڵ بریمەر وتویەتی : پێش ئەوەی  عێراق بەجێ‌ بهێلم بە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانیم وتوە : ئێوە بەكەڵكی حوكمڕانی نایەن چونكە هەر بەدوای  پارەو ئافرەتەوەن . كەواتە كاتی ئەوە هاتوە بە خۆماندە بچینەوە ، خۆمان بگۆڕین . 
 بونی یەك حیزب لە ئێستادا ئەگەر دیكتاتۆریش بێـت بۆ ئێستای ئێمە  باشترە  لەم پاشاگەردانیەی ئێستا لە ئارادایە .   دڵنیامدوای مەسعود بارزانی گۆڕانكاری گەورە ڕودەدات و جێگرەوەی پارتی و یەكێتی  دروست دەبێت . 
خۆ ئەگەر  گۆڕانكاری ڕوبدات   بە بۆچونی من نێچیر بارزانی  باشترین كارەكتەرە  بۆ ئەوەی  ببێتە قاسمی موشتەرەك و زۆرینە قبوڵی بكەن و پشتیوانی لێ بكەن ، ئاسۆیەكی ڕوناك  بۆ میللەتەكەمان  دەردەكەوێت .  ئەگەر لە ئێستادا بەلای زۆر كەسیشەوە  گونجاو نەبێت ، بەڵام  باشترینی ناو خراپەكانە . 
ئەمەی من نوسیومە بۆچون و بیركردنەوەی خۆمەو  ئەگەر كەسانی تریش بۆچون  و پێشنیاری تریان هەیە بۆ ئاینەدەی خۆمان ، هیوادارم سەرنج و پێشنیارەكانیان بنوسن بۆ ئەوەی  دواجار بگەینە بڕیارێكی باش بۆ ئەوەی  ئەم میللەتە لە شەڕی نەگریسی پارتی و یەكێتی ڕزگاریان ببێت . 


24/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر