سیاسەتی خنکاندن و زیندانیکردنی دەروونی گەنجان

پەرێز عومەر
لەچەند ساڵی ڕابردووی حکومڕانی کوردیدا ، بەتایبەت لەشاری هەولێردا بوویته هۆی ئەوەی هەزاران گەنجی خاوەن بەهرەو  دڵسۆز و بەتوانا وڵات بەجێ بهێڵن و ڕوو لەو بەهەشتە خەیاڵیە بکەن کە خودی دەسەڵاتی نابەرپرس لەکوردستان دەستی هەبوو لە وێناکردن و چەسپاندنی لە هزری گەنجی کورددا.

ئەم سیاسەتە هەڵەیە ، جگە لەوەی توانا و لێهاتوویی بەرچاوی لە کوردستان داماڵی ، سەدان گەنجیشی لە ڕێگای قاچاغ تووشی مەرگ کردەوە.

ئێستا لەکاتێکدا ڕێگاکانی هەڵاتن لەم شارەو گەیشتن بە ژیانێکی ئارام لە دەرەوەی نیشتمانیشدا ، قورس و تاڕادەیەك مەحاڵبووە ، دەسەڵات لە پایتەخت ڕێچکەیەکی دیکەی ترسناکی گرتۆتەبەر ، ئەویش هەراسانکردنی گەنجانە بەهەموو شێوەیەك ، لە ڕێگریکردن و ئەزیەتدانی ئەوانەوە بگرە کە دەیانەوێت بزنیسێکی بچوکیان هەبێت تا قۆرخکاریە بێ شومارەکەی ئابووری ، خۆ باسی گەندەڵیش هەر ناکەین. 

لەلایەکی دیکەشەوە، لە هەموو کونجێکی ئەم دونیایە (جگە لە هەولێر و کوردستان) دەسەڵات هەمیشە بیر لەوە دەکاتەوە زۆرترین پرۆژەی فکری و هونەری و ڕۆشنبیری لەلایەك و شوێن و پڕۆژەی تایبەتیش لۆ گەنجان و کات بەسەر بردنیان لەلایەکیتر ، دروست دەکات، تا لەلایەك ، پەرە بەتواناکانیان بدەن و  لەلایەکی تریشدا گرنگی بەگەنجی و جوانی بەسەربردنی کاتەکانیشیان بدەن. 

لە کوردستان چی ڕوو دەدات؟ 

بۆچی هەموو پلانەکان لەپێناو هەراسانکردن و کپکردن و پاشەکشەپێکردنی گەنجانن؟

داخستن و تێکدانی یەکێک لە شەقامە هەرەسادە و ساکار و جوانەکانی شاری هەولێر  کە گەنجان دەتوانن بچن چایەکی لێ نۆشکەن ، کاتی خۆیانی تێدا بەسەر ببەن.
لەم شارەدا ،  هیچ شوێنێك نیە گەنج تەنانەت لێی دانیشێت ، شەقامی غەزال هەمیشە دەدرەوشایەوە ،  بە ڕێك و پێکیەکی جوانەوە گەنج و پێکەنین و دانیشتنەکانیان لە باوەش دەگرت.
گەنجان لەوێ بزنسی بچووکیان هەبوو ، بەڵام ئەوێش کرایە قوربانی شوققەو ئەو تاوەرە بەرزانەی هەموو خزمەتگوزاری و  ئاو و کارەبای گەڕەکەکانی  هەولێریان قورخکردووە.
ئەرێ دەزانن لە شاری هەولێر سەردانی پارك و باخچەکانیش سنوردارەو دەبێت دەسەڵات ڕێگەت پێ بدات لە ڕێگای پرسگەکانیەوە تا پیاسەیەکی تێدا بکەیت و دەبێت لە کاتی دەوامی پۆلیسەکان ، بچیت پیاسەی پارکێك بکەیت و بە ئەسپایی هەنگاو بنێیت نەوەکا ‌پۆلیسێکی بەڕێز یاخود ئاساییشێکی پارك بەجلی مەدەنییەوە بە دەنگی پێکەنینت بێزاربکەیت ، ئەگەرنا بە شەق لە پارك فڕێت دەدەنە دەرەوە؟
لەهیچ شوێنێکی دونیا شورە و ئاسایش و پۆلیس خەریکی کۆنتڕۆڵکردنی باخچەو پارکەکان نین لە هەولێر نەبێت.!!
 تکایە ئەو هێرشانە لەسەر گەنجی هەولێر بوەستێنن.

چایەک لە لە هەولێر بە 4 لۆ 5 هەزارە!!! لێگەڕێن با لەم ئەم شارەدا گەنجیش بژی، بێکارتان کردووە، ئاستی زانستی زانکۆکان و نرخی خوێندن و ژیانکردنیشتان کردووە بە سەد بەقاتی داهاتی مانگانەی گەنجێك ((ئەوە ئەگەر کارێکی هەبێت))
ئەدی گەنجی بێکار؟!
ئەوە هەر باسی مەکە!!!

بەڕێزینە ئەگەر هەر ئاوابن رۆژێک دێت  گەنجەکانی ئەم شارە بۆ هەڵمژینی ئۆکسجینێکی پاك دێنە پارکی ماڵەکانتان ، دڵنیابن.

23/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر