هەڵمەتی "تزوجنی بدون مهر"

پەرێز عومەر
هەڵمەتی "تزوجنی بدون مهر" واتا "هاوسەرگیریم لەگەڵ بکە بەبێ مارەیی" هەڵمەتێکی گرنگی شێوێندراوە!
دەبوا بڵێت "اتزوجک بدون مهر" واتا "هاوسەرگیریت لەگەڵ دەکەم بەبێ مارەیی"

لەواتاو فەلسەفەی پەیامەکەدا جیاوازی زۆر لەنێوانیاندا  هەیە. 

لە شێوەی یەکەمدا دیسان ژن کاڵا و بەرکارە، نەک بکەر و خاوەن بڕیار.

بەپێچەوانەی پەیامی دووەم، کە ژن تێیدا بڕیاردەر و کەسایەتیە.

لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا مارەیی جۆرێک لە بەکاڵاکردن و بێ بەها کردنی بە ژن داوە، و پیاوی کردوە بە مالک و ژن بە موڵک.

لەڕاستیدا پێوەری هەڵسانگاندن و نرخی مرۆڤ دەبێت لە پارە گەورەتربێت و لە ڕێز لێگرتن لەخۆی و تواناکانی خۆی ببینێتەوە، ژن دەبێت بە تەواوکەر و نیوەکەیتری پێکهێنانی خێزان سەیر بکرێت، نەک وەک کاڵایەک.

ژن دەبێت دژی مارەیی بێت نەک تا هاوسەرگیری لەگەڵ بکرێت، بەڵکو ژن دەبێت دژی مارەیی و نرخ لەسەر دانانی بێت تا بتوانێت لە بەکاڵابوونەوە خۆی بپارێزێت و هاوسەرەکەی وەک مرۆڤێکی تەواوی هاوڕێ و هاوکار و بەشەکەیتری پێکهێنانی خێزان و کۆمەڵگا سەیری بکات، نەک وەک کاڵایەک کە لەبەرامبەر بڕێک پارە بەدەستی هێناوە.

لەم کاتەدا یەکسانی و عەدالەت و ڕێز و هاوبەشی لەنێو خێزاندا دروست دەبێت.
 
کامەیان کامیان دەخوازێت گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە دەبێت دژی ئەوەبین پارە رۆڵی سەرەکی ببینێت.

 پێکهێنانی خێزان و بەردەوامبوونی، پرۆسەیەکی گرنگ و مەرجی سەرەک بەردەوامبوونی مرۆڤایەتیە و نابێت بە بڕێک پارە و زێڕ و زیو نرخەکەی دیاری بکرێت. 

ئەو ئامانجەش تەنها بە هەوڵ و بڕیاری ژنان نایەتە دی، بەڵکو دەبێت پیاوان ((بەتایبەت پیاوانی ڕۆژهەڵات و وڵاتانی دواکەوتو)) ئەقڵ و بیریان فراوان بکەن و نرخی هاوسەرەکانیان بەپێی ئەو بڕە پارەیە سنوردار نەکەن کە وەک مارەیی بەخشیویانە. 

جا دەتوانین هەمووان بڵێین  "نەخێر بۆ بەکاڵاکردنی ژن لە پرۆسەی هاوسەرگیرید، لەڕێگای مارەیی و پارەو پولەوە".

03/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر