کوردبوون سەلاحەدینی کردە سەرکردە مەزنەکە

سلێمان مستەفا


ڕۆمانی مێژوویی سەلاحەدینی ئەیوبی لە نوسینی(تاریق عەلی) بەزمانی ئینگلیزی، ڕۆمانێکی ئاسایی نییە، کە براو هاوڕێی بەڕێزمان شەفیقی حاجی خدر وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. بەدەگمەن کتێبم لەسەر سەلاحەدینی ئەیوبی خوێندونەتەوە، نایشارمەوە زانیارێکی ئەو تۆشم لەسەری نەبوو، تەنها چەند زانیارێکی سەرەتایی، کە سەلاحەدین کوردبووە و قودسی ڕزگار کردووە، هەقەڕاستگۆبم و دان بەهەندێ ڕاستیدابنێم، خۆشم نەمویستوەو شانازیشم پێیەوەنەکردووە، تا ڕادەیەک نەمدەویست گوێم لەناویشی بێت، لەوانەیە بپرسن بۆ؟ لەڕاستیدا تێگەیشتنمان وابوو، کە هیچی بۆ کورد نەکردووە، هەروەها عەرەبە شۆڤێنیەکان و سەرکردە دکتاتۆرەکانی عەرەب هەمیشە شانازیان پێوە دەکرد و ئیسلامی سیاسیی کوردیش تا ڕادەیەک ئەو وێنەی لا دروست کردبووم، هەروەها ناسیۆنالیستی کوردیش کاریگەریی خۆی لە زهنمان جێهێشتبوو،بەڵام دان بەو ڕاستیەدا ئەنێم هەڵەبووم، ئەی ئێستا چی وایکرد ئەم پەیڤانە بکەم بە ڕستەو لەدوو توێی ئەم پەرەگرافە ڕەنگڕێژیان بکەم و بیانکەم بەم نووسینە، سەرەتا دوو بۆ سێ جار سەیری فیلمی مەملەکەتی بەهەشتم کرد (the Kingdem of Heaven)،ڕۆڵی سەلاحەدین لەو فلیمە بەخشەندانەبوو، چونکە دەوری سەلاحەدین لە ڕوخاندنی دەوڵەتی فاتمی باندۆرێکی خراپی لەسەر جێهێشتبووم، لە لاێکی ترەوە مێژوونووسی بەتواناو خاوەنی پەیامی جیا( سۆران حەمە ڕەش) لەم ماوەیەدا چەندین دیمانەی لەگەڵ کراوە لەسەر کتێبەکەی بەناوی مێژووی ون و بزرکراوی کورد، ئەم کتێبەش باندۆرێکی باشی لەسەر ڕوئیاو بۆچوون لێکدانەوەکانم دروست کرد، لە دیمانەێکدا گەر هەڵەنەبم لە کەناڵی کوردسات، پرسیارێکیان لێکرد ئایە دوای نووسینی ئەو کتێبە، ڕای بەڕێزیان چییە لەسەر سەڵاحەدینی ئەیوبی؟ لەوەڵامدا گوتی سەرکردەیەکی گەورەیە، زۆرم خۆش دەوێت، بەهەمان شێوە برای خۆشەویستم شەفیقی حاجی خدر هەمیشە لەسەرتای دەست پێکی هەر پرۆژەیەکی وەرگێڕان لە واڵەکەی خۆی دەیکاتە مژدانە، کە دەست بە وەرگێرانی کتێبی نوێ دەکات، جا کە نۆرە هاتە سەر سەلاحەدینی ئەیوبی هەمیشە دەیگوت یاران دەستم بە وەرگێرانی کتێبی سوڵتانە مەزنەکە کرد، ئەوانە هەموویان بوون بە هاندەر بە چاوێکی جیا و هزرێکی ڕەخنەگرانەدەست بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بکەم، کتێبەکە بەناوی کتێبەکەی سەڵاحەدینی ئەیوبییە، بەڵام خۆی ڕۆمانە، ئەمما ڕۆمان! ڕۆمانێکبە میتوودی ڕۆمانی مێژوویی نوسراوە، کە بەسەلیقەێکی جوان و پشتئەستوور بە سەرچاوەی مێژوویی داڕێژراوە، لەگەڵ دەستپێکی مرۆڤ کەمەندکێش دەکاتا لە خوێندنەوەی بەردەوام بێت، دڵنیام ئەوانەی وەک من لە سەڵاحەدین دەڕوانن بە خوێندنەوەی ڕایان دەگۆڕێت، لەوانەیە کتێب و سەرچاوەی زۆر هەبێت بە زمانی کوردیش لەسەر ئەم سەرکردە مەزنە، بەڵام من هیچ کاتی تامەزرۆی خوێندنەوەیان نەبووم، بەڵام کاک شەفیق لە وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بە کوردێکی ڕەوان و بەکارهێنانی وشەی کوردی ناوچەی باڵەکایەتی و دانانی پەراوێزو نەوەستاوە بەڵکو دەستنووسەکەی داوە بە دکتۆر(موحسن محەمەد حەسەنو دکتۆر نەبەز مەجید ئەمین)، ئەم دوو بەڕێزە کە پسپۆرن لە بواری مێژوو، خوێندنەویەکی زەمەنی و جوانیان بۆ کردووە دانیان ناوە بە ووردەکاریی و سەلیقەی وەرگێڕ، هەروەها جەختیان لەسەر ڕاستی سەرچاوە مێژووییەکان کردۆتەوە.

لەکۆتایی ڕۆمانەکەشدا پاشکۆیەک دانراوە کە (لێکۆڵینەوەیەک خەلدونیانە بۆ کتێبەکەی سەلاحەدین ئەیوبی) داناوە کە لە نوسینی ( ئەحمەد سەعید ئیقبال و محەمەد عاسف)ە،ئەم پاشکۆیە خوێندنەوەێکی جوانە، لەهەمان کاتداسەردێکە بۆ ژیانی سەلاحەدین و ڕۆمانەکە و باسی هەموو ئەو ڕۆمان و بەرهەمانە دەکەن کە لەسەر ئەو سەرکردە مەزنە نووسراون، بەڕاستی هەستم بە کەمتەرخەمی و بێ باکی کرد، ئەمەش وایکرد ئەم بابەتە بنووسم و هانی خوێنەران بدەم ئەم ڕۆمانە بخوێنەوە، ئەو کتێبە مێژووی و ڕۆمانانەی لەسەر سەلاحەدین نوسراون کەم نین.

ئەم دوو نووسەرە ڕایان وایە کە (دەمارگیری و ئاوەدانی) سەحەدینیان گەیاندە ئەو ڕۆژگارە، هەروەها دەڵێن؛ تیۆری سوڕی دەورانی ئیبن خەلدون ڕێک لەگەڵ چوارچێوەی تێوری ئەم لێکۆلێنەوەی دێتەوە، کە تاریق عەلی لە نووسینی کتێبەکەی پەیرەوی لێکردوە. لە لێکۆلینەوەکەشیان مافی خۆیان داوەتە سەڵاحەدین، بەڵام ئەوەی لای من گرنگ بوو ئەو نمایشەئەدەبیانە بوون کە ئاماژەیان پێداوە لەوانە:
یەکەمین بایۆگرافی کە لەسەر سەلاحەدینی ئەیوبی نوسرابێت بڵاوکرابێتەوە بە سوارچاکی و ڕۆمانتیکانە کتێبی مێژووی سەلاحەدین بوو لەلایەن (لۆیس مارین ) لەساڵی ١٧٥٨، هەروەها ساڵی ١٩٦٦ مێژونوسی فەرنسی (میشیو )کتێبێکی لەسەر سەلاحەدین نووسی. سیر واڵتەر مێژوونوسی سکۆتلەندی کتێبێکی لەسەر سەلاحەدین نوسیوە، کە جەخت لەسەر دەوری ئەفسانەیی ودانایی و میهرەبانی و جوانی ئەو سەرکردەیە دەکاتەوە.

هەریەک لەم سێ مێژوونووسەش( ڕێنی گرۆست، ها.ئا.ر.گیب و ستانلی لێین پۆڵ) تیشکیان خستۆتە سەر لایەنێكی تایبەت کە جێگای ڕامانە،پرسیارەکەیان ئەوەیە بۆ سەلاحەدین جەنگاوەرێکی عەرەبی تەوا جیاوازبوو، هەروەها باکگراوندی و ڕەگ و ڕیشەی کوردانەی لە سەرکردایەتی و یەکخستنی عەرەب و جەنگان لەژێر ئاڵای ئیسلام.

هەریەک لە ( مالکۆڵم لیۆنس و ، داڤید جاکسن ) کە مێژوونوس و ئەکادیمست، لەکتێبەکەی خۆیاندا سەلاحەدین وەک سیاسەتوانێکی پراگماتی و ستراتیژوان وێنا دەکەن .

جۆن تۆلان و مارگریت جەب سەلاحەدین وەک ئاوێنەی سوارچاکی، لەخەیاڵدانی ئەوروپیەکانی سەدی ناوەراست وێنا دەکەن ، خاڵی پۆستمۆدێرنانە بۆ ڕوانینی ئەفسانەی جوامێری سەلاحەدین دەخەنەڕوو .

بەڵام لە دنیا و جیهان و دیدی عەرەبدا لێکدانەوەی جیا بۆ سەلاحەدین دەکەن لە نووسین و سینەماو وتار کە پێچەوانەی ڕاستییە میژووییەکانە .

ئەو ڕۆمانانەی لەسەر سەلاحەدین نووسراون:

ڕۆمانی پۆستمۆدێرنی (جاک هایت) سێینەی سەلاحەدین، ڕۆمانی برایەتی ڕۆماننووس ( ڕۆبن یەنگ )ی بەریتانی، ڕۆمانی مەیدانی شمشێرەکانی باوەری رۆمانوس (ڕیچارد وارن) و ڕۆمانی (سایەی شمشێرەکانی ڕۆمان نووس (کامەران پاشا ).
لەکۆتایی ئەم چەنددێرەدا ئەگەر پرسیارێک بکەین: سەلاحەدین چۆن بوو بەو سەرکردە مەزنە؟ سەلاحەدین باوکێکی داناو ئارامگرتوو و ووردی هەبوو، هەروەها مامێکی ئازاو نەبەردی هەبوو، لەدوای مردنی شێرکۆی مامی کە یەکێکە لەسەرکردە سەربازییەکانی ئەو کاتە، بازی چانس بەسەر سەلاحەدیندا دەنیشێتەوە ، چونکە ئەو کاتە سەرکردە سەربازییەکانی تورک و عەرەب لە پێش سەلاحەدینەوە بوون، لەوێدا لەشکرو سەربازە کوردەکان دەکەونە دوڕیانێک،بەڵام لە کۆتاییداڕەگەزی کوردبوون ئەم پرسە یەکلادەکاتەوەو سەلاحەدین دەبێتە جێگرەوەی شێرکۆی مامی و دەبێتە وەزیری خەلیفەی فاتمی.بەدەر لەوەش سەلاحەدین لەبنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار چاوی بەدنیا هەڵێناوە، بەڵام دروستکەری ڕووداوەکان نەبووە، بەڵکو ڕووداوەکان و دروستکەری پێگەی ئەو بوون، لە کۆتایی توانی پێگەی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی بەدیبهێنێت،یەکێ لە وتە جوانەکانیسەلاحەدین بۆ ئەلئەفزەلی کوڕی (من ئیمپراتۆریەتێکی پانو پۆرم بە جێهێشتوە، هەرگیز لەبیری نەکەن، ئەوەی دروستمکردوە بە پشتیوانی خەڵکی خۆمان بووە، خۆ ئەگەر ئێوە خۆ لەوان داببڕن، زۆر نامێننەوە ).
دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە و پاشکۆی ڕۆمانەکە چەند پرسیارێکی بێ وەڵامم لا گەڵالە بوون، باشە بۆچی سەلاحەدین بەو جوامێریە بەو میهرەبانییە مامەڵەی لەگەڵ لەگەڵ ( عەرەب و جوو و مەسیحی ) کردووە، لە ڕزگارکردنی قودسیش لەدەستی خاچ پەرستانی سەدەکانی ناوەراست، جووەکان شان بەشانی ئیسلامەکان خۆیان بە براوەو سەرکەوتوو زانیوە ؟ پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی لەساڵی (١٩٤٨)ەوە ، هاوکێشەکان ئەو گۆرانکارییە گەورەیان بەسەردا هاتوە، بۆچی جووەکان بوون بە هاوسۆزو لایەنگری ڕۆژئاوا ، خۆ شەڕی خاچپەرستان هیچ پەیامێکی دینی لەپشتەوە نەبوو لەشەرە فراوان خوازەکەیان، ئایا چاندنی تۆیی توندوتیژی نێوانی ئیسلام بەتایبەتی نەتەوەی عەرەب و جووەکان چۆن بەم ئاکامەی ئێستا گەینەرا، بابەتێکی تر کە لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بۆتە جێگای پرسیار لای بەندە، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە مێژووی میللەتەکامان و سەرکردەکانی وەک خۆی بەیان بکەین، بەدوای سەرچاوەی دروستەکانیان دا بگەرێین، بۆ ئەوەی سودو پەندی لێوەرگرین و بەدوای دەردی خۆخۆری خۆمان وێڵ و بەئاگابینتا دەرمانەکەی دەدۆزینەوە و دەگەین بەئامانج.

قانعی مەزن دەفەرموێ:

تۆ نەمردووی ئەی سەلاحەدینی ئەیوبی لەقەب
هەر بژی ئەی فەخری کوردو حاکمی موڵکی عەرەب
تاکو تۆ بووی لاوەکانی کوردستانم دەردەچون
بۆ زەکاتی مڵکی شام و خەراجی حەڵەب


30/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر