شەش دادبینی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لەدادگای فیدراڵی

سلێمان مستەفا
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی ٢١ ی مانگ رۆژی یەکلایی کردنەوەی کۆمەڵی دۆسیەیە کە لەساڵی ٢٠٢٣ دواخراون ، ئەم دۆسیانە دوای چەندین دادبینی دادگا دوای خستوون ، روون نییە کە بەیانێش دوا بڕیاری خۆیان لەبارەوە بدات یان نا، لەوانە :

یەکەم : داوای تایبەتی بە یاسای هەڵبژاردن :

داوای ژمارە (٨٣) اتحادیە ٢٠٢٣ و یەکخراوەکانی ( ١٣١، ١٨٥) ، داواکە لە لایەن (زیاد جەبار -  ئامانج نجیب ) لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تۆمار کراوە ، داواکاران داوا دەکەن دادگا بڕیاربدات بە نادەستوری وهەڵوەشانەوەی ماددەی (٣٦،٢٢،١٥،٩،١ ) لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، یاسای ژمارە (١) ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموار کراو ، کە تایبەتن بە ( ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و بازەنەکانی هەڵبژاردن و کۆتای پێکهاتەکان و تۆماری دەنگدەران ، دواخستی ئەم دادبینە بەهەر پاساوێک بێت کەریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دروست کردوە ، ئەگەر ٢١ مانگ  دادگا ئەم کەیسە یەکلایی نەکاتەوە ، کاریگەری زۆری دەبێت ئەمەش وا دەکات کۆمسیۆن نەتوانێت دەست بەکاربکات ، لە هەمان کاتدا دیاری کردنی وادەیەکی نوێش بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن لە لایەن سەرۆکی هەرێم قورسە ، چونکە ناکرێت مەرسومێکی تر دەربکرێت چورچێوەی یاسایی روون نەبێت، بیرمان نەچێت ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق لە ٧ تەمووزی ٢٠٢٤ وادەی یاساییان تەواو دەبێت ، بۆیە بڕیاری داگا گرنگە لەسەر پرۆسەی ئامادەکاری و خشتەی کارەکانی کۆمسیۆن و بەرێکەوتنی شەمەندەفەری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان .

دووەم : داوای تایبەت بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان :

داوای ژمارە (٢٢٤) اتحادیە ٢٠٢٣، داواێکە لە لایەن (عدالت رحیم - بخاری جمیل علی - حیدر محمد عوسمان)تۆمارکراون لەسەر سەرۆک وەزیرانی ئیتحادی و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ) داواکاران داوا دەکەن دادگا بڕیار بدان بە  دەرکردنی ئەمرێکی وەلائی و جێبەجێکردنی یاسای بوجە ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ و ناردنی موچەی فەمانبەرانی هەرێم ، بەداخەوە دادگا لەساڵی ٢٠٢٣ ئەو داوایەی یەکلایی نەکردۆتەوە ، لەکاتێکا بە بەرچاوی دامەزراوەکانی عێراق مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران نەدراوە ، شاراوە نییە کە نەدان و نەناردنی مووچەو بەرزنەکردنەوەی پلەی وەزیفی فەرمانبەران پێچەوانەی دەستورە ، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا داداگا بڕیار لەسەر ئەم کەیسەدەدات کە نەناردنی مووچە بە نادەستوری دابنێت بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە  پاساوو هۆکاری دەستە واژەی ئینفاقی فعلی وەک لە یاسای بوجەدا هاتوە  ، سەرۆکی داداگا لە رۆژانی پێشوو لێدوانی داوە کە دەبێت موچەی فەرمانبەران بدرێت ، هیوادارین دادگا بگاتە ئەنجام و بڕیاری خۆی بدات بە نادەستوری بونی بڕگەو ماددەکانی یاسای بودجە کە کراونەتە پاساوی نەدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە کاتی هەمواری یاسا بودجە لە رۆژانی داهاتوو، کێشەو گرفتی بۆ دروست نەکەن و بڕیارەکەش ببێتە هۆکاری خەرج کردنی مووچە نەدراوەکانی ساڵی ٢٠٢٣و هەمواری یاساکە لەبەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێم وعێراق

سییەم : داوای تایبەت بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان :

داوای ژمارە (٢٦٩)  اتحادیە ٢٠٢٣، بەهەمان شێوە تایبەتە بە پرسی ناردنی موچەی فەرمانبەران کە داواکە لە لایەن ( رعد رفعە محمد  - ئاكۆ محمد - بدل عبدالباقی) لەسەر ( سەرۆک وەزیرانی ئیتحادی و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان )  )تۆمار کراوە ، داوکاران داوا دەکەن دادگا بڕیار بدات جێبەجێکردنی ماددەی (١٢ دووەم ، ماددەی ١٣ هەشتەم ) لە یاسای بودجە ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ .

چوارەم : تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای مووچە:

داوای ژمارە   ٢٤٧  اتحادیە ٢٠٢٣، تایبەتە بە پرسی  یاسای موچەی فەرمانبەران،داواكاران  (ئەژی برزی عارف -  محمد حسێن - خەبات لەتیف - نجم الدین محمد - دڵشاد محمد - سامان علی صالح) ، داواكەیان لەسەر سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان  و وەزیری دارایی هەرێمی کوردستانە ، داواکاران داوا دەكەن حكومەتی هەرێم ئیلزام بكرێت بە جێبەێكردنی یاسای  مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی  ژمارە (   ٢٢ ) ی ساڵی ٢٠٠٨ هەمواركراو بە تایبەتی ماددەكانی (٩،٨،٧،٦) .


پێنجەم : داوای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای تیرۆر

داوای ژمارە (٢٢٦) اتحادیە ٢٠٢٣، لە لایەن ( وەهاب مجید باقی) لەسەر (سەرۆکی پەرلەمان )تۆمار کراوە ، داواکار داوا دەکات ، دادگا بڕیار بدات بە نادەستوری یاسای ژمارە (٣) ساڵی ٢٠٠٦  یاسای تیرۆر کە بە پێی یاسای ژمارە (٧)ساڵی ٢٠١٨ بەرکرا کراوە .

شەشەم : داوای تایبەت بە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش :

داوای ژمارە (١٤١) ئیتحادیە ٢٠٢٣ ، داواێکە لە لایەن هەر یەک لە ( عزدین غازی  ونجات مکرم وشاسوارنجم ولقمان عدنان ) تۆمار کراوە لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ، داواکاران داوادەکەن دادگا بڕیار بدات بە نادەستوری بوونی بڕیاری ژمارە (٨٢٤) ی ١٦ /٨ / ١٩٧٦ ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش .

وەک لەسەروە ئاماژەمان پێدا ، رۆژی ٢١ مانگ   ، شەش داوا تایبەتن بە هەرێمی کوردستان ، هەریەک لەو داوایانە کاریگەری خۆی هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پرسی مووجەو زەوی وزاری جوتیارانی ناوچە دابڕێنراەکان و یاسای هەڵبژاردن ، بۆیە رۆژێکی پر چاوەروانیە ، چونکە ئەم داوایانە بۆ چەندین جار دوا خراون و پەیوەندیدارن بە ژیان و گوزەرانی خەلک و رەوایەتی یاسایی و دیموکراسی .


20/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر