ڤیدیۆی شکاندنی ٧٥ کێلی شەهیدانی هەڵبجە لە گۆڕستانی شەهیدان

لە گۆڕستانی شەهیدانی هەڵبجە لەلایەن دەستێکی نەناسراوەوە کێلی ٧٥ شەهیدی کیمیابارانی هەڵەبجە دەشكێنرێت.

 

لە ڤیدیۆیەکەدا کە ئاراس عابد بڵاویکردۆتەوە کە ١١ براو خوشک و دایک و باوکی لە کیمیابارانی هەڵبجەدا شەهیدبوون، گۆڕستانی شەهیدانی هەڵبجە دەدەرکەوێت کە دەکەوێتە بەشی باکوری شارەکە و بەدەیان کێلی قەبرەکان شکێندراون.

 

لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە ئەو قەبرە رەمزیانەی بۆ قوربانییەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە دروستکراون و، کێلیان تێدایە کە چەند ناوێکی قوربانییەکانی لەسەرە، شکێندراون و لەسەر زەوی کەوتوون.

 

ئاراس عابد لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ " سپی " رایگەیاند " ٧٥ کێل شکێنراوە، شکاندنی ئەم کێلانە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پاسەوان، جاران ئاسایشی لێبوو دەپارێزرا، بەلآم ئێستا کەس نییە پاسەوانی بکات".

 

تا ئێستا نەزانراوە کێ شکاندوویەتی، بەلآم ئاراس عابد گەڕاندیەوە بۆ نەبوونی پاسەوان لە گۆڕستانەکە.

 

ئەو گلەیی و رەخنەی زۆری هەیە لە رێگاوبان و قەرەباڵغی شارەکەو نزمی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی و بە" گوندێکی گەورەی " ناوزەد کرد.

 

گٶڕستانی شەهیدانی هەڵبجە، دەکەوێتە بەشی باکوری رۆژهەڵاتی شارەکە جگە لە گۆڕە ئاساییەکانی کیمیاباران و مردووە ئاساییەکان، مەزارێکی سومبلیش بۆ قوربانییانی کیمیابارانی هەڵبجە دروستکراوە، لە کێلی ئەو مەزارە سومبلیە ٧٥ کێل شکاوە. 



PM:04:03:01/02/2021