قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات

قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێك گۆشتی ئاژەڵدا دەگرێت كەبەشێوەی ناتەندروستی و نایاسایی لەسەر شەقامەكان سەربڕدرابون، سەرۆكی لیژنەی دوی قائیمقامیەت دەڵێت" ئەو گۆشتەی لەلایەن كوشتارگەكانەوە مۆر نەكرابێت مەكڕن". 

 

بێوەی ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی دووی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند" ‌لە دوو رۆژی رابردودا لیژنەكە دەستی بەسەر بڕێك گۆشتی ئاژەڵدا گرتوە لەسەر شەقامەكان و بەشێوەی ناتەندروست و نایاسایی سەربڕدرابوون و هەر لەسەر شەقامەكانیش بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێت".

 

ووتیشی" لە كوشتارگەكانی سلێمانیدا، لەلایەن دكتۆر و كەسانی پسپۆڕ و شارەزای ڤێتێرنەرییەوه بەوردی‌ پشكنینی پێش سەربڕین بۆ ئاژەڵەكە و پاشانیش بۆ گۆشتەكە دەكرێت، لەكاتی هەبونی نەخۆشی رێگری دەكرێت ئەو ئاژەڵە سەرببڕدرێت یاخود گۆشتەكەی بەهاوڵاتیان بفرۆشرێت بۆیە گۆشتە مۆركراوەكان مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست ناكات، بەڵام گۆشتی سەر شەقامەكان پشكنینی بۆ ناكرێت و نازانرێت ئاژەڵەكە هەڵگری كام جۆر لەنەخۆشییە".

 

رونیكردەوە: شێوازی فرۆشتنی گۆشتەكەش لەسەر شەقامەكان ناتەندروستە، چونكە بەشێوەیەكی بەردەوام تۆز و خۆڵ و دوكەڵ لەسەر گۆشتەكە دەنیشێت كەئەمەش رێگەیەكی دیكەی كۆبونەوەی بەكتریا و ڤایرۆسەكانە لەسەر گۆشتەكە، لەكاتی خواردنیدا زیان بەتەندروستی بەكارهێنەركە دەگەیەنێت.

 

ڕاشیگەیاند" لیژنەكە دەستی بەسەر ئاژەڵێكی سەربڕدراو و بڕێك گۆشتی دیكەدا گرتوە كە لەسەر شەقامەكان سەربڕدراوە و خاوەنەكانیان بەنیاز بون‌ بەسەر هاوڵاتیاندا ساغی بكەنەوه،‌ بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی گۆشتەكە رەوانەی ڤێتێرنەری كراوە بۆ لەناوبردن".

 

بێوەی ئەحمەد، كە نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەرییە‌ لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، هۆشیاری توند بەدو‌كانی گۆشتفرۆشەكان دەدات و وتی" هەر دوكانێكی گۆشتفرۆشتن گۆشتی بێمۆر، گۆشتی بەستو، قیمەی ئامادەكراو و گۆشتی مۆركراوی دەرەوەی كوشتارگەی سلێمانی هەبێت و بەهاوڵاتیانی بفرۆشێت، شوێنەكەی دادەخرێت، مۆڵەتی كاركردنی لێوەردەگیرێتەوە و خاوەنەكەشی رووبەڕوی رێكاری یاسایی توند دەكرێتەوه". 



AM:10:42:03/02/2021