سوریا بەفەرمی ئاگربەستی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هەڵوەشاندەوە



دوای دوو رۆژ رێککەوتنی نێوان هێزەکانی رژێمی سوری و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ناوبژیوانی رووسیەکان، کەمێک لەمەوبەر کەناڵی فەرمی سانا هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتنەی راگەیاند.


بەپێی راگەیاندنی ئەو کەناڵە شکستی ئەو رێککەوتنەی خستۆتە سەر ئەستۆی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە گەمارۆی لەسەر ناوچەی ئەمنی لە قامشلۆ و حەسەکە کە شوێنی ‌هێزە ئەمنییەکانی رژێمە هەڵنەگرتووە.
 
هەروەها سانا ئەوەش دەخاتەڕوو کە هێزەکانی سوریای دیموکرات لەو ناوچانە ئەو کەسانە دەپشکنن کەسەر بە حکومەتی سوریان.


ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە وەک پێشاندانی نیەتێکی باش گەمارۆیان لەسەر ئەو ناوچانە کەمکردۆتەوە، بەڵام بەرامبەر ئەوە هێزەکانی رژێمی سوریا بەردەوامن لە گەرمارۆدانی کۆمەڵگای شەهبای ئاوارەکانی شاری عفرین و گەڕەکی شێخ مەقسود لە شاری حەلەب، هەرچەندە هەسەدە هیچ راگەیاندنێکی فەرمی دەرنەکردووە.

پێشبینی دەکرێت بارگرژی لەنێوان هێزەکانی بەڕێوەبەری خۆسەر و رژێمی سوریا سەرلەنوێ رووبداتەوە.

 


AM:01:07:04/02/2021