هەپەگە: تورکیا لە گارە شکستی خوارد
دیلەکانی کە ١٣ کەسبوون بە بۆردومانی تورکیا کوژران

هێزەکانی پاراستنی گەل ( هە پە گە ) رایانگەیاند " لەشکرکێشی سووپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی گارە شکستی خوارد"، هەروەها ئاشکراشی دەکەن کە بەهۆی بۆردومانی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆ سەر شوێنی دیلەکان هەر ١٣ دیلەکە بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە گیانیان لە دەستداوە.

 

هەپەگە لە راگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ ١٤ شوبات بڵاوکرایەوە، رایگەیاند" ئەو لەشکرکێشییە فراوانەی سووپای تورکیا کردیە سەر هەرێمی گارە بە ئامانجی ئەوەی لەو ناوچەیە بمێننەوەو سەربازگە دروستبکەن، تووشی شکست بوون، ئەمەش بەهۆی خۆڕاگری گەریلاوە ئامانجی هێرشەکە شکستی خوارد و نەیانتوانی هێزەکانیان بهێڵنەوەو لە ناوچەکە  پاشەکشەیان کرد.

لەو راگەیاندنەی هێزی پاراستنی گەل هاتووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێرشێکی چڕ و بەرفراوانیان بۆ سەر ناوچەکەو ئەو کەمپەش کە دیلەکانی تورکیای تیابوو ئەنجامدا، رۆژی `١٠ ی شوبات کاتژمێر ٥ ئەو کامپە بەر بۆردومانێکی فراوان کەوت، ئەو دەمە هەپەگە رای گشتی لێ ئاگادارکردۆتەوە کە ئەو کامپەکراوەتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا، هەتا لە میدیاکانیشەوە کەسوکاری دیلەکان کە ١٣ کەس بوون لە سەرباز و میت و پۆلیس، بە میدیاکانیان راگەیاند و داوایان لە سووپای تورکیا کرد کە هێرش نەکە سەر ئەو شوێنانە.

 

هەپەگە دەڵێن" دوای ئەو بۆردومانە سووپای تورکیا هێزی دابەزاند بۆ ئەو دەڤەرەی کەمپەکەی لێیە، بەلآم گەریلا بەرپرچیان دانەوەو شکستیان بە هێرشەکە هێنا، هەپەگە ئاشکرای دەکات کە دوای شکستی ئەو هێرشە، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا زۆر بە سەختتر لە بۆردومانەکانی پێشوو لە رێگای چەندین فڕۆکەوە ئەو دەڤەرەی بۆردومان کردەوەو، لە ئەنجامدا هەر ١٣ دیلەکە کوژران.

 

هەپەگە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوان چەند ساڵە ئەو دیلانەیان لەلایە وبەپێی یاساکانی پاراستنی دیل مامەڵەیان لەگەڵ کردوون، بەلآم فڕۆکەکانی تورکیا کردیاننە ئامانج و کوشتنیان، ئەوان بەرپرسیارێتی دەخەنە ئەستۆی خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا.

 

خلوسی ئاکار ئەمڕۆ یەک شەممە لەگەڵ راگەیاندنی کۆتایی هاتنی لەشکرکێشی سەر چیای گارە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە دیلەکانیان لەرێگای فیشەکەوە کوژراون، هەپەگە ئەم لێدوانە رەتدەکاتەوەو دەڵێن " ٤١ فڕۆکە بۆردومانی ئەو دەڤەرەی کردەوەو ئەو کامپەش بەر ئەو بۆردومانەنە کەوتووە، هەپەگە وێنەیەکی کەمپەکەشیان بڵاوکردۆتەوە کە بەقەدپاڵی چیایەکەوەیە لە ئەشکەوت دەچێت.

 

هەپەگە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تورکیا دەیەوێت شکستی هێرشەکەی بەم پڕوپاگەندەیە بشارێتەوە.

 

 



PM:01:11:14/02/2021