بۆ ڕۆژی دووەم کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامەی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بەشێک لە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامەی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژی دووەم بایکۆتکردنی دەوامیان دەستپێکرد.

پەیامنێری (سپی) لەشاری سلێمانی پێی ڕاگەیاندین" ئەمڕۆش جارێکی تر بەھۆی دواکەوتن و دابەشنەکردنی موچەکانیان و لێبرینی موچەکانیانەوە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامەی سلێمانی بە قەزا و ناحیەکان و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و پارێزگای هەڵەبجە دەستیان بە بایکۆتی دەوامکردن کرد و لەبەردەم فەرمانگەکەیان گردبوونەوە".

 

هەروەها وتیشی" بەشێك لەو فەرمانبەرانە موچەكانیان وەرگرتووە، بەڵام كارمەندانی بەشێك لەو فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتییانە ئامادەنین موچە بە لێبڕینەوە وەربگرن و داواكارن موچەی تەواویان بۆخەرجبكرێت".

 

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی  و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، كۆی گشتی تەمویلی  پێویست بۆ موچەی یەك مانگی  فەرمانبەرانی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان نزیكەی ٦ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینارە، لە كۆی ئەو بڕە پارەیە مانگانە حكومەتی ناوەند نزیكەی ملیارێك و ٨٦٢ ملیۆن دیناری بۆ ٤٧٠٠ موچەخۆرانی فەرمانگە فیدراڵیەکان ناردوە کە لە ٢٥٪ مووچەی مانگێک دەکات.



PM:01:02:15/02/2021