پشدەر.. لەكاتی تەقەی پاسداراندا دوو كاسبکار دەكەونە ناو روبارەوە و دەخنكێن

دوو کاسبکاری کورد کەوتنە ناو یەکێک لە ڕووبارەکانی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی ڕابردوو دوو کاسبکار لە کاتی پەڕینەوە لە ڕووباری (قاسمەڕەش)ی سەر سنووری ناوچەی پشدەر سەر بە پارێزگای سلێمانی کەوتنە ناو ئاوەکە و خنکان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند" ئەم دوو کاسبکارە ناویان (ئەبووبەکر محەمەدی) تەمەن ٣٥ ساڵە و خەڵکی گوندی گۆڕەشێری سەردەشت و (ئەسکەندەر محەمەد) خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی پشدەر بووە. هەر دوو کاسبکارەکە خێزاندار و خاوەنی دوو مناڵن.

بەوتەی ئەم سەرچاوەیە ئەم دوو کاسبکارە لە کاتی پەڕێنەوەیان لە سنوور، لە لایەن هێزەکانی سوپای ئێران تەقەیان لێ کراوە و بەم هۆیەشەوە بە ناچار خۆیان خستووەتە ناو ڕووبارەکەوە.

تەرمی ئەم دوو کاسبکارە کوردە لە لایەن خەڵکی گوندەکانی ئەم ناوچەیەوە دۆزراوەتەوەم هاوکات سێ کاسبکاری دیکە لەگەڵ ئەم دوو کەسە بوون و چارەنووسیان نادیارە.

AM:10:00:21/02/2021