ئێران هۆكاری‌ سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی‌ بۆ تاران ئاشكرا ده‌كات

ئەمرۆ وەفدێك لەهەێمر كورستان بەسەرۆكایەتی نیچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی تارانیان كرد‌و لەلایەن عەلی شەمخانی نوێنەری تایبەتی خامەنیی گفتوگۆیان كرد.

لەمبارەیەوە ئەمیر حسەین عەبدوڵاییان، جێگری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران، لەلێدوانێك بۆ هەواڵنێری فەرمی ئێران (ئیرنا) هۆكاری‌ سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ كاربه‌ڕێكه‌ری‌ هه‌رێمی‌ ئاشكراكرد و رایگه‌یاند بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئه‌منی عێراق بارزانی‌ بانگهێشتی‌ تاران كراوه‌.

لەدیدارەكەی بارزانی‌و ئه‌مینداری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی ئێران، شه‌مخانی‌ هه‌ڵوێستی‌ یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانی‌ له‌ رێگرتن له‌ ده‌سه‌ڵات و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر دووپاتكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ "ته‌نگژه‌ی‌ ئێستای‌ عیراق به‌هۆی‌ هاوكاری‌ و ده‌ستوه‌ردانی‌ دوژمنانی‌ خۆرئاوایی‌ و هه‌رێمیی‌ گه‌لی‌ عیراقه‌وه‌ هاتووه‌ته‌كایه‌وه‌ به‌ئامانجی‌ له‌باربردنی‌ ئیراده‌ی‌ گه‌لی‌ عیراق".

شه‌مخانی‌ كه‌ نوێنه‌ری‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی وتی‌: "قۆناغی‌ داهاتوو ده‌خوازێت كورد و شیعه‌ و سوننه‌ یه‌كڕیز و یه‌كهه‌ڵوێست بن بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئاسایش و سه‌قامگیری‌ بۆ عیراق و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا".

وتیشی‌: "به‌رپرسان و سیاسییه‌ عیراقییه‌كان له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كان له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ مێژووییدان بۆ پاراستنی‌ یه‌كڕیزی‌ و یه‌كهه‌ڵوێستی‌ بۆ لێدانی‌ ئه‌و تیرۆریستانه‌ی‌ چه‌مكه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانیان شێواندووه‌".

ئاژانسه‌كه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ لای‌ خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم شیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ وردی‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشهاته‌ سه‌ربازی‌ و سیاسی‌ و ئه‌منییه‌كانی‌ عیراق خستووه‌ته‌ڕوو و جه‌ختی‌ له‌ خواستی‌ به‌هێزی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ رووبه‌ڕووبووه‌نه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ تیرۆریسته‌ ته‌كفیرییه‌كان خستووه‌ته‌ڕوو.
سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سه‌ردانی‌ تارانی‌ كرد، ئه‌و وه‌فده‌ی‌ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌ردانی‌ ئێرانیان كردوه‌، پێكهاتوون له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ و مه‌لا به‌ختیار و فازڵ میرانی‌ و ئازاد به‌رواری‌.



PM:05:29:16/06/2014