لەسەر داوایەکی ئاسایش شێروان شێروانی جارێکی تر برایە بەردەم دادوەر

ئاسایش بە تۆمەتی ئەوەی رۆژی دادگاییکردنەکە " تەشهیری " بە ئاسایش کردوە، سەرلەنوێ لە کەیسێکی نوێدا ئەمڕۆ شێروان شێروانی برایە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.


لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، بەشدار حەسەن، پارێزەری شێروان شێروانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەمڕۆ لە کەیسێکی نوێدا شێروان شێروانی برایە بەردەم دادوەر لە بنکەی پۆلیسسی خانەقا لە هەولێر، بەتۆمەتی تەشهیرکردن لە رۆژی دادگاییکردنەکەی پێشوویدا بە ئاسایش.

 
پارێزەرەکە دەشڵێت " شێروان شێروانی لە بنکەی پۆلیسی خانەقا لە هەولێر ئیفادەی لێوەرگیرا، بەڕێوەبەری بنکەکە ڕێگەیدا کە من بچمە ژوورەوە و لەگەڵی بم، بەڵام ئاسایش ڕێگرییان لێکردم و نەیانهێشت بچمە ژوورەوە، واتە لە بکەی پۆلیس ئاسایش حوکم دەکات."  


  تا ئێستا دیاری نییە دادوەر چ بڕیارێکی لەم کەیسە نوێیەدا لەسەر شێروان شێروانی داوە.


دوو هەفتە لەمەوبەر دادگای هەولێر حکومی شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج لە چالاکوان و رۆژنامەنووسانی بادینان دەرکردو، رۆژی ٢٥ ی شوباتیش تیمیکی پارێزەری خۆبەخش داواکەیان تەمیز کردەوە.

 


PM:12:46:28/02/2021