تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان وەڵامی ئەنجومەنی ئاسایش دەدەنەوە

تیمی پارێزەرانی کەیسی سزادراوانی بادینان، وەڵامی ئەنجومەنی ئاسایش دەدەنەوە و دەڵێن " ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاویان کردەوە، هیچ ئیعتیبارێکی یاساییان نییە".


بەمەبەستی وەڵامدانەوەی دانپێدانانەکانی گیراوەکانی بادینان، پارێزەرانی سزادراوان ویستیان کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری لەبەردەم دادگای هەولێردا سازبکەن، بەڵام هێزەکانی ئاسایش رێگایان لێدەگرن و بەناچاری لە باخێکی نزیک مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆنگرەکەیان ئەنجامدا.


بەشدار حەسەن، لەبری تیمەکە بە کەناڵەکانی ڕاگەیاند"  ئەو گرتە ڤیدیۆ و پەیامانە ئیعتیباری یاساییان نییە، چونکە ئامێرەکانی وەک مۆبایل و لاپتۆپی ئەم چالاکوانانە لەبەردەستی ئاسایش بووە، یاری بە دەنگەکانیان کراوە و بۆیان دروست کردوون".



هەروەها وتیشی " ئەمە دەستوەردانە لە کاروباری دادگا و داوا لەئەنجومەنی دادوەریش دەکەین، لەسەر ئەم خەرقە یاساییە بێتە دەنگ، کە پێش ئەوەی بڕیارەکە پلەی بنبڕی وەربگرێت، ڤیدیۆی دانپێدانانیان بڵاودەکرێتەوە".


دەربارەی ئەو وێنانەی، کە بەشێک لە سزادراوان لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکەدا گرتویانە و ئەنجومەنی ئاسایش بڵاویکردەوە، وەک ئەوەی وێنەگرتن لەگەڵ گەریلا تاوان بێت، بەشدار حەسەن وتی”شانازییەکی گەورەیە وێنە لەگەڵ گەریلای پەکەکە بگریت، ئەمە نەک هەر تاوان نییە بەڵکو شانازیشە” وتیشی " دەشڵێت بۆچی سەرۆکەکان کاتێک کورد دەکەوێتە مەترسیی لەگەڵ گەریلا دادەنیشن و وێنەیان لەگەڵ دەگرن، بەڵام بۆ چالاکوانانی بادینان وێنەگرتن لەگەڵ گەریلا تاوانە؟".


ئەو پارێزەرە، وتیشی" بڕیاربوو لەبەردەم دادگای هەولێر ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیە ئەنجام بدەن، بەڵام هێزێکی زۆری ئەمنی هێنرابوونە بەردەم دادگا و ڕێگایان نەدا لەوێ قسەبکەن".


بەشدار حەسەن، وتیشی، کە ئەو چالاکوانانە بێتاوانن و گەشبینە بەوەی دادگای تەمیز باوەڕ بەم بەڵگە لاوازنە ناکات.

 
ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایش، کە لە پێنج کەس پێکهاتوون، ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە، کە گوایە دانپێدانانی پێنج سزادراوەکەی بادینانە، هەرزوو سێ ئەندامی ئەنجومەنەکە، کە یەکێتین، رەتیان کردەوەو دژی ئەو دانپێدانانەو راگەیاندنەکە وەستانەوە.

 


AM:12:19:05/03/2021