مەسعود بارزانی لەیادی راپەڕیندا نەیارانی سیاسی بە نا پاک ناوزەد دەکات

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە یادی راپەڕیندا بەبێ ناوهێنانی نەیارانی سیاسەتی پارتی، دەڵێت" نابێ ئامانج و دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین بە لاڕێدا ببرێن و لە بابەتی لاوەكی و سنوورداری تردا بچووك بكرێنەوە".

 
لە کاتێکدا کە یادی راپەڕین دەکرێتەوەو پەیوەندی حیزبەکانی هەرێم بە سەرەکییەکانیشەوە لەو پەڕی خراپیدا، مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا دەڵێت" بە هیچ شێوەیەك نابێ ئامانج و دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین بە لاڕێدا ببرێن و لە بابەتی لاوەكی و سنوورداری تردا بچووك بكرێنەوە. گەلی كوردستان خەباتی كرد و خوێنی دا و ڕاپەڕی بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بژیێت و، هەر كەس و لایەنێكیش بیەوێت لە بەها و ئامانجەكانی ڕاپەڕین".


دەقی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی

 
بە ناو خودای بەخشندە و میهرەبان
 
بە بۆنەی سییەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم چینوتوێژ و هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم.
 
ڕاپەڕین، ڕەتكردنەوەی ستەم و داگیركاری بوو و، لە هەمانكاتیشدا هەنگاوێكی مەزنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد بوو بۆ دەستپێكی قۆناغێكی گرنگ لە خەباتی گەلەكەمان. ئامانجی ڕاپەڕین گەڕاندنەوەی خاك و ماف بوو بۆ گەلی كوردستان كە ماوەیەكی زۆر بوو بە زەبری ئاگر و ئاسن و زۆرداری لە خەڵكی كوردستان زەوت كرابوو. ڕاپەڕین بۆ ئەوە بوو  گەلی كوردستان بتوانێ لەسەر خاكی خۆی و لە چوارچێوەی پڕۆسەیەكی دیموكراتی و دامەزراندنی دامودەزگەی شەرعی، ئازادانە مافەكانی خۆی پیادە بكات.
 
لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بۆ تاهەتایە بەرز و بەرقەرار بمێننەوە و، بە هیچ شێوەیەك نابێ ئامانج و دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین بە لاڕێدا ببرێن و لە بابەتی لاوەكی و سنوورداری تردا بچووك بكرێنەوە. گەلی كوردستان خەباتی كرد و خوێنی دا و ڕاپەڕی بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بژیێت و، هەر كەس و لایەنێكیش بیەوێت لە بەها و ئامانجەكانی ڕاپەڕین كەم بكاتەوە لە ڕاستیدا ناپاكی لە خوێنی شەهیدان و دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دەكات. لە بەرانبەریشدا بە سەدانهەزار ڕۆڵەی کوردستان ئامادەن بەرگری لە ئامانج و بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین بکەن.
 
مسعود بارزانی

 


AM:10:59:05/03/2021