وەزیری تەندروستی هەرێم: نەوەی نوێی کۆرۆنا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە دوای وەرگرتنی ڤاکسیۆنی کۆرۆنا پەیامێکی بڵاوکردەوەو وتی" کۆرۆنای گۆڕاو بەخێرایی بڵاودەبێتەوە".

 

دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوو ٣٤٤ حاڵەتی نوێی توشبوون بە كۆرۆناو چوار حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمار كراوە كە زۆرینەی توشبوەكان لەنەوەی نوێی كۆرۆنایە و زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە".

 

راشیگەیاند" وەك پەیامێك بۆ دڵیاكردنەوەی هاووڵاتیان لەسەلامەتی ڤاكسینەكە، ئەمڕۆ بەشداربووم لە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، هەرچەندە ڤاكسینەكە كەمە و بەشی هاووڵاتیانی هەرێم و تەنانەت وەزارەتی تەندروستیش ناكات، بەڵام بەپێی رێنماییەكانمان سەرەتا بۆ هێڵی پێشەوەی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا كە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا و سەنتەرەكانی كۆرۆنا و تاقیگەكان بەكاردەهێنرێت".

 

لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا وەزیری تەندروستی هەرێم لەبارەی رۆژانی جەژنی نەورۆزەوە ئاماژەی بەوەکرد، هیچ بڕیارێک بۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژانی نەورۆزدا نییە. 

 
هاوکات وەزیری تەندروستی هۆشداریشیدا، کە ئەگەر رێکارەکانى خۆپارێزى بەرجەستە نەکرێت توشبون بەشێوەیەکى زیاتر پەرە دەستێنیت و بڵاوبونەوەکەشى خێراتر دەبێت.



AM:10:45:08/03/2021