عەلی حەمە ساڵح: سلێمانیان تەنیا بۆ داگیرکردنی زەوی و قاچاغی و کۆمپانیاکاری دەوێت

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت" سلێمانیان تەنیا بۆ داگیرکردنی زەوی و قاچاغی و کۆمپانیاکاریە و لەبەر پێنەدانی چەند دەفتەر دۆلارێک خاشاکی ئەم شارە کۆناکرێتەوە". 

 

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە" لەبەر پێنەدانی چەند دەفتەر دۆلارێک خاشاکی ئەم شارە کۆناکرێتەوە، بەڵام ئامادەن لە دوو ساڵدا ھەزاران دۆنم زەوی داگیربکەن و بایی سەدان ملیۆن دۆلار بفرۆشن، بەڵام چەند دەفتەرێک بۆ پاککردنەوەی ئەم شارە نیە". 

 

پەرلەمانتارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەشێکی تری پەیامەکەیدا ڕوونیشیکردەوە، بە وردبین دەگەڕێن لە کوێ زەوی مابێت داگیری دەکەن، بەڵام ئامادەنین خەمێک لە خاشاک و درەختەکانی ئەم شارە بخۆن، بایی ١٥٠ ملیۆن دۆلار مەخزەن دەفرۆشن، بەڵام ئامادەنین ڕوبعە ملیۆنێک بۆ پاککردنەوەی ئەم شارە تەرخان بکەن، ٢٢ ھەزار پارچە زەوی بەنایاسایی دەفرۆشنە ٣٣٢ ملیۆن دۆلار، بەڵام ملیۆنێک دۆلار بۆ ئەم شارە نیە، بە گۆڕەپانی سوتەمەنی قاچاخ و کارگەی جگەرە و مەشروبی نایاسای و قاچاخ( لە ھەولێریش ھەیە) ژەھر دەکەنە قوڕگی خەڵکی ئەم شارەو تووشی دەیان نەخۆشیان دەکەن، بەڵام ئامادەنین ٢٪‏ ئەم پارە بۆ ژینگە تەرخان بکەن. 

 

عەلی حەمە ساڵح باسی لەوەشکردوە، لەسەر گیرفانی خەڵکی ئەم شارە چەندین کەناڵ و سایت و پەیجیان داناوەو چەندینی دیکەش بەڕێوەیە... پارە ھەیە مانگانە ١٠ ھەزار دۆلار بدرێتە ڕۆژنامەنوسێک، بەلام پارە نیە بۆ پاککردنەوەی خاشاک، ئەگەر ١٠٪‏ ئەو پارەی  دوو ساڵی ڕابردوو لە قاچاخچێتی و داگیرکردنی زەوی ئەم شارەدا دەستکەوت ، بخرایەتە خزمەتی ئەم شارە، جوانترین شاری عێراق دەبوو.



PM:01:26:09/03/2021