ئاسایش ڕێگا نادات تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان ببینێت



ئاسایشی گشتیی هەولێر ڕێگە نادات تیمی پارێزەرانی كەیسه‌كه‌ سەردانی پێنج سزادراوەكەی بادینان بكەن، ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر، دۆسیەی پێنج سزادراوەكەی ڕەوانەی دادگای تەمیز كرد.


بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی چالاكوان‌و ڕۆژنامەنوسانی بادینان بەماڵپەڕی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووه‌، "ئەمڕۆ سێ شەممە سەردانی ئاسایشی گشتیی هەولێریان كردووه‌، بەڵام ئاسایش ڕێگەی نەدا بچنە ژورەوە بۆ ئەوەی چاویان بەشێروان شێروانی‌و هاوڕێكانی بكەوێت".


وتیشی، بیانووی ئاسایش  ئەوەبو كە ئەفسەری ڕێگەپێدانی زیندانییان، ئەمڕۆ لەدەوام نەبووە.


بەشدار حەسەن ده‌ڵێت، "ئەمڕۆ دادگا دۆسیەكەی ناردوە بۆ دادگای تەمیز"، جەختیش دەکاتەوە کە لێرەوە ڕۆڵی دادگای تەمیز دەستپێدەكات‌و پێداچونەوە بەو بڕیارەدا دەكات‌و بڕیاری كۆتایی لەبارەی كەیسی ئەو پێنج چالاكوانەی بادینان دەردەكات.
 


PM:11:35:09/03/2021