پارێزگاری سلێمانی لە بارەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان هەڵوێستی خۆی راگەیاند

پارێزگاری سلێمانی لە بارەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان هەڵوێستی خۆی راگەیاند و دەڵێت" پێمان باشە کە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن دانەخرێن".

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی ئازار لە بەرنامەی تاووتوێی کەناڵی (ئێن ئاڕتی) ڕایگەیاند" مەترسی داخستنی قوتابخانەکان زیاترە لە کردنەوەی قوتابخانەکان، ئێمە پێمان باشە کە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن دانەخرێن".

ئاماژەی بەوەشکرد" داخستنی قوتابخانەکان هۆکاری سیاسی لەپشت نییە بەڵام زانیاری هەڵە دەدرێت لەبارەی کۆرۆناوە".

وتیشی" پێنج هەزار ڤاکسینی کۆرۆنامان بە دەست گەیشتووە و لە چەند رۆژی داهاتودا ۲۰ هەزار ڤاکسینی ترمان بەدەست دەگات".

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی کوشتنی خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا باسی لەوەکرد، گولـلەی هێزە ئەمنییەکان خوێن لە پەنجەی یەک خۆپیشاندەر نەهاتووە و ئەوە ئاشکرایە کە خۆپیشاندەران لە بارەگا حزبییەکانەوە تەقەیان لێکراوە و شەهید کراون.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕاشیگەیاند" با خۆپیشاندەران بیانوتایە پارێزگاری سلێمانی خراپە و با دەست لەکاربکێشێتەوە، ئاسانترین شت بۆ من وازهێنانە لە پۆستەکەم". 


PM:09:26:25/03/2021