بەرپرسانی سلێمانی لەبارەی پەتایی کۆرۆنا لێدوانی دژبەیەك دەدەن

ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی ئازار بەرپرسانی سلێمانی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لێدوانی دژبەیەك دەدەن، پارێزگاری سلێمانی ئاشکرایکرد، دۆخی کۆرۆنا لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و لە ماوەی دوو رۆژی رابردودا کەس گیانی لەدەستنەداوە، هاوکات لای خۆشیەوە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند" ئێستا لە قۆناغی مەترسیداین".

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بەیانی ئەمڕۆ بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" لەئایندەیەکی نزیکدا لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکان کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ راپۆرتی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی بکات، بە بڕوای ئێمە دەبێت تێگەیشتنی نوێمان بۆ ئەم پەتایە هەبێت و دەبێت رێکارەکان هەمان ئەو رێکارانە نەبن کە ساڵی رابردو گرتومانەتە بەر".

ئاماژەی بەوەشکرد" پێویستە هاوڵاتیان لەسەر رێکارەکانی خۆپارێزی بەردەوام بن، لە ساڵی دوەمی کۆرۆنادا پێویستە ئەرکی سەرەکی خۆپارێزی کۆرۆنا بکەوێتە لای هاوڵاتی لای تاک، ئەرکی چارەسەرکردن و دابینکردنی ڤاکسین بکەوێتە سەر دەوڵەت".

ڕاشیگەیاند" لەگەڵ داخستنی هیچ سێكتەرێكدانین و دەبێت سَكتەرەكان بە خۆپارێزییەوە كراوەبن، چونكە دۆخی كۆرۆنا لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و لە دوو ڕۆژی رابردوودا هیچ كەس بە كۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەست نەداوە و هیچ كەسێكیش لە نەخۆشخانەكان لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرد نییە".

هاوکات هەر ئەمڕۆ لەبارەی هەمان پرس د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی لە پەیامێکیدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك ڕایگەیاند" ئێستا لەقۆناغی مەترسیداین و بەپێی ئەنجامی پشكینیەكانیان جگە لەكۆرۆنا كۆنەكە، سێ جۆری تری كۆرۆنای گۆڕاومان دیاریكردوە". 

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی باسی لەوەشکرد، حكومەتی هەرێمیش نەیتوانیوە وەك وڵاتان رێكاری زانستی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بگرێتەبەر، زۆر شوێنیش بەهێندەی خوێندنگەكان گرنگ نین و كراونەتەوە، كەچی خوێندنگەكان تاكو ئێستا داخراون.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، دوای ئەوەی ژمارەیەك كیتی تایبەت بە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاومان هێناوەو پشكنینمان كردوە، توانیمان سێ جۆری ڤایرۆسی گۆڕاو و جۆرە كۆنەكە دەستنیشان بكەین لەنێوان ئەو كەسانەی پشكنینەكەمان بۆ ئەنجامداون.

هەروەها لەکۆتایی پەیامەکەیدا د. سەباح هەورامی داواشی لە هاوڵاتیان كرد پابەندی خۆپارێزی بن.


به‌پێی دواین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا ١١٨ هه‌زار و ١٣٧ توشبوی كۆرۆنا تۆماركراون، ١٠٧ هه‌زار و ٨٧٨ كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌، سێ هه‌زار و ٦٢٧ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.


PM:01:00:27/03/2021