سبەی لەسەر داخستنی هەدەپە بڕیار دەدرێت
عەلی باباجان: هەدەپە داناخرێت


ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەی دادگای دەستووری تورکیا یەکەم دانیشتن لەسەر دۆسیەی داواکاریی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ بڕیاردان لەسەر قبوڵکردن یان قبو نەکردنی سکاڵانامەکە ئەنجامبدات، هەر ئەمڕۆ لە شاری وانی باکوری کوردستان، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراتی و پێشکەوتن جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەدەپە شەش ملیۆن دەنگی هێناوە، داناخرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە،  ئەو ئاژانسە تورکییە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەگەری پەسەندکردنی سکاڵاکەدا، ئەوا بە مەبەستی بەرگری لەخۆکردن بۆ هەدەپە دەنێردرێت و پێویستە ئەو پارتە لەو ماوەیەدا کە دادگا بۆی دیاریدەکات، بەرگری لەخۆکردن ئەنجامبدات.

داخستن یاخود بڕینی بەشەبودجەی پارتەکە پێویستی بە بڕیاری ١٠ ئەندام لە کۆی ١٥ ئەندامی لیژنەی دادگای باڵای دەستووریی هەیە و دواتریش، بڕیارەکە بە هەدەپە رادەگەیندرێت و لە رۆژنامەی فەرمیشدا بڵاودەکرێتەوە.

پێشتریش، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان کاردەكەن بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە."

عەلی باباجان کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئاک پارتی و جیابووەو پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی دامەزراندووە، ئەمرۆ لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا لە شاری وان رایگەیاند " پێشنیازێكم بۆ حكومەت هەیە، با لەسەر تابلۆی ریكلامەكانی ناو شار بنووسێت داوای لێبوردن ئەكەم بەهۆی ئەوەی مافی دەنگدانی خەڵكم دزیوە، بەهۆی ئەوەی كە زمانی كوردیت كردووە بە زمانێك بۆ تێگەیشتن نابێت، داوای لێبوردن لە گەلێك بكە كە بەهۆی بڕیاری تاكلایەنەی ئێوەوە هەژارتر بوون. 

هەروەها وتیشی " هەدەپە چی لە دەنگی خەڵك كردووە ؟ دەنگی شەش ملیۆن كەس كە دووەمین پارتی ئۆپۆزسیۆنیان لە وڵاتدا پێكهێناوە، نادیدەگیراوە. هەدەپە هەڵناوەشێتەوە، ئەم پارتە هەڵناوەشێتەوە.. رێگای ئێمە ئازادی‌و مافەكانی مرۆڤە.



PM:08:51:30/03/2021