لە هەڵەبجە بە نارنجۆک ماڵی بەرپرسێکی پارتی دەکرێتە ئامانج

 بەرپرسی پێشووی لقی ١٢ی پارتی لە هەڵەبجە رایگەیاند" شەوی رابردوو هەوڵدراوە نارنجۆکێک بخرێتە ماڵەکەیانەوە، بەڵام ئەو کاسەنەی کارەکەیان کردووە نارنجۆکەکەیان فرێداوەتە ماڵی دراوسێیەکیانەوە".

فازڵ بەشارەتی بەرپرسی پێشووی لقی ١٢ ی پارتی لە هەڵەبجە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، درەنگانی شەوی رابردوو لە کاتژمێر ١٢.٣٠ خولەک نارنجۆک هەڵدەدرێت بۆ ماڵەکەیان، بەڵام دەکەوێتە ماڵێکی پەنایان و زیان بە ئۆتۆمبێل و شووشەی پەنجەرەی ماڵە دراوسێکەیان گەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

بە وتەی فازڵ بەشارەتی کە بە میدیاکانی زنیک پارتی راگەیاندووە، ئەو هێرشەبەرانە لەڕێگەی بەکارهێنانی ماتۆڕسکیلێک ویستوویانە نارنجۆکەکە فڕێبدەنە ماڵەکەیەوە، بەڵام بەهۆی پەلەپەل و شڵەژانیان نارنجۆکەکە کەوتووەتە ماڵێکی دراوسێی، لەوکاتەشدا ئەو لە ماڵەوە نەبووە.

بە هۆی ئەوەی بەشارەتی دوو هاوسەری هەیە لەو کاتەدا ئەو لەو ماڵەیاندا نەبووە و لەوبارەیەوە دەڵێت "ئەوان زۆر باش دەزانن من لەم ماڵەمدا نەبووم، دوو ماڵمان هەیە، لە ماڵەکەی دیکەم بووم و ئەوانیش نارنجۆکەکەیان بۆ ئەو ماڵە فڕێداوە کە منی لێنەبووم”.

لەبارەی هۆکاری ئەو نارنجۆکە بۆ یەکێک لە ماڵەکانی بەرپرسەکەی پێشووی پارتی وتیشی "لە رۆژانی رابردوو لێدوانم هەبوو لە یەکێک لە راگەیاندنەکان، لەوانەیە قسەکانم خەڵکێکی سەخڵەت کردبێت، کەسێکیش بۆی نووسیوم چاوەڕوانی کردەوەیەکی لەو شێوەیە بکە کە رووبەڕووت دەبێتەوە”.



AM:10:38:08/04/2021