پۆلیسی سلێمانی: بەتۆمەتی كوشتن تۆمەتبارێك دەستگیركرا

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی وارماوای سەربە بەشی پۆلیسی شارەزوور تۆمەتبارێكیان بەتۆمەتی كوشتن دەستگیركرد کە داواکراوی پۆلیسی هەولێرە و دوای دەستگیرکردنی رادەستی پۆلیسی ئەو شارەی دەکاتەوە".

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، پاش ئەوەی لەلایەن پۆلیسی هەولێر و دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی بكوژێك گەیشتە پۆلیسی سلێمانی، كە گومانیان دەكرد تۆمەتبار بەرەو پارێزگای سلێمانی هەڵاتبێت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش و بنكەكانی ڕاسپارد، كە بەدواداچوون بكەن بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار .

ئاماژە بەوەشکراوە" كە دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكان لەلایەن بنكەی پۆلیسی وارماوای سەربەبەشی پۆلیسی شارەزوور توانرا تۆمەتبار بناسرێتەوە و دەستگیربكرێت". 

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەئێستادا تۆمەتبار (ب ، ب ، أ ) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان ڕەوانەی دادگای هەولێر دەكرێتەوە. 


PM:09:01:11/04/2021