نەوشیروان مستەفاو هێرۆ ئیبراهیم بڕیار لەسەر پاریزگاری نوێ سلێمانی دەدەن

ئێوارەی ئەمرۆ ٢٢ی حوزەیران وەفدی دانوستنکاری گۆڕان و یەکێتی کۆبوونەوەیەکی راشکاوانەی نێوانیان کردوو هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە هەموو لایەنەکان بەشداری حکومەتی خۆجێی سلێمانی بکەن، پرسی پارێزگاریشیان جێهێشت بۆ رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیراون مستەفا و ئەندامی مەکتەبی سیاس یەکێتی هیرۆ ئیبراهیم  تا بڕیاری لەسەر بدەن.   
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتەبێژی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی لەتیف شێخ عومەر رایگەیاند" کۆبوونەوەکەمان ئەرێنی بوو".
هەروەها وتیشی" بە دوور و درێژی باسی لەهەموو ئەو بابەتانە کرا کەپەیوەندیان بەپرسی پارێزگای سلێمانیەوە هەیە ئەمەش وایكرد كۆبونەوەكەمان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بە كراوەیی بەجێبهێڵن، تاوەكو بڕیارێكی دروست بدەین و لەسەر بنەمای بەشداری پێكردنی هەموو لایەنەكان."
لە لایەكی دیكەوە، د.ئاكۆ حەمەكریم رێكخەری ژوری توێژیینەوەی سیاسی گۆران رایگەیاند" كۆبوونەوەكە راوێژكاریانە بوو زۆر بە راشكاوانە بیروڕاكانمان ئاڵوگۆركرد، هەرچەندە بیروڕای جیاوازیشمان هەبوو، هەردوو لا جەختمان لەوەكردەوە كە ئەم حكومەتە خۆجییە سەرجەم لایەنەكان تێیدا بەشداربن و بڕیارە بەیانی كۆبببنەوە تاوەكو ئەنجامێكمان دەستبكەوێت."
وتیشی، سەبارەت بە پۆستی پارێزگاریش قسەمان كردووە و هەردوو لا بڕیارەكە دەبەینەوە بۆ سەرووی خۆمان.
ئێوارەی ئەمرۆ بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی وەفدی دانوستانکاری گۆڕان سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کردو لەگەڵ وەفدی دانوستانکاری یەکێتی کۆبوونەوەو وابڕیارە کۆبوونەوەکە بەکراوەیی بمێنێتەوە تا رۆژی ٢٤ی حوزەیران کاتی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای نوێی سلێمانی.



PM:09:09:22/06/2014