عەلی حەمە ساڵح: تورکیا پرۆسەیەکی گەورەی داگیرکاری بەناوی پڕۆسەی چنگی هەورە بروسکە دەستپێکردوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت" لە دوێنێ وە تورکیا پرۆسەیەکی گەورەی داگیرکاری بەناوی پڕۆسەی چنگی هەورە بروسکە دەستپێکردوە". 

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە" لەدوێنێوە تورکیا پرۆسەیەکی گەورەی داگیرکاری بەناوی پڕۆسەی چنگی هەورە بروسکە دەستپێکردوە، ئەمە گەورەترین داگیرکاریە لە مێژوی لەشکر کێشیەکانی تورکیادا، بەپێی هەندێک سەرچاوە، زناری کێستەی داگیرکردوە کە بەرزیەکەی دوو ھەزار مەترەو شوێنێکی ستراتیژیە".

ڕاشیگەیاندووە" هەروەها ھێرشی بەردەوام ھەیە بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی زاپ و بۆتان یٔاڤاشینی  بە درێژایی ١٠٠ کیلۆمەترو دەیەوێت بەڕوبەری ٥٠ کیلۆمەتری دیکە بێتە قوڵای ھەرێمی کوردستانەوە، ئەم ناوچانەی کە تورکیا کە هێرشەکانی لێوە ئەنجام دەدات ناوچەی گرنگ و ستراتیژین و مەترسیە بۆسەر ھەمو ھەرێمی کوردستان".

عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەداخەوە سەرۆکایەتی و حیزبە سیاسیەکانی ھەرێم بێدەنگیان ھەڵبژاردوە، ئەگەر بابەت گەریلاکانی پەکەکەیە با تورکیا ئەو ناوچانە ڕادەستی پێشمەرگە بکات، هەروەها خەڵکی کوردستان بەشتی لاوەکیەوە سەرقاڵەو نیشتیمان لەبەردەم داگیرکاریەکی گەورەدایە. 


PM:06:07:25/04/2021