لەسەر کردنەوەی قوتابخانەکان
وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڕیاری دەرکرد


وەزارەتی تەندروستیی هەرێم هەڵوێستی خۆی لەسەر کردنەوەی دەرگای قەتابخانەکان ڕاگەیاند و دەڵێت " هێشتا كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی مەترسیدایە". 

لە ڕاگەیەنراوێکدا د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، "سەبارەت بەكردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بەناوی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی چەند دەنگۆیەك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە وەزارەتی تەندروستی لاری نیە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان."  

ئاماژەی بەوەشکردووە، " لێرەوە رایدەگەیەنین كە هێشتا كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی مەترسیدایە و بڕیارێكی لەمشێوە پێویستی بە هەڵسەنگاندنێكی دروستە و لیژنەی باڵا بڕیاری لەسەر دەدات."  

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، " بۆیە تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك دەربارەی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان نەدراوە و ئەم دەنگۆیانە كە باس لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دەكەن پێش ئەوەی ئەنجومەنی باڵا بڕیار لەسەر بدات راست نیە ."  

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاشکرایکرد، وەزارەتی پەروەردە پێشنیارێکی نوێی ئاراستەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کردووە بۆ شێوازی خوێندنی ناو پۆل، ڕاشیگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت لەم هەفتەیەدا بڕیار لەسەر پێشنیازەکە بدرێت .   

لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوودا جارێکی تر وبەهۆی هەڵکشانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خوێندنی قۆناغە ناکۆتاییەکان پۆلەکانی ( 1تا 11) هەڵپەسێردرا و وەزارەتی پەرەوەردە بڕیاریدا ئەو قۆناغانە درێژە بەخوێندن بەدەن بەشێوازی ئەڵکترۆنی کە ئەوەش وایکرد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خوێندکاران ناڕەزایەتی دەربڕن و خوپیشاندان بکەن، لە ئێستادا تەنها پۆلی 12 ئامادەیی لەخوێندنی ناو پۆل بەردەوامن.   



AM:10:09:26/04/2021