وەزارەتی دارایی زیاتر لە 24 ملیار دینار بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی شاری سلێمانی تەرخان دەكات

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشانداوە بەتەرخانكردنی بڕی 24 ملیارو ٣١٨ ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی 22 پڕۆژەی خزمەتگوزاری". 

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژەی بەوەکردووە" دوای ڕاوێژو کۆبونەوەی پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا؛ لەسەر داخوازیی پارێزگای سلێمانی بە نوسراوی ژمارە (7931) لە 29/11/2020دا بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە نوسراوی ژمارە(2557) لە 25/2/2021 و دوای کۆبونەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری ڕەزامەندیی درا، لەسەر خەرجکردنی بڕی 24 ملیارو 318 ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی (22) پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێویست و جێبەجێکردنی چوار پڕۆژەی ستراتیژی نوێ بۆ سنوری یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی".

ڕاشیگەیاندووە" وەزارەتی دارایی بە نوسراویان ژمارە 5/11/3022 لە 25/4/2021 دا ڕەزامەندیی خەرجکردنی نەختینەی هەمو ئەو بڕە بودجە دیاریکراوانەی ڕەزامەندییان لەسەر درابو؛ پەسەندکرد".

پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشکردوە، ئەو هەنگاوە، هەنگاوێکی گرنگ و شایستەیە بە ئاڕاستەی دەستپێکردنەوەی پڕۆژە وەستاوەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێ لە پێناوی خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و دروستکردنی دەرفەتی کارو بوژانەوە لە هەمو ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا.

لیستى پرۆژەکان: 


PM:02:59:28/04/2021