ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێنج پڕۆژە یاسای پەسەند کرد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا پێنج پڕۆژە یاسای پەسەندکرد، هاوکات پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان - عێراق پەسەند کرا. 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندان ڕاپۆرتێکیان تایبەت بە دوا ژمارەکانی پڕۆژە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021  خستەڕوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە" ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی تێبینی و پێشنیارەکانی ئەنجومەن  لە ناو پڕۆژە یاساکە جێگیر بکرێن و دواتر ئامادە بکرێت بۆ پەسەندکردنی کۆتایی ئەنجومەنی وەزیران ودواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت". 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبونەوەکە، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەی تایبەت  بە ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی خستەڕوو کە تیایدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان وپارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان پێشنیار و پلان و کاری لە پێشینەی  خۆیان پێشکەش کردووە و وا بڕیارە لە‌ھە‌فتە‌ی داھاتوو، پلانی سەرتاسەری بۆ ڕووبە‌ڕووبوونە‌وە‌ی وشكە‌ ساڵی ئامادە‌ بێت تا لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندبکرێت ولە نزیکترین دەرفەتدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

باس لەوەشکراوە، لە بڕگەی کۆتایی کارنامەی کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران پێنج پڕۆژە یاسای پەسەندکرد کە بریتی بوون لە : ( پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان - عێراق ) و ( پڕۆژە یاسای بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو ژمارە ( 20) ی ساڵی 1998 ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان -عێراق ) و ( پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یاساکانی  یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی وپیشەسازی ، یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ، یاسای بازرگانی) و بڕیاردرا ئەم پڕۆژە یاسایانە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ تەشریعکردنیان.


PM:04:24:28/04/2021