ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی لە نوسینێکیدا وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت" وەزارەتی دارایی و ئابوری لە بری چارەسەرکردنی کێشەکان، رونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی".
کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا رایگەیاندووە" بەداخەوە لە بری چارەسەرکردنی کێشەکان، ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و تیایدا وەڵامێکی بەندەیان داوەتەوە لەسەر لێخۆشبونی گومرگی بۆ دو کۆمپانیا لە خاڵی گومرگی حاجی ئۆمەران".
ئاماژەی بەوەشکردوە" وەزارەتی دارایی و ئابوری ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، کە "گوایە بابەتەکەی ئێمە تۆمەتی بێ بنەمان و هیچ ڕاستییەکی تیا نییە و هیچ بەڵگەیەکیشمان بەدەستەوە نییە، هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوە کردوە کە هەر لێخۆشبونێک بکرێت بە یاسایی دەکرێت".
کاروان گەزنەیی باسی لەوەشکردوە، لە کاتی بڵاوکردنەوەی بابەتەکە، نەمویست هەر لەسەرەتاوە نوسراوە فەرمییەکان بڵاو بکەمەوە چونکە ئامانجم چارەسەری بابەتەکە بو، نەک موزایەدە و شکاندن و تەشهیرکردن، هەروەها وەزارەتی دارایی (بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ) ناچاریان کردم کە هەردو بەڵگەی لێخۆشبونەکە بڵاوبکەمەوە، کە بە ڕێژەی سەدا سەد بۆیان کراوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت" هەر لێخۆشبونێک بکرێت بە یاسایی دەکرێت، بەڵام لێخۆشبون لە پێناو پاراستنی بەرهەمی نیشتیمانی یان ئەو بەرهەمانە دەکرێت کە زۆرترین سودیان بۆ کۆمەڵگە هەیە، نەک لە پێناو کەس و گروپ و تاقمێکدا و سودمەندبونی چەند کەسێک و بە ملیۆننێرکردنییان لەسەر ماف و قوتی گشتی هاوڵاتییان".
جەختیشیکردەوە، وەزارەتی دارایی لە بری ڕونکردنەوە، باشتر وایە کە مشورخۆری دابینکردنی موچەی هاوڵاتییان بێت، و رێگە لە بابەتی نایاسایی و بە-یاسایی پینەکراوە بگرێت لە پێناو چاکەی گشتیدا.
ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابوری رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" پەرلەمانتار كاروان گەزنەیی لەپەیجی تایبەتی خۆی، لەنوسینێكدا ڕاگەیاندوە كە؛ لە خاڵی سنوری حاجی ئۆمەران لێخۆشبونی گومرگی بۆ دو كۆمپانیایی هێنانی شیش و بەردی پوكە كراوە. لامان سەیرە تۆمەتی نا ڕەوا و ناراست دەبەخشێتە وەزارەتی دارایی و بێ ئەوەی ناوی ئەو دو كۆمپانیایە بھێنێت!".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتبوو" ئەو بابەتە جگە لە چەواشەكاری و تۆمەتی بێ بنەما هیچ ڕاستییەكی تێدا نییە. ئینجا بۆ زانیاری ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە و ھەمولایەك؛ سەرجەم لێخۆشبونە گومركییەكان كە كراون بە پێی یاسا كارپێكراوەكانی وەك (یاسای گومركی و وەبەرهێنان، پیشەسازی و ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان) ئەنجام دەدرێت".
ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەموو ئەو لێخۆشبونانەش بە نوسراوی فەرمی دەكرێن و بەڕێكاری یاسایی تەواو ئەنجام دەدرێن و وەزارەتی دارایی و ئابوری جێبەجێكاری یاسا كارپێكراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. ھەر بۆیەش نەدەبو ئەو پەرلەمانتارە تۆمەتی بێ بنەما ئاڕاستەی وەزارەتمان بكات، سەیریش ئەوەیە كە پەرلەمانتار ھەبێت قسە لەسەر بابتێك بكات بێ ئەوەی زانیاری لەسەر ھەبێت.