محمد حەلبوسی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی پارتی و حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەردانێک گەیشتە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هەریەک لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پارتی کۆبوەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی پارتی، ئەمڕۆ لەسەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهاتبوو، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و ئاڵنگارییەکانی بەردەم سەقامگیری عێراق و ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو تاوتوێ کران، هاوکات جەخت لەسەر ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی لایەنەکان کرایەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، هەر ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی پارتی ( تقدم)  و شاندێکی یاوەری کرد، لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەكە تاووتوێ کرا، بەتایبەتی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق و گرنگیی زەمینەخۆشكردن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بكات.
 
هەروەها جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرایەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور.
 
لە تەوەرێکی دیکەی كۆبوونەوەكەدا، ئاماژە بە مەترسییەکانی تیرۆر بە گشتی و هەڕەشەکانی داعش کرا کە لە چەندین ناوچەی عێراقدا مایەی هەڕەشەی ڕاستەقینەن بۆ سەر ژیانی خەڵک، لەوبارەیەوە، جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و یەكخستنی هەموو هێز و و تواناكان كرایەوە بۆ ڕێگەگرتن لە هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆر.

لای خۆشیەوە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر پێشوازى له‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د حه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دۆخى عێراق به‌گشتى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و پێشبينييه‌كان بۆ نه‌خشه‌ى سياسيى داهاتووى وڵات، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسييه‌كانى داعش و جموجووڵه‌كانى، هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان لايه‌نه‌كان له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريدا، دۆخى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ تاوتوێ كران.


PM:06:21:03/05/2021