پەرلەمانتار و دادوەر، لەتیف مستەفا لەبارەی حوکمی دادگای پێداچوونەوەوە لەسەر گیراوەکانی بادینان دەڵێت" بەگوێرەی بریاری دادگا کە پلەی کۆتایی وەرگرتوە ئەو دوو کونسولیەتە شوێنێکن بۆکاری جاسوسی و تێکدانی ئاسایشی ھەرێم و کاری تیرۆرو تێکدان".
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لەتیف مەستەفا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، پێشنیارێک دەکات" ئەگەر سەرۆکی ھەرێم دەسەلاتی خۆی بەکار نەھێنا من پێشنیاز دەکەم رۆژنامەنوسان و چالاکوانی مەدەنی و رۆشنبیران لە میدیاو سوشیال میدیاو لە واقیعیش ھەلمەت یان کەمپەین و ھاشتاگی #کونسوڵی ئەمریکاو کونسوڵی ئەلمانیا بۆ دەرەوە، بەرپا بکەین".
لە درێژی نووسینەکەیدا، لەتیف مستەفا دەڵێت" چونکە بەگوێرەی بریاری دادگا کە پلەی کۆتایی وەرگرتوە ئەو دوو کونسوڵیەتە شوێنێکن بۆکاری جاسوسی و تێکدانی ئاسایشی ھەرێم و کاری تیرۆرو تێکدان".
هەروەها دەشڵێت " لەڕوی یاساییەوە بریاری دادگاش کە پلەی کۆتایی وەرگرت، حجە یان حجیەکەی واتە بەڵگەی حاشا ھەڵنەگر واتە نیشانەیە بۆراستی و قابیل نییە بۆ سەلماندنی پێچەوانەکەی، ئەگەر قونسڵیەکانی ئەم دوو وڵاتە بەم شێوەیەیە، نابێ لەخاکی ھەرێمدا بمێنن، ئەگەر واش نین دەبێ ھەڵوێستیان ھەبێ، چونکە ئیتر ھەر رۆژنامەنوس و چالاکوانێک پەیوەندی پێیانەوە بکات، یان کردبێ بۆی ھەیە روبەرووی ھەمان تۆمەت ببێتەوە".