پارێزەرانی گیراوەکانی بادینان تانە لە بڕیارەکە دەدەن و چاوڕێی سەرۆکی هەرێمیشن

دوای پەسەندکردنی حوکمی گیراوەکانی بادینان لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سزادراوان رایگەیاند " چەند رێگایەکیان لەبەردەمدا ماوە و تانە لە بڕیارەکەی دادگاکە دەدەن، چونکە بڕیارەکەی دادگا هەڵەی جەوهەریی تێدایە".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەری سزادراوانی بادینان وتی" هەوڵی راستکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای تەمیز دەدەن، بەڵام سەرۆکی هەرێمیش دەتوانێت بە لێبوردنی گشتی ئەو گیراوانە ئازاد بکات".

سەرۆکی تیمی پارێزەران وتیشی " لە دانیشتنی داهاتوودا داوا دەکەین سەرلەبەری دۆسیەکە بگەڕێتەوە و هەموو تۆمەتبارەکان بە ئامادەبوونی پارێزەران ئیفادەیان لێوەربگیرێت".

جەختیش دەکاتەوە، لە کۆی پێنج ئەندامی دادگای پێداچوونەوە دوو ئەندام رازی نەبوون بە بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر گیراوانی بادینان و دەڵێت" باشە دوو دادوەر رازی نەبن ئەی لای خەڵکی ئاسایی چۆن بڕوا بەو حوکمە دەکەن".

ئەمڕۆ ئەو حوکمەی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێم راگەیاندرا کە ٢٨ ی نیسان بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری لەسەر دراوەو حوکمی شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج رۆژنانەنووس و چالاکوانی مەدەنیدا پەسەندکراوە".



PM:04:23:06/05/2021