مەکتەبی سیاسی پارتی‌ بۆ یەکێتی:
ئەگەر بابەتەكان بەسیاسی بكرێن، ئێمەش زۆر بابەت هەیە باسیان بكەین


لەسەر دراوە میدیایەکانی دوای پەسەندکردنی حوکم بەسەر گیراوەکانی بادینان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەوە، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشە لە یەکێتی دەکات و دەڵێت " ئەگەر هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیە بن بابەتەكان بەسیاسی بكرێن و زیاتر وەكو بانگەشەی هەڵبژاردن و چەواشەكاری بخرێنە بەرچاوی هاوڵاتیان، ئێمەش لە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بابەت هەیە باسیان بكەین".

راگەیەنراوی مەكتەبی سیاسی پارتی:
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە بارەی كەیسی چەند كەسێك، بەداخەوە چەند لایەنێك كاردانەوەی دوور لە رەچاوكردنی سەروەری یاسا و رێساكانی دەسەڵاتی دادوەریان نیشان دا، بەپێویستی دەزانین رێز لە دام و دەزگاكانی دادوەری و سەروەری یاسا بگیرێت، دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان و بەسیاسی كردنی بابەتەكان سوود بە بارودۆخەکە ناگەیەنێ‌ و، مەرج نیە ئەگەر رەئی و لایەنگیری لایەنێك نەبوبێتە بڕیار مانای راست نەبوونی بڕیارەكان بێت.

ئەوەی رویداوە رونە، دوای لێكۆڵینەوەی یاسایی لەلایەن لایەنە یاسایی و پەیوەندارەكان بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی بەردەستیان هەوڵی چەند كەسێكە بۆ تێكدانی سەقامگیری و، ئاسایشی هەرێمی کوردستان كراوەتە ئامانج. بۆیە باشترە لێگەڕێین دامەزراوە یاساییەكان كاری خۆیان بكەن و رێز لە رۆڵیان بگرین.

ئەگەر هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیە بن بابەتەكان بەسیاسی بكرێن و زیاتر وەكو بانگەشەی هەڵبژاردن و چەواشەكاری بخرێنە بەرچاوی هاوڵاتیان، ئێمەش لە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بابەت هەیە باسیان بكەین.

هیوادارین ئاڕاستە و لۆژیكی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پێشەوەی هەموو هەوڵێكی دیكەوە بن.

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

8ـی 5ـی 2021



PM:02:01:08/05/2021