نەتەوە یەكگرتوەكان: بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایە

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت" لە ساڵی ڕابردوو بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندا بووە". 

لەڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە ئەوەخراوەتەڕوو، لەماوەی ساڵی رابردودا بەرتەسكردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندا بوە، ڕەخنەگرانی دەسەڵاتە گشتییەكان نەك تەنها دوچاری مەترسیی تۆقاندن و بەربەست خستنە بەردەم جوڵە و گرتنی هەڕەمەكی بونەتەوە، بگرە هەندێكیان بە تۆمەتی ناوزڕاندنیش تۆمەتباركراون، هەندێكیشیان لەم دواییانەدا بەپێی یاساكانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەییەوە سزادراون".

ئەوەشی خستەڕوو، شێوازەكانی سەركوتكرن كە لەم ڕاپۆرتەدا دۆكۆمێنت كراون زۆر جێگای نیگەرانین، چونكە نەك تەنها تیشك دەخەنەسەر هەڕەشەو تۆقاندن لە ڕەخنەگران بگرە ئەم جۆرە ڕێكارانە كاریگەریەكی ترسناكیشی دەبێت بەسەر ئەوكەسانەی هەوڵی شەفافیەت و لێپیچینەوە دەدەن لە دەسەڵاتە حكومییەكان و لەگەڵ پێزانین بەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دوچاری گەڵێك دۆخی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بێهاوتا بوەتەوە، بەڵام دەرەنجامەكانی ئەم ڕاپۆرتەش جێگای نیگەرانین، بەتایبەتیش هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنیەكان و دەستبژێركردن لە جێبەجێكردنی یاساكانداو پابەندنەبون بە رێكارە یاساییە پەیوەستەكان و پێوەرە نێودەوڵەتیەكانی مافەكانی مرۆڤ.

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، لەم چەند ساڵەی دواییدا پێشوەچونێكی بەرچاو بەدیكراوە بەرەو هەرێمێكی كوردستانی دیموكراسی كە ئازادی ڕادەربڕین و سەروەی یاسا تێیدا بەرز نرخێندراوە، بەڵام كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی پێویستی بەوە هەیە كە دەزگا میدییایەكان و چالاكوانان و ڕەخنەگران توانای ئەوەیان هەبێت كە بەبێ ترس و دڵەڕاوكی و سانسۆر ڕوماڵی بابەتە گشتیەكان بكەن، هەروەها هاوڵاتیانیش مافی دەستكەوتنی زانیاریەكانیان هەبێت.

بۆ بینینی راپۆرتەکە کلیک لێرە بکە


PM:12:37:12/05/2021