پشتگیری دەوڵەتی كوردی دەكەن
نه‌یارانی مالیكی ده‌وڵه‌تی شیعه‌ راده‌گه‌یه‌نن

نه‌یاره‌ شیعەكانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ده‌وڵه‌تی شیعه‌ له‌ باشووری عێراق راده‌گه‌یه‌نن و دەڵێن هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك له‌ مانه‌وه‌ی شیعه‌ له‌ژێر ده‌ستی سه‌ركرده‌ی سیاسیی حزبه‌ شیعه‌كان نیه‌ .

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ 24-6 بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانی باشوور له‌ به‌غدا، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای كرد ده‌وڵه‌تی شیعه‌ له‌ باشووری عێراق رابگه‌یه‌نرێ، داوای دیاری كردنی  سنووری ئیداری ده‌وڵه‌ته‌كه‌شی كرد له‌ باكووره‌وه‌ له‌ پارێزگای سامه‌را تا باشوور.
له‌و به‌یاننامه‌دا هاتووه‌ ده‌وڵه‌تی شیعه‌، دراوسێیه‌ له‌گه‌ڵ كوێت و سعودییه‌ و ئێران.

بزووتنه‌وه‌كه‌ راشیگه‌یاند:با كه‌سوكارمان له‌ باشوور نه‌كه‌ونه‌ دوای ویستی چه‌ند لایه‌نێكی ده‌سه‌ڵاتداری شیعه‌ بۆ به‌ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێك به‌ناوی عیراقی یه‌كگرتوو.

ئاشكراشیان كرد هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك له‌ مانه‌وه‌ی شیعه‌ له‌ژێر ده‌ستی سه‌ركرده‌ی سیاسیی حزبه‌ شیعه‌كان نیه‌ و با ئیتر نه‌بنه‌ قوربانی جه‌نگێكی تایفی كه‌ نه‌ده‌كوژێته‌وه‌و نه‌ كۆتایشی دێ.

بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانی باشوور لەبەیاننامەكەدا دەڵێت دان به‌ عیراقدا نانێت وه‌كوو نیشتمانێكی یه‌كگرتوو. هەروەها رێز له‌ داواكانی گه‌لی كورد بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌گرن كه‌ كه‌ركوك به‌شێك بێت له‌و ده‌وڵه‌ته‌، داواش ده‌كه‌ن سونه‌ ده‌وڵه‌تی هه‌بێ له‌ ناوه‌ڕاستی عیراق و به‌پێی سنوری ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كان كه‌ له‌ باكوری پارێزگای سامه‌راوه‌ ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته‌ نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دین.



PM:11:55:24/06/2014