فەرمانبەرانی گرێبەست ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەیان بڵاوکردەوە

فەرمانبەرانی گرێبەست راگەیەنراوێکیان لەبارەی پرسی دامەزراندنیان بڵاوکردەوە و داوادەکەن لەکۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران پرسەکەیان تاوتوێبکرێت، بە پێچەوانەشەوە لە ئەگەری پشتگوێ خستنیان سەرجەم لایەنە بەشدارەكان لە حكومەت بە بەرپرسیار دەزانن لەم پرسە.

لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە" ئەوەی گوێبیستی بووین لە بەرپرسانی حكومی بەتایبەت لە چاوپێكەوتنی ئەمشەوی بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی لە كەناڵێكی ڕاگەیاندنەوە ئەوەیە كە فەرمانبەرانی گرێبەست قۆناغ بە قۆناغ دەخرێنە جێگەی میلاكاتی بەتاڵ واتە دەخرێنە شوێنی ئەو كەسانەی لە ساڵی 2014 وە خانەنشین بوون یان كۆچی دواییان كردووە یان بە هەر هۆیەك لە كەرتی حكومی نەماون، ئەمەش ستەمێكی زۆر گەورەیە لە فەرمانبەرانی گرێبەست دەكرێت بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی كەم لە گرێبەستەكان لەو ڕێگەیەوە دەكرێنە هەمیشەیی و ڕێگەش خۆش دەبێت بۆ بەش بەشێنەی حزبی خاوەنی مافی ڕاستەقینە لە مافەكەی بێبەش دەبێت".

لەبەشیکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لەبەرپرسان دەکەن، گرێ کوێرەی پرسی بە هەمیشەیی بونی ئێمەش لە کۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران بکەنەوە و چیدیکە ئەم چینە ستەم لێکراوە لە چاوەڕوانیدا نەهێڵنەوە، بە پێچەوانەشەوە لە ئەگەری پشتگوێ خستنمان سەرجەم لایەنە بەشدارەکان لە حکومەت بە بەرپرسیار دەزانین لەم پرسە.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ڕاگەیەندراوێكی بەپەلە لە فەرمانبەرانی گرێبەستەوە

ئێمە وەك فەرمانبەرانی گرێبەست لە زۆربەی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم بە شاهیدی ئەو دەزگایانەی كاری لێدەكەین ئەركێكی قورس بە موچەیەكی زۆر كەم بەجێ دەهێنین و لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا فشاری زۆری دارایی و دەرونیمان لەسەر دروستبووە بەهۆی ئەو جیاكاریە زۆرەی لە مووچە و ئیمتیازات لەنێوان ئێمە و فەرمانبەرانی هەمیشەیی دەكرێت.

بەڕێزان زۆرینەی فەرمانبەرانی گرێبەست نەك تەنیا ماوەی یاسایی خۆمان تەواوكردووە بەڵكو ساڵانی خزمەتمان لە نێوان (4 – 15) ساڵدایە و تا ئێستا نەكراوینەتە هەمیشەیی.

سەرەڕای چاوەڕوانییەكی زۆر لەگەڵ جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق ئومێدمان وابوو حكومەتی هەرێم هەنگاوی جدی بنێت بۆ بەهەمیشەیی بوونمان و هەروەك چاوەڕێ بووین لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2021ی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی بودجەی گشتی عێراق و بەر لە ڕەوانەكردنی بۆ پەرلەمان بە هەمیشەیی بوونی فەرمانبەرانی گرێبەست لە بڕگەیەكدا بچەسپێت ئەو داوایەشمان لەو ڕوانگەیەوەیە كە لەكاتی بە هەمیشەییبوونمان مووچەی زۆرینەمان كەم دەكات و بە هەمیشەیی بوونی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست بڕی دوو ملیار دینار خەرجی مووچە بۆ حكومەت دەگێڕێتەوە ئەوەش بە نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە سەلمێنراوە.

بەڵام ئەوەی گوێبیستی بووین لە بەرپرسانی حكومی بەتایبەت لە چاوپێكەوتنی ئەمشەوی بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی لە كەناڵێكی ڕاگەیاندنەوە ئەوەیە كە فەرمانبەرانی گرێبەست قۆناغ بە قۆناغ دەخرێنە جێگەی میلاكاتی بەتاڵ واتە دەخرێنە شوێنی ئەو كەسانەی لە ساڵی 2014 وە خانەنشین بوون یان كۆچی دواییان كردووە یان بە هەر هۆیەك لە كەرتی حكومی نەماون، ئەمەش ستەمێكی زۆر گەورەیە لە فەرمانبەرانی گرێبەست دەكرێت بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی كەم لە گرێبەستەكان لەو ڕێگەیەوە دەكرێنە هەمیشەیی و ڕێگەش خۆش دەبێت بۆ بەش بەشێنەی حزبی خاوەنی مافی ڕاستەقینە لە مافەكەی بێبەش دەبێت.

ئێمە لێرەوە جارێكی تر ڕووی قسەمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین كە وەك چۆن مامۆستایانی گرێبەست لەساڵی ڕابردوو كرانە هەمیشەیی سەرەڕایی بارگرانی دارایی بۆ حكومەت لەو دۆخە سەختەدا، گرێ كوێرەی پرسی بە هەمیشەیی بوونی ئێمەش لە كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران بكەنەوە و چیدیكە ئەم چینە ستەم لێكراوە لە چاوەڕوانیدا نەهێڵنەوە، بە پێچەوانەشەوە لە ئەگەری پشتگوێ خستنمان سەرجەم لایەنە بەشدارەكان لە حكومەت بە بەرپرسیار دەزانین لەم پرسە.

لەگەڵ ڕێزدا
نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان


AM:08:37:17/05/2021