لە قەسری شیرین ژن و پیاوێک بەیەکەوە "کوژران"

ژن و پیاوێکی لاو لە کرماشان لەلایەن برای ژنەکەوە و بە بیانووی ئەوەی پێ دەوترێت "پرسی نامووس" کوژران.

بە گوێرەی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ لە شاری قەسری شیرین ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی (نەسرین پاڵەوانی) و پیاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵ بە ناوی (حامید مورادی) لە لایەن برای نەسرینەوە کوژران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند" کە مێردی نەسرین پاڵەوانی پەیوەندی بە براکەی نەسرینەوە کردووە و ناونیشانی ماڵێکی پێداوە و وتوویە کە خوشکەکەت لە گەڵ پیاوێک لەو ماڵەدایە، براکەی ناوبراویش دەچێتە شوێنەکە و بە گازی ماڵەکە هەردووکیان دەخنکێنێت". 

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتیشی" کە نەسرین لە گەڵ مێردەکەیدا کێشەی هەبووە و لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند جار چۆتەوە ماڵی باوکی و دیسان لە سەر گوشاری بنەماڵەی هەردوولا گەرابۆوە ماڵی مێردەکەی". 

جێی باسە کە پزیشکی دادی قەسری شیرین پشتڕاستی کردۆتەوە کە ئەو دوو کەسە بەهۆی گازی ماڵەوە خنکێندراون، بەڵام دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ئەو دوو کەسە خۆیان کوشتبێ. 


AM:12:05:18/05/2021