دارایی هەرێم لەبارەی پرسی هەمیشەیی کردنی ژمارەیەک فەرمانبەرانی گرێبەست پێشنیازێک دەخاتەڕوو

بەڕێوەبەری گشتی بوودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی پرسی هەمیشەیی کردنی ژمارەیەک فەرمانبەرانی گرێبەست پێشنیازێک دەخاتەڕوو و دەڵێت" لەرەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی كوردستان، پێشنیاز كراوە، بەپێی پێوستی وەزارەتەكان، ژمارەیەك فەرمانبەری گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی".

پەروین نووری، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی نزیک پارتی رایگەیاند" لەپڕۆژە یاسای بودجەدا، ئەوەی پەیوەندی بە گرێبەستەكانەوە هەیە، میلاكاتە، لەساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٧ەوە، كە ئەو ژمارەیە چەسپێنراوە، هیچ میلاكاتی دیكەمان بۆ زیاد نەكراوە، ئەمەش هۆكاربووە بۆ ئەوەی نەتوانین خەڵك دابمەزرێنین و گرێبەستەكان بكەینە هەمیشەیی، لەگەڵ ئەمەشدا ساڵی رابردوو، پێنج هەزار مامۆستای گرێبەست كران بە هەمیشەیی، هەروەها ژمارەیەك لەیەكەمەكانی زانكۆكان و پزیشكەكان دامەزرێنران".

پەروین نووری ئاشکراشیکرد، وەك وەزارەتی دارایی لە پڕۆژە یاسای بودجە بۆ ئەمساڵ، ئەو میلاكە بەتاڵانەی كە هەن بەهۆی خانەشینكردن و مردن، یان رۆیشتنیان لەكارەكان، پێشنیازمان كردووە ئەو میلاكانە لە رێگەی بەهەمیشەیی كردنی گرێبەستەكانەوە پڕ بكرێنەوە، واتە لەوەدا (ئەولەویەت) بە گرێبەستەكان بدرێت و هەروەها خزمەتی فەرمانبەری گرێبەست لەبەرچاو بگیرێت، بۆ ئەوەی ببنە فەرمانبەری هەمیشەیی. 


PM:04:10:20/05/2021