هاتوچۆی هەولێر لەسەر هێرشی شۆفێرێکی ژن بۆسەر کارمەندێکیان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

هاتووچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" ئەو ژنەی لەسەر شەقامێكی هەولێر بە شەق و زلە هێرشی كردووەتە سەر پۆلیسێكی هاتووچۆ كارەكەی زۆر نامرۆڤانە و دوور لە رەوشت بووە و سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماركراوە و سزاكەشی زۆر قورسە". 

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر لە رونكردنەوەیەكدا بڵاویکردەوە، رۆژی 2021/5/20 لەکاتی دوای نیوەڕۆ کارمەندێکی هاتوچۆ لەسەر شەقامی 40 مەتری لەنزیک کەباب فاروق لەئەرک خەریکی ڕێکخستنی هاتوچۆبوە، لەیەکتر بڕێک کە ئەرکەکەی وا پێویست دەکات لایەکی شەقام ڕابگرێت، تاکو لایەکەی تر دەڕوات، لەو کاتە شوفێرێکی ئافرەت وادیارە خەریکی بەکارهێنانی مۆبایل بوە بۆیە ئاگای لەئاماژەی دەستی کارمەندەکە نابێت، ئەوەش دەبێتە هۆی وەستانی جوڵە لەو لایەی شەقام کە ئەو ئافرەتەی لێبوە، بۆیە کارمەندەکە پێی دەڵێت، مۆبایلەکەت دابنێ و ئاگات لەشەقام بێت و لەسەر ئەو سەرپێچیەی ژمارەی تابلۆکەی دەنوسێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە" كەچی شوفێرە ئافرەتەکە بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانەو دور لەڕەوشتی شوفێری لەئوتومبێلەکەی دێتە خوارەوە، هەڕەشە لەکارمەندەکە دەکات کە ژمارەکەی بسڕێتەوە، ئەگەرنا دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەهێنێتە شوێنەکە، بەڵام کارمەندەکە گوێ بە هەڕەشەکان نادات، ئەو جارەیان ئافرەتەکە بە دەست و بەشەق هێرشدەکاتە سەر کارمەندەکەو لێی دەدات، لەبەرئەوەی ئافرەتە، کارمەندەکەی هاتوچۆ زۆر بەڕێزەوە دوری دەخاتەوەو بەرگری لەخۆی ناکات". 

ئەوەشی خستۆتەڕوو، کەچی ئەو ئافرەتە هەر بەردەوام دەبێت لەشەق هاویشتن تاکو خەڵک کۆدەبنەوەو دوری دەخەنەوە، ئافرەتەکە ئامادە نابێت بەڵگەنامەکانی ئوتومبێلەکەشی بدات بە کارمەندەکەی هاتوچۆ کە لێی داوادەکات.

هاتوچۆی هەولێر باسی لەوەشکردووە، لەپاش ئەو ڕوداوە وەکو مافێکی یاسایی کارمەندەکەی هاتوچۆ چوە بنکەی پۆلیس و سکاڵای یاسایی لەسەر شوفێرەکە تۆمارکرد، کە بابەتی دەستدرێژیکردنە سەر کامەندی هاتوچۆش لەیاسای هاتوچۆی ژمارە 86 سزایەکی قورسی داناوە بۆ ئەو حاڵەتە کە بەندکردنە.

جەختیشی كردۆتەوە كە، ئێمە لێرەوە وەکو هاتوچۆی هەولێر پشتگیری ئەفسەرو کارمەندانی خۆمان دەکەین بەهەمو شێوەیەک کاتێک ڕوبەڕوی توندوتیژی و قسەی ناشرین دەبنەوە بەهۆی بە جێگەیاندنی ئەرکی خۆیان لەهەر کەسێک بێت و لەهەر پلەو پایەیەک بێت.


PM:04:11:21/05/2021