زانیاری نوێ لەبارەی بەهەمیشەی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ئاشکرا کرا

سەرۆكی فەرمانگەی كاروباری كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایدەگەیەنێت" ئاگاداری ئەوەین فەرمانبەرانی گرێبەست زۆر بە دڵسۆزی كارەكانیان ڕادەپەڕێنن". 

دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا بڵاویانکردەوە، كە ئەمڕۆ لەگەڵ ساناو فەریدون جوانڕۆیی، سەرۆكی فەرمانگەی كاروباری كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیران كۆبوونەوە و داواكاری فەرمانبەرانی گرێبەستمان بە یاداشتێك ئاڕاستەیان كرد و بەڵێنی داوە یاداشتەكە بگەیەنێتە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.

دەستەكە ئاشکراشیکردووە، سەرۆكی فەرمانگەی كاروباری كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیران وتویەتی، كە لە بارودۆخ و گوزەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست تێدەگەین و دەزانین چەند ساڵە چاوەڕێن ببنە هەمیشەیی.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

لە چوارچێوەی هەوڵەكانماندا بۆ بوون بە فەرمانبەری هەمیشەیی ئەمڕۆ 23ی ئایاری 2021 لە شاری هەولێر وەكو ئەندامانی دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێز (ساناو فەریدون جوانڕۆیی)، سەرۆكی فەرمانگەی كاروباری كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیران كۆبووینەوە و داواكاری فەرمانبەرانی گرێبەستمان بە یاداشتێك ئاڕاستەی بەڕێزیان كرد.

ناوبراو بەڵێنی دا یاداشتەكە بگەیەنێتە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و پاڵپشتی خۆشی بۆ داواكاری فەرمانبەرانی گرێبەست دەربڕی. سەرۆكی فەرمانگەی كاروباری كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی: لە بارودۆخ و گوزەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست تێدەگەین و دەزانین چەند ساڵە چاوەڕێن ببنە هەمیشەیی. گوتیشی: ئاگاداری ئەوەین فەرمانبەرانی گرێبەست زۆر بە دڵسۆزی كارەكانیان رادەپەڕێنن.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەكو ئەندامانی دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەست بە وردی تیشكمان خستەسەر دۆخی فەرمانبەرانی گرێبەست و باسمان لەوە كرد، لە ئێستادا فەرمانبەرانی گرێبەست بە دۆخێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕن و چاوەڕوانی ئەوەن لە پڕۆژە یاسای بوودجەی كوردستاندا بۆ ساڵی 2021 شوێنیان بكرێتەوە و ببنە هەمیشەیی. ئاماژەمان بەوەشدا ئەگەر فەرمانبەرانی گرێبەست ببنە هەمیشەیی بارگرانی دارایی لەسەر حكوومەتی هەرێم دروست ناكەن و بە پێچەوانەوە كەمی دەكەنەوە. ئەوەشمان گووت: فەرمانبەرانی گرێبەست لە سیستمی نوێی مووچەدا زەرەرمەندی سەرەكین و هاوشێوەی فەرمانبەرێك حسابیان بۆ كراوە كە مووچەیەكی زیاتر لە ملیۆنێك دینارە.

كۆبوونەوەی بەڕێز ساناو فەریدون جوانڕۆیی لەگەڵ ئەندامانی دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەست بە ئاگاداری بەڕێز د.ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بوو.

عەلی بانیشاری
رێزان یوسف
لەوەند سدیق


PM:09:36:23/05/2021