فازل میرانی شاوری دەستپێکردنی شەڕی پارتی و پەکەکە لێدەدات

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گومان لە سیاسەتی پەکەکە لە هەرێمدا دەکات و دەڵێت" هەموو ئاماژەی ئەوەیە کە ئەو شەڕە دەبێت، ئینجا خراپە، دوور یان نزیکە، هەموومان کۆکین لەسەر خراپییەکەی، نەبێت باشترە، بەڵام بە دەستی مرۆڤ نییە".

لە چاوپێکەوتنێکی درێژ لەگەڵ کەناڵی رووداودا فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لەسەر دۆخی هەرێم و پرسی دەستور و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی تر و تیشکێکی فراوانیش دەخاتە سەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم و رۆڵی " نێگەتفی " پەکەکە.

لەو دیدارەدا کە فازل میرانی وەک کەسایەتییەکی سیاسی زۆر نەرم و نیان دەردەکەوێت لە پرسیارێکی رۆژنامەنووسەکەدا لە ئەگەری روودانی شەڕی نێوان پارتی و پەکەکە، دەڵێت" شەڕ بە دەستی مرۆڤ نییە، مەسەلەیەکی کوردی هەیە دەڵێ شەڕ و شتێکی دیکە هەیە بەدەست مرۆڤ نییە، کە بوو.. بوو، بەڵام ئەمە هەمووی ئاماژەی ئەوەیە کە ئەو شەڕە دەبێت، ئینجا خراپە دوور یان نزیکە هەموومان کۆکین لەسەر خراپییەکەی، نەبێت باشترە، بەڵام بە دەستی مرۆڤ نییە".

دەربارەی هەبوونی گومان لەلایەن فازل میرانییەوە لەسەر مەرامی شەڕی پەکەکەو تورکیا، دەڵێت " بەڵێ گومانم هەیە، لە ساڵی ١٩٨٥ـەوە ئەو گومانەم هەیە، دەبێت میکانیزمێکی کوردی هەبێت ئەو دەوڵەتە هەرێمیانە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی کیانێکی کوردی دروست نەبێت".
 
لە درێژی قسەکانیدا میرانی دەشڵێت " ئەم شەڕەی ئێستا لە کوردستانی تورکیا نەکراوە، پەکەکە دەڵێ بەرگری دەکەم. لە ساڵی دوو هەزار و چەند بوو، ئێمە لەگەڵ پەکەکە دانیشتبووین، برادەرێکی ئەوان گوتی ئێمە زاخۆیان لێدەکەینە ڤێتنام ئەوکاتەی سوپای تورکیا بەنیازبوو بێتە کوردستانی عێراق، منیش دەستیم گرت و گوتم بەقوربانی چاوت بم ئەو سوپایەی تورکیا لەکێوە دێن، دەبێت لە دیاربەکرەوە بێن، گوتم دۆڵەکانی دیاربەکر تاوەکو ماردین دونیایەک شەڕی تێدا دەکرێت، لە ماردینەوە تاوەکو دەگاتە لای سلۆپی و جزیرە دونیایەک شەڕی تێدا دەکرێت، زەحمەت نەبێت سەرەتا دیاربەکر بکە ڤێتنام ئەگەر سەرکەوتوو نەبوون، دۆڵەکانی سلۆپی و پشتی جەزیرە و شرناخ بکە ڤێتنام ئینجا وەرە زاخۆ بۆ زاخۆ دەکەیە ڤێتنام، واتە من لەوێوە شەڕی تورکیا ناکەم تا دەگاتە زاخۆ کە هاتە زاخۆ ئینجا شەڕ دەکەم.. بۆیە من لەوساوە گومانم هەیە، بەڵام من ناڵێم هەموو پەکەکە لەسەر ئەوە کۆکن، من دەڵێم میکانزمێک و ئامانجێکی هاوبەش هەیە".
دەربارەی هەبوونی ئەو هێرشکاریەی تورکیا لەسەر هەرێم، میرانی دەڵێت " تورکیاش پێی خۆشە بە میللەتی خۆی بڵێت پەکەکە لەنێو تورکیا نەماوە، من وا دوای پەکەکە کەوتووم تاوەکو باکووری عێراق دەیانبەم وەک ئەوان دەڵێن باکووری عێراق، ئەمە واتای چی دەگەیێنێت!؟ ئەمە ئەوە دەگەیێنێت هەردوولای پێیانخۆشە شەڕەکە لە وڵاتی ئێمە بکەن، لە وڵاتی خۆیان شەڕ ناکەن"..
 
سەبارەت بە هەبوونی رێککەوتنی نهێنی لەنێوان تورکیا و پەکەکە کە کۆک بن دۆخی باشوور تێکبدەن، میرانی دەڵێت" من ناڵێم رێککەوتن، من لە سیاسەتدا ئەو قسانە ناکەم چونکە ئەمە دەبێت تۆمەت، چونکە دەبێت بەڵگەت هەبێت. بەڵام من سەیری پرۆسەکە دەکەم هەردووکیان شەڕی خۆیان هێناوە بۆ ئێرە، ئێ بۆ لە وڵاتی خۆیان شەڕ ناکەن. لەلایەکی دیکە دەبێت هەموو کورد ئەوە بزانێت کە پەکەکە دەڵێت من پرسێکی نەتەوەییم نییە، باشە ئەگەر کێشەیەکی نەتەوەییت نەبێت، ئەی بۆ خەڵک دەکوژیت و خەڵک بە کوشتن دەدەی؟ ئێمە حاڵی حازر کێشەی نەتەوەییمان هەیە، بەڵام ئەو دەڵێت دەوڵەتی نەتەوەیی باوی نەماوە، راستە، بەس جارێ تۆ ببە دەوڵەت پاشان دەوڵەتەکە مەکە بە دەوڵەتێکی نەتەوەیی بیکە بە دەوڵەتێکی دیموکراتی. دەڵێن ئێمە فیدراڵیەتی ئیداری دەکەین لەگەڵ ئێران، سووریا و عێراق.. باشە خۆت چیت هەیە تاوەکو فیدراڵیەت لەگەڵ خەڵکی دیکە بکەی؟ ئێمە فیدراڵیەتمان هەیە یەڵڵا یەڵڵا عێراق قبووڵمان ناکات"..
 
سکرتێری مەەکتەبی سیاسی دەشڵێت " مەسەلەیەکی دیکە هەیە، ئێران پاڵپشتی دەکات، عێراق پاڵپشتی دەکات، سووریا پاڵپشتی دەکرد، باشە ئەگەر تۆ بۆ کورد هەوڵ دەدەی ئەو وڵاتانە کوردستانیان دابەشکردووە، هەموویان دژی ئەوەن تۆ کیانێکی نەتەوەییت هەبێت، خێرە هەموویان پاڵپشتی ئێوە دەکەن؟ کاتی ئەوە هاتووە ئێمە بە خەڵکی خۆمان بڵێین مەسەلەکە ئەوەیە.. ئێمە دژی پەکەکە نین، ئێمە دژی میللەتی خۆمان نین لە کوردستانی تورکیا و ئێران و سووریا، بەڵکو ئێمە دژی سلوکیەتی  ئەوەی کە لەنێوانی ئەو وڵاتانە و نێوان ئەو حیزب یان ئەو حیزبی کوردیدا هەیە.
 
دەربارەی ئاگادارکردنەوەی سەرکردایەتی پەکەکە لەلایەن پارتیەوە، دەڵێت " بەرپرسەکانی ئێمە لە لێدوانەکانیان ئەو پەیامەیان پێگەیاندوون، پێشتریش پێیان راگەیێندراوە کە ئێمە دژی خەباتی ئێوە نین، بەڵام پێمان باشە لە وڵاتی خۆتان خەبات بکەن. پەکەکە وادەکات تورکیا بێتە خواکورک و دەوروپشتی شیلادزێ و زاخۆ و ئەو ناوچانە، بەڵام واناکات خەڵکی و جووتیارەکانی ئەو ناوچانە بچنە گوندەکانی خۆیان کە ئەوان زاڵن بەسەریدا، ئایا شتی وا لە دونیادا هەبووە؟ بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە جەنابی سەرۆک گوتوویەتی شەڕی کورد و کورد نەکرێت، ئەگەرنا شەڕ بێتە بەر دەرگای ماڵت ناچاری بەرگری لە خۆت بکەی، ئەگەرنا پەکەکە ئەوە دەزانێت ئەوەکاری ئەو دەیکات نە یاسایییەو نا مافی خۆشیانە".



PM:02:17:24/05/2021